رۆژنامەی ھەولێر

تەرمی ٣٧ کەس لە سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە نەینەوا دۆزرایەوە

بەڕێوەبەری پەیمانگەی پزیشکی دادوەریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تەرمی ٣٧ کەس لە سێ گۆڕی بەکۆمەڵ لە سنووری پارێزگای نەینەوا دۆزراونەتەوە.
دکتۆر یاسین کەریم گوتی، ١٧ تەرم لە حەویجە و نزیکەی ٢٠ تەرم لە ناوچەکانی هەرماتی ١ و ٢ لە موسڵ دۆزراونەتەوە. بە وتەی شایەتحاڵان، گومان دەکرێت ئەم تەرمانە هی پێشمەرگەکانی بێسەروشوێنبووی شەڕی دژی داعش بن، بەڵام ناسینەوەیان پێویستی بە پشکنینی DNA هەیە.
لە لایەکی دیکەوە، لیوا سەید هەژار، جێگری فەرماندەیی پێشمەرگەی زێرەڤانی، ڕایگەیاند کە چارەنووسی ٢٤ پێشمەرگە کە لە شەڕی دژی داعشدا بێسەروشوێن بوون، هێشتا نادیارە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی تەرمیان بەردەوامە.