غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان YNDK، لە پەیامێکیدا بۆ سەرۆک مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستان، بەبۆنەی ١٦ ی ئاب ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، وێڕای پیرۆزبایی و هیوای تەمەن درێژی و سەرکەوتن خواستن بۆ جەنابیان، ئاماژە بە خەبات و تێکۆشانی پارتی دیموکراتی کوردستان و رۆڵی کاریگەرانەی سەرۆک بارزانی بۆ رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان دەکات و، لەم پێناوەشدا پێشنیاری پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان) دەکات.
دەقی پەیامەکە:
برای بەڕێزمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی
رێبەری بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان
سڵاوێکی برایانەی گەرم …
بەناوی خۆمان و مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی رۆژی لەدایكبوونی جەنابتان و 80 هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابتان و بەڕێزان لە مەكتەبی سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی و تەواوی كادرو ئەندامان و جەماوەری پارتی دیموکراتی کوردستان دەكەین و هیوای تەمەن درێژی و پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ جەنابتان و پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوازین.
بێگومان ؛ پارتی دیموکراتی کوردستان لە رۆژی دامەزراندنییەوە تا ئەمڕۆ پێشەنگایەتیی بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی کوردستانی کردووەو بەردەوام هەوڵیداوە تەبایی و یەکڕیزی و یەکدەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان بپارێزێت، رێبەری شۆڕشی گەلی کوردستان (مستەفا بارزانی نەمر) لە شۆڕشی ئەیلوولی نیشتمانیدا هەمیشە چەتری هاوبەشی هێزە کوردستانییەکان و کەسانی وڵاتپارێزو تێکۆشەرانی کوردستان بوو، بەردەوام هەوڵیدەدا ناوماڵی کوردستان رێک و یەک بێت.
ئێستایش ؛ لەكاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (پارتی دیموکراتی کوردستان) دەكەینەوە كوردستان و ناوچەكە لە رەوشێكی زۆر ناسك و هەستیاردان و، رۆژهەڵاتی ناڤین لەبەردەم كۆمەڵێ ئەگەرو پێشهات و گۆڕانكاری مەزندایە، بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەم رەوشە پێویستیمان بە رێكخستنەوەو یەکخستنەوەی ناوەندی سیاسی كوردستان و یەكڕیزی و یەكدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی گەلی كوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش جەنابتان کە درێژەپێدەری رێبازی (بارزانی نەمر)ن وەك هەمیشە دەتوانن رۆڵێكی كاریگەر و مەزن ببینن بۆ کۆکردنەوەی هێزو لایەنە سیاسییەکان و رێکخستنەوەی ناوەندی سیاسیی کوردستان، بە باوەڕی ئێمە پێکهێنانی (ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی کوردستان) دەبێتە فاکتەرێکی بەهێز بۆ یەکڕیزی و یەکدەنگی و رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردستان، بۆ ئەمەش جەنابتان دەتوانن رۆڵێکی کارا بگێڕن، لەم پێناوەشدا ئێمە وەكو YNDK وەک هەمیشە ئامادەی هەموو جۆرە هاوكاری و پشتوانییەكین.
لەكۆتاییدا؛ دووبارە هیوای تەمەن درێژی و تەندروستییەکی باش بۆ جەنابتان و پێشڤەچون و سەرکەوتنی زیاتر بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەخوازین و، جەختدەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندی هاوخەباتی و برایانەی نێوانمان لەپێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە رەواكانمان.
دووباره رێزو پیرۆزباییمان قبووڵ بفهرموون.
هەر بژین و تەندروست و سەرکەوتووبن.
برای دڵسۆزتان
غەفوور مەخمووری
سکرتێری گشتیی
یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان

