ماكوان عيززهت-هەولێر
د. نیهاد خزر خۆرشید، پسپۆڕی نەخۆشییەکان و نەشتەرگەریی قوڕگ و لووت و گوێ ڕوونی دەكاتەوە كە مۆمی گوێ یەکێکە لە دەردراوە سروشتییەکانی جەستە کە ئەرکێکی بەرچاو دەگێڕێت لە پاراستنی گوێدا، بەڵام ڕەقبوون و کۆبوونەوەی زیاد لە پێویستی لەناو کەناڵی گوێدا، لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی ئاریشەی بیستن و ئازار.
مۆمی گوێ چییە و چۆن دروست دەبێت؟
د. نیهاد خزر ڕوونی دەكاتەوە كە: مۆمی گوێ پێک هاتووە لە تێکەڵەیەک لە دەردانی ڕژێنە چەورییەکان، ڕژێنەکانی سیرۆمینۆس (Ceruminous)، کیراتین و تۆز و پیسی. ڕژێنە چەورییەکان شلەیەکی دەوڵەمەند بە ترشە چەورییەکان دابین دەکەن، لە کاتێکدا ڕژێنەکانی سیرۆمینۆس چەوریی پێویست دەردەدەن. تێکەڵبوونی ئەم دەردراوانە لەگەڵ کیراتین، مۆمی گوێ پێکدەهێنێت.
ئەرکی سەرەکیی ئەم مۆمە، چەورکردنی کەناڵی گوێ و ڕێگریکردنە لە چوونەژوورەوەی تەنی دەرەکی. لە باری ئاساییدا، تەنها بڕێکی کەم لە مۆم دەردەرێت، کە دوای وشکبوونەوەی بەهۆی جووڵەی سروشتیی چەناگەوە بەرەو دەرەوەی گوێ ئاراستە دەکرێت.
هۆکارەکانی کۆبوونەوە و ڕەقبوونی مۆمی گوێ
ئەو پزیشكە پسپۆڕەیە ئاماژە بەوەش دەدات كە: چالاکیی ڕژێنەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت؛ هەروەک چۆن ئارەقکردنەوە جیاوازە، بە هەمان شێوە بڕی دەردانی مۆمیش جیاوازە. هەندێک هۆکار دەبنە هۆی چەقین و وشکبوونەوەی مۆمەکە لە کەناڵی گوێدا، لەوانە:
• تەسکی یان پێچاوپێچیی کەناڵی گوێ.
• بوونی مووی ڕەق یان زیپکە و زێدەئێسک لەناو کەناڵەکەدا.
• کۆبوونەوەی زۆری دەردراوەکان کە دەبنە هۆی دروستبوونی بارستەیەکی ڕەق.
نیشانەکانی چەقینی مۆم لە گوێدا
نەخۆش بەزۆری تووشی ئەم نیشانانە دەبێت:
• تێکچوون یان کەمبوونەوەی ئاستی بیستن.
• هەستکردن بە قورسی و گیرانی گوێ.
• سەرگێژخواردن یان کۆکە لە هەندێک حاڵەتدا.
هاوكات ئەو پزیشكە پسپۆڕە ئاماژە بەوەش دەدات كە: زۆرجار ئەم نیشانانە بە شێوەیەکی لەناکاو سەر هەڵدەدەن، بەتایبەت لە کاتی خۆشۆردن یان مەلەکردندا، کاتێک ئاو دەچێتە ناو کەناڵی گوێ و دەبێتە هۆی ئاوسانی مۆمە ڕەقداگەڕاوەکە.
ڕێگەچارە و ڕێنماییە پزیشکییەکان بۆ چارەسەر
لابردنی مۆمی ڕەقبوو پێویستی بە ڕێکاری پزیشکیی ورد هەیە و بەم شێوازانەی خوارەوە دەکرێت:
1. نەرمکردنەوەی مۆمەکە: ڕەنگە لە سەرەتادا پێویست بە بەکارهێنانی توێنەرەوەی تایبەتی مۆم بێت بۆ نەرمکردنەوەی بارستە ڕەقەکە.
2. شۆردنی گوێ (سرنجکردن): ئاوی کوڵاوی شلەتێن کە تا پلەی گەرمی جەستە ساردکرابێتەوە بەکاردەهێنرێت. پێویستە پێش شۆردن، پرسیار لە نەخۆش بکرێت ئایا مێژووی کونبوونی پەردەی گوێ، دەردانی پێشوو، یان نەشتەرگەریی گوێی هەبووە یان نا.
3. پشکنینی بەردەوام: لە کاتی شۆردندا پێویستە ناوبەناو کەناڵی گوێ بپشکنرێت تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لە لابردنی تەواوی مۆمەکە.
4. ئامێری تایبەت: ئەگەر بە شۆردن مۆمەکە نەهاتە دەرەوە، پزیشکی پسپۆڕ بە ئامێری تایبەتی دەرهێنانی مۆم لە ژێر بینینی ڕاستەوخۆدا دەری دەهێنێت.
د. نیهاد خزر هۆشداری دەدات بە هاووڵاتیان كە بە هیچ شێوەیەک لۆکەی پاککردنەوەی گوێ (Earbuds) بۆ لابردنی مۆم بەکار مەهێنن! ئەم کارە نەک مۆمەکە دەرناهێنێت، بەڵکو دەبێتە هۆی پاڵنانی مۆمەکە بۆ بەشی قووڵتری کەناڵی گوێ و کۆبوونەوەی زیاتری.

