هاودەنگ فارووق
ئەمڕۆ كە یادی ٨٠ ساڵەی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان و جەژنی لەدایكبوونی مەرجەعی باڵای گەلی كوردستان دەكەینەوە، نەوەیەکی نوێ هاتووەتە مەیدان؛ نەوەیەک، کە جیهان بە شێوەیەکی جیاواز دەبینێت؛ دنیای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، زیرەکیی دەستکرد، میدیای دیجیتاڵ، ئابووریی ئازادو زانیاری و گۆڕانکارییە خێرا سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان.
ئەم نەوەیە تەنها گوێ لە چیرۆکی شۆڕش و خەباتی ڕابردوو ناگرێت؛ بەڵکوو پرسیار دەکات کە ئایندەی کوردستان چۆن دەبێت و چۆن دەتوانین ئەو داهاتووە دروست بکەین؟ لەبەر ئەوە، ئەگەر ٨٠ ساڵی ڕابردوو بە بەرخودان و قوربانی ” یا كوردستان یا نەمان” ناسراوە، قۆناغی داهاتوو پێویستی بە تێكۆشانێكی نوێ هەیە؛ خەبات بۆ زانست و پەروەردە، بۆ ئابوورییەکی بەهێز، دامەزراوەیەکی کارا، یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و سیاسی، بەشداریی زیاتر و کاریگەرترى گەنجان و ژنان.
هاتنە پێشەوەی ئەم سەردەمە تازەیە، کە بە قۆناغی زیرەکی و خێرایی ناسراوە، ئەركی حیزبێکی گەورە و مێژوویی وەک پارتی نەک هەر کەم ناکاتەوە، بەڵکو چەندین هێندە قورستر و ئاڵۆزتر دەکات. بۆیە پێویستە لە ئاستی تاک، دامەزراوە و پلاندانانی پێشوەختەدا ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین:
چی بکەین پارتی لە سەردەمی نوێدا هەر پێشەنگ بێت و لە لووتکەدا بمێنێتەوە؟
بۆ پارتی نابێت پرسیار تەنها ئەوە بێت کە: “چۆن لە سەردەمی نوێدا بمێنینەوە؟”؛ بەڵکو بڵێین: چۆن لە لووتکەیەکەوە بۆ لووتکەیەکی بڵندتر پێگەیەكی نوێتر بڕۆین؟ چۆن بە میکانیزمی نوێ کۆمەڵگەی کوردستان بەڕێوە ببەین و ئەزموونی دەوڵەتداریی کورد دەوڵەمەندتر بکەین؟ چۆن وا بکەین گەنجان بەتایبەتی و هاووڵاتییان بە گشتی، ئینتیمایان بۆ خاک و نەتەوەی خۆیان زیاتر و بەهێزتر بێت؟
لە ژێر هەر یەکێک لەو پرسیارانەدا، چەندین بابەت و سێکتەری زیندوو و کاریگەر هەن. بە کردنەوە و لێکدانەوەی ئەو دۆسیانە، جیهانێکی نوێ دێتە بەردەستمان؛ جیهانێک کە بە هیچ شێوەیەک نابێت لێی بێخەم بین، چونکە پڕە لە ئاڵنگارییە نوێ و جیاوازەکان.
لە ٨٠ ساڵەی خەباتی پارتیدا، بە سوودوەرگرتن لە ڕێنماییەکانی سەرۆک بارزانی و لە کولتووری دەوڵەمەندی خەباتی ئەم حیزبە، گرەو لەسەر داهاتوو دەکەین؛ گرەو لەسەر بردنەوەی دڵی نەوەی نوێی ئەم نەتەوەیە دەکەین.
بۆ ئەمەش دەبێت بە سیاسەتی باش و دادپەروەری و زانیاری و تەكنەڵۆژیای سەردەم خۆمان پڕچەک بکەین و پلان دابنێین بۆ ئەوەی پارتی بە گەنجی، بە نوێبوونەوە و بە پێشەنگی بمێنێتەوە.
ڕاستیەكەی هەڵگرتنی باری قورسی سەرشانی پارتی و دواندنی نەوەی نوێی بە زمانی سەردەم و خۆگونجاندن لەگەڵ کولتوور و پێداویستییەکانی سەدەی ژیریی دەستكرد، پێویستییەکی سەرەکی و ئەولەویەتێکی پلەی یەکەمی بەردەم پارتییە.
٨٠ ساڵی ڕابردوو شانازییە؛ بەڵام ٨٠ ساڵی داهاتوو پێویستی بە ئامادەکارییە. نەوەی نوێ تەنها میراتگری مێژوو نییە؛ بەڵکوو دروستکەری داهاتووشە.

