شیڤان شێرزاد – هەولێر
هونەرمەند “چۆپی فەتاح” بێدەنگیی شکاند و کلیپێکی نوێی بە ناونیشانی “دە لا دە”، کە تێکستی “مازیار فایەق” و میلۆدی خۆیەتی و لەگەڵ ستافێکی پڕۆفیشناڵی هونەری بڵاو کردەوە.
چۆپی لە بارەی بەرهەمە نوێیەکەیەوە گرتەیەکی ڤیدیۆیی بۆ ئاگاداری میدیاکان بڵاو کردووەتەوە و تیایدا ئاماژە بۆ گۆرانییە نوێیەکەی دەکات و دەڵێت: گۆرانی “دە لا دە” یەکێکە لەو شاکار و بەرهەمانەی من، کە بە ئەشقەوە کارم بۆ کردووە و گۆڕانێکی تەواو بەسەر ستایل و کارەکانی پێشوومدا هاتووە؛ ئارام حەسەن فۆتۆگرافەر و دابەشکردنی موزیکی بەرهەمەکەی لەئەستۆ گرتووە و موحسین سپهری کاری دەرهێنانی کلیپەکەی بۆ کردووە و ئێستاش لە پلاتفۆرمەکاندا پێشوازییەکی بەرچاوی لێ دەکرێت، هەروەها دەبێت سوپاسێکی گەرمی هونەرمەند ئەفشین شوکری بکەم، کە تەواوی کارە هونەرییەکانی ئەو بەرهەمەی جێبەجێ کردووە، بۆیە دەمەوێت وەک سورپرایزێک گۆرانییەکە پێشکەش بە هەوادارانم بکەم.
چۆپی فەتاح گۆرانیبێژێکی کوردە لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری کەرکووک لەدایک بووە، تەمەنی سێ ساڵان بووە کە بنەماڵەکەی شاری کەرکووکیان بەجێ هێشتووە، پاشان چوونەتە وڵاتی هۆڵەندا و لەگەڵ دوو برا و دایک و باوکیدا ژیاوە، لە تەمەنی حەوت ساڵادا دەچێتە گروپێک بە ناوی کۆراڵ لە هۆڵەندا، لەگەڵ ئەم گروپەدا کە زیاتر لە ٢٠ منداڵ دەبن بە سەرپەرشتیی مامۆستایەکی هۆڵەندی فێری گڕوگاڵی موزیک و گۆرانیوتن دەبێت، لە تەمەنی ١٣ ساڵاندا دەچێتە قوتابخانەی دەنگ لە هۆڵەندا بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەکی زانستییانە شارەزایی لەو بوارەدا پەیدا بکات، لەوێ زیاتر لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت کە تۆنەکانی پاک بکاتەوە و هەندێک لە سەرەتاکانی ئەو زانستە فێربێت، بۆ ماوەی دوو ساڵ لەو قوتابخانەیەدا بەردەوام دەبێت و پاشان ساڵێک وانەی میوزیک دەخوێنێت، لە تەمەنی ١٦ ساڵاندا لە ڕێگەی جواد میرانەوە کە گۆرانیبێژێکی کوردستانی باکوورە لەگەڵ کۆما بەرخۆدان ئاشنا دەبێ و دواییش دەچێتە ئەکادیمی کوردی لە ئەڵمانیا و هەر لەوێش بە مامۆستا وریا ئەحمەد ئاشنا دەبێت و یارمەتی زۆر دەدرێت تا دەچێتە (Medya TV) و بۆ یەکەم جار لە پڕۆگرامی شانشین بەشداری دەکات کە بەرزان شاسوار پێشکەشی دەکرد.
بەرهەمەکانی
چۆپی پێشتر گۆرانیی گۆرانیبێژە گەورەکانی دووبارە دەگوتەوە، بەڵام ئێستا خاوەنی چەندین ئەلبوومە، یەکەم جار بە هاندانی هونەرمەندی ئاوازدانەر بورهان موفتیزادە دەکەوێتە سەر ئەو بیرەی کە ئەلبوومێک دەربکات، تا ئێستا ئەم ئەلبوومانەی هەیە:
• چیت ناوبنێم؟ (٢٠٠٤) کە ٩ تراک لەخۆ دەگرێت ئەو شاعیر و ئاوازدانەرانەی کاریان لەم ئەم ئەلبوومەدا کردووە بریتین لە: شاعیرەکان (مۆفەق کەمال، گۆران، سەرکەوت ڕەسوڵ، بێوەیی، مەدهۆش، ئاشنا، فۆلکلۆر)؛ ئاوازدانەرەکان (بورهان موفتی زادە، ئاکۆ عەزیز، وریا ئەحمەد، فۆلکلۆر)
• ناوت دەنێم ژینۆ (٢٠٠٧) کە لە ١٣ تراک پێک هاتووە، لە ئاوازەکانی بورهان موفتی زادە و زیاد ئەسعەد و چەند ئاوازدانەرێکی تر، دابەشکردنی میوزیکەکەیشی گۆران کامیل کردوویەتی.
• کریستاڵ (٢٠١٠) کە لە ٨ تراک پێک هاتووە.
• شارا (٢٠١١) کە لە ١٢ تراک پێک هاتووە کە مەقامی کوردین.
• باران (٢٠١٢)؛ دە تراکی پۆپ ڕۆکە بە شێوەزاری ناوەندی.
سەڕەڕای ئەو دوو بەرهەمەی، چوپی زیاتر لە ٧٠ گۆرانیی لە تەلەڤزێۆنە کوردییەکاندا تۆمار کردووە و ژمارەیەک گۆرانیشی کردووە بە کلیپ.
کۆنسێرتەکان
کۆنسێرت و فیستیڤاڵەکانی چۆپی تەنها لە چوارچێوەی هۆڵەندادا نەماوەتەوە بەڵکو چۆپی بۆ گێڕانی کۆنسێرت سەردانی ئەمریکا، کەنەدا، سوید، فینلەندا، دانیمارک، نەرویج، ئەڵمانیا، نەمسا، سویسرا، ئوکرانیا، بەلجیکا و یۆنانی کردووە، هەروەها چۆپی بۆ سازدانی کۆنسێرت، سەردانی کوردستانی باکووری کردووە بۆ شاری باتمان و دوو جار سەردانی شاری قامیشلۆی لە کوردستانی ڕۆژئاوا کردووە و لە کوردستانی باشوریش کۆنسێرتی لە شارەکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆکدا کردووە.

