رۆژنامەی ھەولێر

دەوڵەتی من!

موزەفەر فەیلی
مرۆڤـ هەر لە سەرەتای ژیان وەكو گەورەترین و دیارترین زیندەوەری سەر رووی زەوی هەردەم خۆڵقینەر بووە. مرۆڤـ بەپێ فیترەت وەكو شتێك كە لە ناخیدا و لەهەمان كاتدا وەكو شكۆیەك هەمیشە بەرەو پێش بردوویەتی كە وەكو رابەر و سەركردەی زیندەوەرانی تر لەناو گۆرەپانی ژیان هەنگاو هەڵناوە و بووە پاشای سەردەمی خۆی.
لە هەمان كاتدا هەر تاكێك بەش بە حاڵی خۆی، بۆ خۆی پاشایەتییەك لەناو ناخیدا هەیە كە چی و چۆن كاروباری خۆی ئەنجام بدات بەرەو ئاوات و خەونەكانی خۆی. بێگومان مێشك و دڵ و هەموو بەشەكانی پێكهێنەری پەیكەری مرۆڤـ هەر یەكەو بەرپرسیارێتی تایبەت لەسەرێتی بۆ رێكخستنی كاروباری ژیانی رۆژانەمان، و بەپێی دوایین لێكۆڵینەوەكان وا بەدیار كەوتووە كە دڵ سەرچاوەی بریاردانە تاكو مێشك، و زیاتر لە چل هەزار خانەی دەمارگیری زیندوو لە دڵ هەیە بۆ مەبەستی تاوتوێ كردن و بریاردان لەسەر رووداوەكان، كە لەلای زانایان بە مێشكی بچووكی دڵ، یان مێشكی دووەمی دڵ (Intrinsic Cardiac Nervous System) بەناوبانگە. بەڵام مێشك زیاتر بەرپرسیارە لە رێكخستنی كاروباری ناو جەستە و بەمانایەكی تر وەكو وەزارەتی ناوخۆیە لەناو جەستەدا.
هەر مرۆڤێك لە هەر ئاستێك كۆمەڵێك خولیا و بیروبۆچون و ئۆمید و ئارەزووی تایبەت بەخۆی هەیە، كە لەوانەیە لەلای هەندێك كەسانی تر بێ ئەرزش و بێ مانا بەدیار كەویت، بەڵام ئەگەر بەهەند وەر بگێرێت لەوانەیە زۆر كاریگەر و بەنرخ بێت نەك تەنها بۆ خۆی بەڵكو بۆ هەموو مرۆڤایەتی! لەراستیدا ئەگەر سەیری ئەنسرۆپۆلۆژیا بكەین لەناو مێژوو، مرۆڤـ هەردەم هەوڵی داوە هەموو شتێك بۆ خۆی دەستەبەر بكات و ببێتە پێشەنگ. هەروەهاش بە تیروانینێكی سۆسیۆلۆژیا ئاستی ئاواتی مرۆڤـ لەناو كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هیچ رادەیەكی نییە و هەموو شتێك تەنها و تەنها بۆ خۆی دەوێت!
لە هەمانكاتدا ئەم چەمكە زۆر گرنگە بۆ چۆنیەتی هەڵسوكەوت كردن بەرامبەر بە هاوژینەكانمان یان منداڵانمان و ئیتر بەرادەر و هاوپیشەكانمان. دەبێت هیچ كەس بە كەم نەزانین و زۆر بە ووردی و دروستی لەگەل بەرامبەرمان هەڵسەكەوت بكەین! و كەس لە كەسی تر زیاتر و گەورەتر نەزانین، و گەورەیی تەنها و تەنها بۆ خودای گەورە بەجێ بێڵین! بەراستی ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە بۆ سەركەوتنی سایكۆلۆژیای مرۆڤـ. كاتی مرۆڤـ زانی كە چۆن هەڵسوكەوت لەگەل بەرامبەری خۆی بكات بێگومان هیچ كات تووشی كێشە و نائارامی لەگەل هیچ كەس نابێت و بەم شێوەیە دڵ و خۆشەویستی هەموو كەسان بەدەست دێنیت و لە ئەنجامدا دەبێتە مرۆڤێكی سەركەوتوو و براوە.
لە هەمان كاتدا دروست رەفتار كردن بەگشتی بەرامبەر بە ئەوانەی خۆمان، جۆرێك وزەی پۆزتیڤـ و باشمان بۆ دەگەرێنێتەوە و لەراستیدا هەست بە سەركەوتن و خۆشی دەكەین بەرامبەر بەم جۆر رەفتارانە كە زۆر گرنگن بۆ رەورەوە و پێشكەوتنی خودی خۆمان. تەنانەت مرۆڤـ كاتێك كارێكی خێر و بە بەزەییانە ئەنجام دەدات هەستێكی بەهێزی پر لە وزەی ئەرینی وەردەگرێت بەرامبەر ئەو كارە باشەی كە كردووە. بێگومان هەر كارێكی دروست و باش كە لەگەل مرۆڤایەتی یان تەنانەت لەگەل ئاژەڵان و هەروەها گیانلەبەرەكانی تر وەكو دار و درەخت ئەنجام بدەین هەر هەمان پاداش و هێزی ئەرینی پر لە خۆشی وەردەگرین كە ئەمە فاكتەری بزوێنەری پێشكەوتنی مرۆڤە بەرەو پێشەوە!
ئەم هەست و سۆزە ئەرینییە بەرای من سەرەتا لە خودای گەورەیە بۆ ئادەمیزاد وەكو پاداشێك بۆ ئەو كارە باشانە و هەروەها لەیەك جیاكردنەوەی كارە باشەكان لە خەرابەكان و لەهەمان كاتدا بۆ هاندان و بەردەوام بوونی ئاراستەی مرۆڤـ بەرەو باشییە بەگشتی. هەروەها لەلایەكی تر و هەروەكو باسمانكرد كە دڵ تەنها وەكو پەمپێك نییە بۆ گەیاندنی خوێن بۆ هەموو بەشەكانی جەستە، بەڵكو شوێنی راستەقینەی بریاردان و هەروەها سزادان و پاداش كردنی ناخی مرۆڤە لەناو خودی خۆی. ئێمەی مرۆڤـ زۆر جار كە كارێكی باش دەكەین بەگشتی هەست بە باشی دەكەین و بەپێچەوانەوە كە كارێكی خەراپ و نادروست دەكەین هەست بە خەراپی دەكەین، و بەرامبەر ئەو دوو خاڵە زۆر جار دەڵێن كە دڵم زۆر خۆشە و هەست بە خۆشی دەكەم یان، دڵم توندە و هەست بە باشی ناكەم! لەراستیدا بەم شێوەیە ئاگادار دەكرێن لەلایەن دامودەزگاكانی ناو دوڵتی خۆمان بەرامبەر بە كاروباری رۆژانەمان!
لەناخی هەر مرۆڤێك دەوڵەت و پاشایەتییەك هەیە كە زۆر لەوە گەورەترە كە بەباشی لێ تێبگەین و هەڵسوكەوتی لەگەل بكەین. ئەم دەوڵەت و پاشایەتییە تا كاتێك كە لەسەر رێی راست و دروست هەنگاو بنێت بێگومان سوودمەند و بەنرخ دەبێت بۆ خۆی و دەوروبەری و بەگشتی هەموو مرۆڤایەتی و بەپێچەوانەوە كە نە تەنها زەرەری بۆ خۆی و دەوروبەری دەبێت بەڵكو بۆ هەموو جیهان دەبێتە مایەی ناخۆشی. بە بەراورد كردنی دوو مرۆڤی جیاواز، بۆ نموونە زانایەكی راستەقینە وەكو (تۆماس ئەدیسۆن) كە هەزاران داهێنانی هەبووە بۆ مرۆڤایەتی و لە هەموو زیاتر و گەورەتر داهێنانی وزەی كارەبا كە گەورەترین و سوودمەندترین داهێنانە لە ناو مێژوودا و لەراستیدا و تا ئێستا و هەتا هەتا مرۆڤـ هەر سوودمەند دەبێت لەم كارە پر بایەخ و جوانە. لە هەمان كاتدا بە بەراورد كردنی لەگەل هەندێك كەسایەتی خەراپ و شەرانگێز كە لە مەودای كۆرنۆلۆژیای مرۆڤایەتی بەداخەوە نممونەیان زۆرە، وەكو (هیتلەر) و (سەدام) و…هتد، و بەگشتی لە ناو مێژوو نەفرەتیان لێ دەكرێت و زەرەر و زیانیان بۆ هەموو مرۆڤایەتی هەبووە.
زۆر گرنگە كە مرۆڤـ خۆی باش بناسێت تاكو هەڵ بدات بۆ سارێژكردنی خاڵە لاوازەكانی و لە هەمان كاتدا بزانێت كە چۆن لەگەل خەڵكانی بەرامبەری خۆی هەڵسوكەوت بكات و هەمیشە بە بیروباوەر و هێزی راست و دروست هەنگاو دابنێت و ببێتە هۆكارێكی ئەرینی و بنیاتنەر بۆ خۆی و دەوروبەری!