كامەران رەئوف: شانۆی زەلكاو لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەغدا بەشدار دەبێت

وا بڕیارە لە داهاتوویەكی شانۆیی (زەلكاو) بەشداری فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەغدا بكرێت و بچێتە كێبڕكێی زیاتر لە 85 بەرهەمی دیكەوە.

شانۆی زەلكاو لە نووسینی نوسەری گەورەی روس (مەكسیم گۆركی) و ئامادەكردن و دەرهێنانی هونەرمەندی بەناوبانگی كورد (كامەران رەئوف)ە و نواندنی هەریەك لە (ئازاد سەوزە، هیوا رەئوف، گۆران نامیق، دیاری عومەر، دیدار عومەر، سۆران ئەكرەم، پێشڕەو حسێن).
هونەرمەندی بە ئەزموون (كامەران رەئوف) لە لێدوانێکی تایبەتدا بە (هەولێر)ـی راگەیاند، ئەو بەرهەمە لە بنەڕەتدا هەر ناوی (زەلكاو) واتە ئەو چینەی لە قووڵاییدان، بەرهەمە لە سەردەمی قەیسەری رووسدا مەكسیم گۆركی نووسیویەتی و باس لە چەند چینێكی كۆمەڵگەی رووسەواری دەكات كە بێداهات و نائومێدن، بەڵام هەمانكات هیوایەكیان بە رۆژانی ئایندە هەیە.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد، لە بەرهەمەكەدا كارەكتەرێكی تێدایە كە نائومێدی زۆری هەیە و نەخۆشە، بەلام لە ناوەڕاستی شانۆییەكەدا ئەكتەرێكی دیكە دێت هیوایان بۆ دروست دەكات، تەنانەت ئەو ئافرەتەی كە تووشی نەخۆشی سیل بووە و لەو سەردەمەشدا كە تووشبوی سیل گیانی لەدەست داوە، بەڵام ئەو ئەكتەرەی كە دێت دنیای لا جوان دەكات.
كامەران رەئوف هۆكاری هەڵبژاردنی ئەو بەرهەمەی بۆ گونجانی لەگەڵ هەموو سەردەمەكان گەڕاندەوە و وتی “مەزنییەکەی ئەو دەقە لەوەدایە بۆ هەموو سەردەمێك دەگونجێت ئەوە سیمایەكی جوانی نووسەرە مەزنەكانە كە بەرهەمەكانیان بۆ هەموو كۆمەڵگەیەك شیاوە، چونكە نائومێدی لە هەموو سەردەمێكدا هەبووە و دەبێت، هیوابەخشینیش هەبووە و هەر دەشبێت، زڵم و ستەم و هەق و ناهەقیش لە هەموو سەردەمەكاندا هەیە”.
شانۆی زەلكاو لە شاری سلێمانی نمایشكراوە و پێشوازی گەرمی لێ كرا، كامەران رەئوف هەوڵی داوە ئەو بەرهەمەشی وەك بەرهەمەكانی دیكە بباتە شاری هەولێر بۆ نمایشكردن، بەڵام ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی داواكەی رەت كردوونەتەوە.
كامەران رەئوف دەڵێت “من تائێستا 14 تا 15 بەرهەمم بردووەتە شاری هەولێر، بە هاوڕێیانیشم وتووە ئەو ئیشانەی دەیانكەم ئەگەر نەیبەمە هەولێر هەست دەكەم تەواوم نەكردووە، نزیكەی دوو مانگە لەڕێگەی وەزارەتی رۆشنبیرییەوە داوای ٢ملیۆن‌و400هەزارمان كردووە بۆ كاستێكی 20 كەسی بۆ هاتووچۆمان، وەزارەتی رۆشنبیری داواكەی رەوانەی وەزارەتی دارایی كردووە، بەڵام بەداخەوە ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی داواكەی رەتی كردووەتەوە”.
ئەو هونەرمەندە رەخنەی توندی لە وەزیری دارایی گرت و وتی “بە تەنها داوای ئەو بڕەمان كردبوو بۆ هاتوچۆ، لەكاتێكدا ئەكتەرەكانمان مامۆستای پەیمانگە هونەرەجوانەكانن و هونەرمەندی نوێ پەروەردە دەكەن، بە داخەوە وەزیری دارایی ٢ملیۆن‌و400هەزار دیناری بۆ 20 هونەرمەند بە رەوا نەبینی، بەڵام چەندین ملیۆنیان بۆ شتی لاوەكی و نەشیاو سەرف كردووە”.
ئەم بەرهەمە ئێستا بۆ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەغدا بانگهێشت كراوە و كێبڕكێ لەگەڵ 85 بەرهەمی دیكە دەكات، كامەران رەئوف روونیكردەوە “ئەو رۆژەی وەزارەتی دارایی داواكەی رەت كردەوە، لە بەغداوە پەیوەندییان پێوەكردین كە چوار دكتۆرا ئەو شانۆییەیان بۆ فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەغدا هەڵبژاردووە، بە داخەوە لە وڵاتەكەی خۆماندا بۆ ٢ملیۆن‌و400هەزار دینار گرفتمان بۆ دروست دەكرێت، بەڵام بانگهێشتی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی دەكرێین بۆ بەغدا”.
ئەو هونەرمەندە ناسراوەی كورد بەشداریكردنی بەرهەمەكەی لەو فیستیڤاڵە بە گرنگ زانی و وتی “ئەو فیستیڤاڵە هاندەرێكی زۆر باشە بۆمان كە دەیسەلمێنین میللەتێكی زیندووین، میللەتی زیندوو بە وەرزش و كولتوور و سیاسەتی هەق و لێبوردەیی پێش دەكەوێت”.

ھەواڵی زیاتر