سلێمان تاشان – ههولێر
ئەمڕۆ یەکشەممە ١٦ی ئاب ڕێک هەشتا ساڵ بەسەر دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان تێپەڕ دەبێت، پارتێک کە لە ماوەی هەشت دەیە خەباتیدا هەوراز و نشێوی زۆری بڕیوە و بەشدار بووە لە کۆمەڵێک شۆڕش و ڕاپەڕین و ڕۆڵی هەبووە لە بەدیهێنانی بەشێکی گرنگ لە مافە ڕەواکانی گەلی کورد.
ئەو پارتە ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بە یەکێک لە گەورەترین و پڕجەماوەرترین حزبەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دادەنرێت و لە دواین هەڵبژاردنەکانیش پێشەنگیی خۆی پاراستووە و بە ئاڵاهەڵگری بزووتنەونەی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان هەژمار دەکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان تا ئێستا چواردە کۆنگرەی بەڕێوە بردووە، كۆنگرەی یەكەم لە ١٦ی ئابی ١٩٤٦ بە نهێنی لە شاری بەغدا لە ماڵی “سەعید فەهیم” بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیكەی حەفتا نوێنەر کە بە کۆنگرەی دامەزراندنی پارتی هەژمار دەکرێت.
کۆنگرەکە لە سەردەمێک بەسترا کە لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆماری کوردستان بە پێشەوایەتی قازی محەمەد دامەزرابوو و مەلا مستەفا ڕۆڵی گرنگی هەبوو لەو کۆمارە و بەشداری چالاکانەی هەبوو. گەلی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دڵگەرم بوو بە کۆماری کوردستان.
پێویستە ئاماژە بەو ڕاستییە بکرێ کە ئەمڕۆ یادی هەشتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی حزبی دیموکراتی کوردستانیشە کە ساڵیک پێشی پارتی بە سەرۆکایەتی قازی محەمەد لە مەهاباد دامەزرا و ڕۆڵی هەبوو لە پێکهێنانی کۆماری کوردستان.
كۆنگرەی دووەمی پارتی لە مانگی ئاداری ساڵی ١٩٥١ لە شاری بەغدا لە ماڵی عەلی حەمدی بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیكەی سی نوێنەری لق و ناوچەكانی پارتی.
كۆنگرەی سێیەم لە ٢٦ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٣ لە شاری كەركووك بە ئامادەبوونی نزیكەی چل نوێنەر بەسترا.
كۆنگرەی چوارەم لە چوار تا حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٥٩ لە کاتێکدا بەسترا کە لە عێراق شۆڕشی تەمووز ساڵێک بوو کرابوو و پارتی دیموکراتی کوردستان خۆی بۆ قۆناغێکی نوێی خەبات ئامادە دەکرد. مەلا مستەفای بارزانی دوای چەندین ساڵ کۆچ بۆ یەکێتیی سۆڤییەت، گەڕابووەوە عێراق و ڕێبەرایەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کوردی دەکرد کۆنگرەکە لە ماڵی کاکە زیاد بەسترا و مەلا مستەفا بارزانی خۆی سەرپەرشتیی کۆنگرەکەی کرد.
كۆنگرەی پێنجەم لە مانگی ئایاری ساڵی ١٩٦٠ لە بارەگای ئەوكاتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری بەغدا بەسترا. كۆنگرەی شەشەم لە سەرەتای مانگی تەمووزی ساڵی ١٩٦٤ لە قەڵادزێ بەسترا و لە کاتێکدابوو کە شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێ کردبوو. کۆنگرەی حەوتەم لە ١٥ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٦٦ لە گەڵاڵە بەسترا.
کۆنگرەی هەشتەم لە سەرەتای تەمووزی ساڵی ١٩٧٠ لە ناوپردان بە ئامادەبوونی چوارسەد و هەشتا و هەشت نوێنەر بەسترا. کۆنگرەکە لە کاتێکدا بەسترا کە هەمووی کەمتر لە چوار مانگ بەسەر ڕێککەوتننامەی ١١ی ئاداردا تێپەڕیبوو و کورد بەشێک لە مافەکانی خۆی بەدیهێنابوو و بە فەرمی مافی ئۆتۆنۆمی چەسپێنرابوو.
کۆنگرەی نۆیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چواری تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٧٩ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە زێوەی مەرگەوەڕ بەسترا و مەسعود بارزانی بە تێکڕای دەنگ بە سەرۆکی پارتی دەستنیشان کرا کە تا ئەم ساتە سەرۆکایەتیی پارتەکەی دەکات.
کۆنگرەی دەیەمیش لە دوو تا ١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩ هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە مەرگەوەڕ بە بەشداری سێسەد و سی و دوو نوێنەر بەسترا. کۆنگرەی یازدەیەمی ئەو پارتە لە ساڵی ١٩٩٣ دوو ساڵ دوای ڕاپەڕین و بۆ یەکەم جار لە هەولێری پایتەخت بە بەشداری دوو هەزار و سەد و شەست و حەوت نوێنەر بەسترا.
كۆنگرەی دوازدەیەم لە شەش تا ١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩ لە هەولێر بە بەشداری هەزار و چوارسەد و حەفتا و سێ نوێنەر بەسترا.
پارتی رۆڵی زۆر گرنگی هەبوو لە رووخانی رژێمی بەعس و بەدیهێنانی عیراقی فیدراڵی و نووسینەوەی دەستوور و پێنج ساڵ دوای ریفراندۆمی دەستوور كۆنگرەی سێزدەیەم لە هەولێر لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠ بە بەشداری زیاتر لە پێنجسەد نوێنەر بەسترا. كۆنگرەی چواردە کە نوێترین کۆنترەی پارتییە لە سێی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بەسترا و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرەتای دامەزراندییەوە تا ئێستا، ئامانج و هەوڵی خۆی بۆ پرسە نیشتمانییەكان ڕاگەیاندووە، ئەویش پتەوكردنی پێوەندیی برایانە و پشتگیری و هاریكاریكردن لەگەڵ سەرجەم حزب و ڕێكخراوە دیموكرات و ئاشتیخوازەكان و ڕەوەندی كوردی، تا بەشێوەیەكی ئاشتیانە ئامانجە نەتەوەییە ڕەواكانی نەتەوەی كورد بەدی بهێنرێن و كولتووری دیالۆگ و لێبوردەیی لەناو ماڵی كورددا بڵاو بێتەوە و پەنابردن بۆ توندوتیژیی حەرام بكرێ.
پارتی لە بەشێكی پێڕەوی خۆی بانگەشە بۆ كۆششكردن بۆ بەنێودەوڵەتیكردنی سیاسییانەی دۆزی كورد لە چوارچێوەی ڕێكخراوە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكاندا و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد، سیفەتی چاودێر لەو ڕێكخراوانەدا وەربگرێ بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییە ڕەواكانی بكات.
ئامانجێكی تری ئەو حزبە، گەڕانەوەی هەموو ناوچە دابڕاوەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەپێی ئەو میكانیزمانەی لە مادەی سەد و چلی دەستووری عێراقی فیدراڵدا هەن، بەوەش سنووری هەرێم بچەسپێنرێ.
ئامانجە نیشتمانییەكانی پارتی، كۆششكردن بۆ بنیاتنانی كۆمەڵگەیەكی مەدەنی، یاسا و هاودەرفەتی تێدا فەراهەم بێ و هەمووان تێیدا لە سایەی دەسەڵاتێكی نیشتمانیی دەستپاك و زوڵاڵدا بژین، فرەحزبی و دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات جێبەجێ بكرێ، لەگەڵ پاراستن و پەرەپێدانی هەموو ئەو دەستكەوت و مافە نەتەوەیی و سیاسی و ئابووری و كولتوورییانەی بە خەباتێكی مێژوویی هاتوونەتە دی كە لە بنەڕەتدا بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل و وەڵامدەرەوەی ئیرادەیەكی ئازادانەی دلێر بوون.

