خوسرهو جاف
بەندە وەک کار و پیشە کابرایەکی تەلارسازم، ئەوە چلوھەشت ساڵە لە بواری تەلارسازیدا دەستبەکارم. نەک هەر لە کوردستاندا، بەڵکوو لە زۆر وڵاتانی دوور و نزیکدا. لەم بوارەیدا ئەوەی دەیڵێم و دەیکێشم و دەیکەم لە ڕووی تاقیکردنەوەیەکی پڕ لە تاڵی و شیرینیدا بووە؛ بۆ نموونە لە کۆلیژی ھونەرە جوانەکان کە ڕشتەی تەلارسازیم تەواو کرد، سەیرم کرد لەبارەی کاروباری مەیدانییەوە ھیچ نازانم، ئەوی فێربوومە کۆمەڵە تیۆرێکی ناو کۆلیژە و بەس؛ دوو کارم خستبووە بەر خۆم دەبوا بمکردبا، یەکەمیان گیروگرفتی نێو کرێکاران و وەستایی بینا، دەبوو بمزانیبا. دووھەمیان بە لای ئەندازیارێکی لێزان و خاوەن تاقیکردنەوە دەستبەکار ببم.
یەکەمیان ئاسان بوو، جلوبەرگی کرێکارانم لەبەر کرد و گەلێک لە کرێکاران زووتر خۆم گەیاندە مەیدانی کرێکاران و وەستای بینا. لەوێڕا کابرایەک ھەر تێی دەنواڕیم، ئەودەم بازووڵەئەستوور و ناوشانپان و لە ئێستا باڵابەرزتر بووم، کابرا وردەوردە لێم نزیک بوویەوە و وتی: چ کارەی؟
وتم: کرێکارم.
وتی: کرێکارێت کردووە؟
وتم: نەخێر، نەدارم و ناچارم کرێکاری بکەم.
وتی: من وەستا حیشمەتم؛ وەرە لای من دەستبەکار بە.
زۆری نەکێشا کرێکارەکانی کەی لێ کۆ بوونەوە و بە پیکابە شەق و شڕەکەی بەڕێ کەوتین بۆ سەر ئیش. وەستا بۆ خۆی لێی دەخوڕی و یاریدەدەرەکەی و کرێکارێکی تر لە پێشەوە سوار بووبوون و ئێمەی پێنج کرێکاری تر لە دوای پیکابەوە پاوپلمان بەسەر بێڵ و قازمە و قوڵنگە و سەتڵ و داپێویستییەکانی کارکردنەوە بوو. لەبیرمە بەرەبەیانێکی ساردی بەفراوی، کزەباکە ئاوی کەپوومی بەردابوو. گەیشتینە سەر کار و ساختمانێک. بەپێی نەخشە پشتوێنەیەک بە کەرپووچ بەرز کرابوویەوە، لەبەر بەھێزی و چوارشانەبوونم، ئەرکی ھێنانی عەرەبانەی گیراوەی چیمەنتۆیان بە من سپارد تا لەلای ئەوەی چیمەنتۆ دەگرێتەوە بە عارەبانە بیگەینمە لای یاریدەدەری وەستا، بۆ خۆی دوو عارەبانە بوو، ئەوی لای وەستام جێ دەھێڵا ئەوی تریان بە لای تێکەڵەگرەوە بۆ خەپتە؛ بە دووسێ قۆناغ دەگەیشتە بەر دەستی وەستا، بە وردی ئەندازەی چیمەنتۆ و قوم و ئاو و چۆنیەتی گرتنەوەکە فێر بووم، تا ڕۆژێک بە وەستا حیشمەتم گوت: من بە چاکی دەتوانم (خەپتە) بگرمەوە. ھەر ھەمان پارەی کرێکارێکی ڕووتم بدەرێ (پارەی خەپتەگر) ئەوەندە و نیوی کرێکارێکی سفری وەردەگرت. سەرەنجام جێگەی خەپتەگرم گرتەوە ـ نەدەبوو ئەو کارەم کردبا، بەڵام کردم ـ یەک دوو ھەفتەیەک ئەو کارەم کرد، تەماحم کردبووە ئەوەی کەرپووچی دەدا بە بەدەستی وەستاوە، وەستا ڕەزامەندی دا تا کەرپووچ بدەم بەدەستیەوە تا ئەوەی دەستم دەگەیشتە پێش دەستی وەستا، کێشەم نەبوو تا دیوار بەرز بوویەوە، دەبووا کەرپووچەکە ھەڵدەم بۆ پێش وەستا، ئەو سەیری خوارەوەی نەدەکرد، دەبووا کەرپووچ بە ئەندازەیەک ھەڵدرێ نە کورت بکا و نە سەر بڕوا. لەبیرم دێ یەکەم جار کەرپووچم ھەڵدا دام بە ناوشانی وەستادا، بە جنێودانی فرەپیس و ناجۆر بۆم ھاتە خوارەوە کە مشتەماڵەیەکی سراوەندە بن دەستمدا یەشتا ژانەکەیم لەبیرە، کە وەستا ساردبوویەوە باش بوو دەری نەکردم (من کرێکارێکی بەھێز و دڵسۆز بووم). دووبارە سەر کەوتەوە و نەڕاندی: بیهاوێژە بۆ پێشم. دوو سێ جار تاقیمی کردەوە و ئیدی فێر بووم. سەرجەم چل ڕۆژ لەو کارەیەدا بەردەوام بووم، بە وەستام وت: ئیدی کاری کرێکاری ناکەم، بەڵام دەمەوێ شەوی جومعە داوەتتان بکەم، جێگە و شوێنی ڕێستۆرانتەکەم دایە وەستا و سەرجەم ھاوەڵە کرێکارەکانیشم داوەت کرد، وەستا ھەروا سەرسامانە تێی دەنواڕیم ئیدی کە ھاتن و منیان بە جلوبەرگێکی ترەوە دی ئەویش لە ڕێستۆرانتێکی گرانقیمەت و بەناوبانگدا.
وەستا حیشمەت وتی: بە کرێکارەکانم وت ئێمە ھەڵە ھاتووینە و حوسەین گاڵتەی پێ کردووین، تا لە پشتی جامەکەوە ڕوخسارتم نەدی نەموێرا بێمە ژوورەوە، ئەتۆ پێم ناڵێی تۆ چیت و کێیت؟
منیش بەدەم پێکەنینەوە وتم: من ھەمان حوسەینی کرێکارم و تۆیش وەستامی. وەستا حیشمەت وتی: کەر خۆتی، دەتەوێ باوەڕ بکەم و بمخەڵەتێنی؟ بە درێژی بۆم گێڕایەوە، کە بۆچی کرێکاریم کردووە. نزیکەی ساڵێك بە لای ئەندازیارێکی تەلارسازی بەناوبانگەوە کارم کرد و سەرەنجام بۆ خۆم لەگەڵ ھاوکڵاسیەکەمدا مەکتەبێکی تەلارسازیمان پێک ھێنابوو دەستمان بەکار کرد. لە کۆلیژدا خانمێکی فەرەنسی مامۆستای دیزاینمان بوو، ھەمیشە گرنگیی جێگەی سەرشۆرگەی لە دیزاینی خانوودا دەخستە بەرچاو و دەیوت: ئێوەی ڕۆژھەڵاتی دەبێ ئەوە بسەلمێنن! سەرشۆرگە و ئاودەست (wc) لە شوێنە گرنگەکانی خانوو یان ھەر ساختمانێکن. ئەوەشی دەوت: کۆشکی (ڤێرسا)ی لە پاریسدایە و بەو زەرافەتە میعماریەکەی لە سەرتاسەریدا ئاودەستكی لێ نییە! منیش بۆ پێکەنین وتم: بێگومان مەلائیکە و پەریزادانی تیا ژیاوە، لە جوێی پیسی نووریان کردووە. لە دواییدا بۆم ھەڵکەوت سەردانی کۆشکی ڤیرسام کرد و لە پلانە تێکڕاییەکەیدا تەوالیتی تێدا نەبوو تا بە ئەمڕۆیش ھۆی نەبوونی ئاودەست لەو کۆشکە مەزنەیدا نەزانراوە. لە کاتێکدا گەلێک کۆنتر لەو مێژووە لە سەردەمی یۆنان و ڕۆمان و شاھانشاھییەکانی ئێران و دەستەڵاتی فەراعینەدا گرنگیی دراوەتە سەرشۆرگە و تەوالیت، بەتایبەت حەوزچەی شاژنەکان لە جوێی ئاو پڕ دەکرا لە شیر و گوڵاو و گەڵای گوڵەباخ. لە بنەماڵەی میعماری ئیسلامیدا گرنگیەکی زۆر دراوەتە سەرشۆرگەو ئاودەست؛ ھۆکارەکەیشی بەشێکە لە فەرزیاتی نوێژکردن، وەک دەبینین مزگەوتەکان بە ناچاری لەبەر دەستنوێژهەڵگرتن گرنگیەکی تایبەتیان داوە بە ئاودەست.
بە شێوەیەکی تێکڕایی میللەتی مەغۆل وازانراوە بە نودرەت خۆیان شۆردووە، بە بۆنیاندا دەزانرا ئەوە مەغۆلن، لە یاسای جەنگیزخاندا سزای کوشتن دانرابوو بۆ ئەوەی لە ڕووباردا مەلەی کردبا. ئیتر ئەوەی بۆنی زیاتر بووایە ئەوە ئازاتر و لێهاتووتر بوو. ئەو جەھالەتە ژنەکانیانی نەگرتووەتەوە. سەرچاوەیەک دەگێڕێتەوە: کاتێک جەنگیزخان بەشێکی زۆری وڵاتانی چینی داگیر کرد کچی شای دەڤەرێکی مارە کرد، کچە لە نزیکەوە جەنگیز و بۆنەکەی ھات بە کەپوویدا ھەر لەوێدا خۆی کوشت.
با نزیکی کەینەوە و بگەڕێینەوە بۆ ویلایەتەکانی عوسمانی، تەلارسازی بەناوبانگی ئەو سەردەمە، (سینان)ـی لای سوڵتان سلێمانی قانوونی. سینان گۆڕانگارییەکی بنەڕەتیی لە جۆری ساختمان و کۆشکەکان و ھەتاوەکوو مزگەوتەکاندا بەدی ھێنا و ئێستایش زۆربەیان تا بە ئێستایش بە پێوە ماون. ئەو تەلارسازە مەزنە گرنگییەکی بەرچاوی داوەتە سەرشۆرگە و ئاودەست؛ ئەم وڵاتە کە ئێستا بە دەوڵەتی عێراق ناسراوە لە ساڵی ١٩٢٠ دروست کراوە لە مێژوودا ویلایەتێک نەبووە بە ناوی عێراق. ئەم دۆڵە کە ناسراوە بە دۆڵی دووڕووباران (میزۆپۆتامیا) لە پێش ئیسلامدا پایتەختی ئیمپراتۆریەتی ساسانی لەم دۆڵەیدا بووە؛ تیسفۆن پایتەختیان بووە؛ ئەوەتا تاقی کیسرا لە خواری بەغداوە دیارە و ماوە. دوای سەرکەوتنی ئیسلام، ئەمەوی ١٨٠ ساڵ و عەباسی ٤٢٠ ساڵ و عوسمانی و وردە دەستەڵاتەکانی تر ٤٠٠ ساڵی تر فەرمانڕەوایییان کردووە و لە شارەکاندا تا ڕادەیەک گرنگیی دراوەتە سەرشۆرگە و ئاودەست؛ ئەو دەم سێ ویلایەت لەم دۆڵەیدا ھەبووە. عوسمانییەکانیش ھەروایان کردووە و ئەم دۆڵەیان کردووەتە سێ ویلایەت. سەردەمێک ئیمارەتی بابان و ئیمارەتی سۆران لە کوردستانی باشووردا فەرمانڕەوا بوونە؛ دوایی ئەم دۆڵە بووە بە سێ ویلایەت (موسڵ، بەغدا، بەسرە) بەڵام سیستەمی خەڵکە زۆرەکە بە شێوەی عەشایەری ژیاون و ژیانی خێڵەکی یا ڕەوەند بوونە یا لادێنشین لە ھەردوو حاڵەتدا شتێک بە ناوی سەرشۆرگە و ئاودەست و جوودی نەبووە، جگە لە مزگەوتەکان نەبێت لەبەر دەستنوێژ دەستیان بەئاو گەیاندووە.
من لادێییم؛ سەرەتاییم لە لادێدا تەواو کردووە و ئاگاداری ژیانی لادێ ھەم. بەڵێ لە ماڵی ئێمەدا سەرشۆرگەی تایبەتمان ھەبووە و ئاودەست لە دووری دوورەوە ژوورێکی بچکۆڵەیان بۆ تەرخان کردبوو، بەڵام خەڵکە زۆرەکە ئەوەیان نەبوو، ئەو حاڵەتە لە زۆربەی زۆری ناو خێڵ و لادێکاندا ھەروا بووە.
لەپێش ئەوەی ھۆزی جاف نیشتەجێ بن جۆرێک لە سەرشۆرگەیان ھەبووە. شایانی باسە منداڵ بووم، کە دەمزانی خەریکی دروستکردنی ئەو سەرشۆرگەن و منیشی تیا دەشۆن، لە ماڵ وەدەرچووم و یاخی دەبووم و پیاویان بۆ ناو دێ بە دوامدا دەنارد و لە من ڕاکردن و سیرمەسیرم لە پیاوەکان سەرەنجام ئەیانھێنامەوە. بە شێوەیەکی بازنەیی شەش داری ئەستووری دوو مەترییان لە زەویدا دەچەقاند و سەریان بە چەند دار دەگرت و بە گوریس شەتەک دەدرا. بازنەکە جێگەی سێ کەسی بە دانیشتنەوە تێا دەبوو. سەر و دەوریان بە لێفەی نووستن دەگرت و کونێکی بە ئەندازەی کەسێک بتوانێ بچێتە ژوورەوە، دوو سێ قازان ئاوی گەرم و مەقاڵەیەک ئاگری پشکۆداری گەشی تیا دادەنرا، ئیدی تا شۆردنەکەم تەواو دەبوو من دەمزیڕاند. ئێستا بۆم دەرکەوتووە حەمامی (سۆنا) سەرەتاکەی ھەر ئەوە بووە و ڕەنگە میللەتە کۆچەرەکانی کەش ئەوەیان کردبێت. سەیر لەوەدایە ئەقڵیەتی ئەوە یەشتا لە زۆر توێژدا ماوەتەوە، کە خانوویەک دروست دەکرێ تەنگترین جێگە و نەشیاوترین شوێن بۆ ئاودەست و سەرشۆرگە دادەنرێت؛ بە زەحمەت تیادا دادەنیشرێت یا جووڵەی تیادا کرێت.
بەندە وەک تەلارسازێک لە نەخشەکانمدا گەلێک گرنگی دەدەمە سەرشۆرگە و تەوالیت و کوالیتییەکەیان، دنیا گۆڕاوە و سیستەمی ژیان لە ئاپارتماندا گرنگیی داوەتە سەرشۆرگە، قەینا درەنگ ھەستمان بەو گرنگییەی کردووە، بەز نییە کردمان.
ئەوڕۆ لە جیهاندا گرنگییەکی گەلێک بەرچاو دەدرێتە سەرشۆرگە و ئاودەست بە شێوەیەکی وا جگە لە بەرینی و پانتاییەکەی مەتریاڵی گەلێک گران و بەنرخی تێا بەکار دەبرێت، ئیتر ھەر کەسە و بە گوێرەی توانا و ھەوەسی خۆی دەکۆشێ کوالیتی سەرشۆرگە و ئاودەست بەرزتر و بەرچاوتری تێادا دەکار بخەن. جگە لە ڕازاندنەوەی بە جێگەی خاولی و پشتەماڵ و دانانی چەندان بۆنی جۆراوجۆر ھەتاوەکوو ھەڵواسینی تابلۆ بە دیواردا. بەڵێ شێوەی ژیان گۆڕاوە، بەڵام ڕۆڵ و نەخشی دیزاینەر لەو گۆڕانکاریەدا کاری و بەرچاوە و بووە و نکۆڵیی لێ ناکرێ. لەو ماوە دوورودرێژەی تەلارسازیمدا تووشی گیروگرفت و بیگرەوبەردەی زۆر ھاتووم. وەک زانراوە پیشەی تەلارسازی پەیوەندە لەگەڵ توێژی دەوڵەمەنداندا. لەناو ئەو توێژەیدا عئقڵیەتی خۆبەزلزانی و لێزانی و فەرماندان لە زۆربەیاندا بەرچاوە. لەبەر دەستێوەردانی خۆی و خێزانەکانیان زۆر کار و دیزاینم بەجێ ھێڵاوە، ئاخر ئەو جۆرە مرۆڤانە لایان وایە لەبەر ئەوەی دەوڵەمەندن چۆن دەکرێ زەوقی دیزاینیان تێادا نەبێ. زۆربەیان نەخشەکەمیان تێک دەدا و ئەگەر بە گوێیانم کردبا کارە ناجۆر و نەشیاو و ناپەسندەکە بە ناوی منەوە تەواو دەبوو، بۆیە بەردەوام نەدەبووم و نیوەچڵ کارەکەم بەجێ دەھێڵا. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت لە وڵاتی ئێمەدا یەشتا نە نان بۆ نانەوایە و نە گۆشت بۆ قەساوە.

