ماكوان عیزەت -هەولێر
هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر بە یەکێک لە نەخۆشییە باو، کتوپڕ و مەترسیدارەکانی سەردەم لەقەڵەم دەدرێت، کە بە “کوشندە بێدەنگەکە” دەناسرێت. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ئەم نەخۆشییە بە دووەم هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت.
هەموو ساڵێک ٢٨ـی تەمووز (یولیۆ)، جیهان ڕێوڕەسمی “ڕۆژی جیهانیی هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر” دەگێڕێت. دیاریکردنی ئەم ڕێکەوتەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژی لەدایکبوونی زانای ئەمریکی د. باری بلومبێرگ (لەدایکبووی ١٩٢٥)، کە توانیی ڤایرۆسی جگەر لە جۆری (B) و ڤاکسینەکەی بدۆزێتەوە؛ بە هۆی ئەم داهێنانە شۆڕشگێڕانەیەوە، ساڵی ١٩٧٦ خەڵاتی نۆبڵی لە زانستی پزیشکیدا پێ بەخشرا.
ئامارە ترسناکەکان و پەیامی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی
بەپێی کۆتا داتاکانی ڕێکخراوە جیهانیەکەی تەندروستی (WHO):
• ساڵانە نزیکەی ٣٠ملیۆن كەیسی نوێی تووشبوون ڕادەگەیەنرێت.
• ساڵانە ١ملیۆنو٣٠٠هەزار کەس بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە گیان لەدەست دەدەن؛ واتە ڕۆژانە ٣٥٠٠ کەس بەو نەخۆشینەوە دەمرن.
• سەدا ٨٣ـی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی جۆری (B) و سەدا ١٧یان بە هۆی جۆری (C)ـیەوەیە.
ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی جەخت دەکاتەوە کە ڕێگەی کاریگەر بۆ خۆپارێزی و دەرمانکردنی تەواوەتیی ئەم نەخۆشییە هەیە، بەڵام بە هۆی کەمیی هۆشیارییەوە، ڕێژەی تووشبوون بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقادا بە بەردەوامی ڕوو لە زیادبوونە.
هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر چییە و جۆرەکانی کامانەن؟
هەوکردنی جگەر (کە جۆری (B)ـیەکەی بە HBV دەناسرێت) بریتییە لە هەوکردن و تێکچوونی خانەکانی جگەر بەهۆی هێرشی ڤایرۆسییەوە. پێنج جۆری سەرەکیی ئەم ڤایرۆسە هەن کە بریتین لە (A, B, C, D, E) مەترسیدارترین و باوترین جۆرەکانیان (B) و (C)ـن کە دەبنە هۆی هەوکردنی درێژخایەن، شێرپەنجەی جگەر، یان پەککەوتنی یەکجارەکیی جگەر.
نیشانە سەرەکییەکانی نەخۆشییەکە
لە زۆربەی بارەکاندا نەخۆشییەکە لە قۆناغەکانی سەرەتادا بێنیشانەیە، بەڵام بەکاتی دەستپێکردنی دەکرێت ئەم نیشانانە دەربکەون:
• بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و ئارەقکردنەوەی زۆر.
• بێهێزیی گشتی و نەمانی تۆح (لەدەستدانی ئارەزووی خواردن).
• دڵتێکەڵهاتن و ڕشانەوە.
• هەستکردن بە ئازار لە بەشی سەرەوە و لای ڕاستی سکدا.
• ئازاری جومگە، ئێسک و ماسوولکەکان.
• زەردوویی (Jaundice): زەردهەڵگەڕانی سپێنەی چاو، پێست و تۆخداگەڕانی ڕەنگی میز بۆ قاوەیی.
ڕێگەكانی گواستنەوەی ڤایرۆسەکە
ڤایرۆسەکە لە ڕێگەی خوێن و شلە دەردراوەکانی لەشەوە دەگوازرێتەوە، گرنگترین هۆکارەکانیشی بریتین لە:
1. لە دایکەوە بۆ کۆرپەلە: لە کاتی دووگیانی یان پرۆسەی لەدایکبووندا.
2. بەکارھێنانی کەرەستەی پیس: بەکارهێنانی دووبارەی دەرزی، سرنج، یان ئامێرە پزیشکی و جوانکارییە پەیوەندیدارەکان بە خوێنەوە.
3. پەیوەندیی نێوان کەسانی تووشبوو: بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ بە خوێنی کەسی تووشبوو.
4. لاوازیی سیستمی بەرگری: وەک ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی ئایدز (HIV) بوون.
خۆپارێزی؛ کلیلی سەرکەوتن بەسەر نەخۆشییەکەدا
پزیشکان جەخت دەکەنەوە کە وەرگرتنی ڤاکسینی هەوکردنی جگەر کاریگەرترین ڕێگەی بەرگرییە و دەتوانێت تا ڕێژەی ٩٥ـی ڕێگری لە تووشبوون بە جۆری (B) بگرێت. پسپۆڕان ئامۆژگاری دەکەن کە پێویستە تەواوی توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەت ئەو کەسانەی لە ژێر مەترسیی بەرزدان (وەک کارمەندانی تەندروستی)، پشکنینی پێشوەختە بکەن و ژەمی ڤاکسینەکان وەربگرن تا بەر بە بڵاوبوونەوەی ئەم کوشندە بێدەنگە بگیڕێت.

