رۆژنامەی ھەولێر

پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێکی دەستگیر کرد کە 8 قاڵب زیوی دزیبوو

ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی ئاب، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕاپەڕین سکاڵای یاسایی تۆمارکرد کە بڕی 8 قاڵب زیوی لێدزراوە کە دەکاتە 8 کیلۆگرام، بە بڕیاری دادوەر لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ورد دەستی پێکرد. تەنها 1 کاتژمێر دوای تۆمارکردنی سکاڵاکە، مەفرەزەکانی پۆلیس توانییان تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکەن و دەستگیری بکەن.

پۆلیس سلێمانی توانی دەست بەسەر 5 قاڵب لەو زیوە دزراوانەدا بگرێت کە لای تۆمەتبارەکە مابوونەوە. تۆمەتبارەکە ناوی (ن. ح. ح) و لەدایکبووی ساڵی 1999ـیە.

ڕێکاری یاسایی لە ئێستادا تۆمەتبارەکە بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێکۆڵینەوەی یاسایی لەگەڵیدا بەردەوامە.