رۆژنامەی ھەولێر

دیمەن ئیبراهیم: خەونی گەورەم ئەوەیە دەنگ و دەوڵەمەندیی مۆسیقای کوردی بگەیێنمە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان

شیڤان شێرزاد – هەولێر

هەر کە ناوی “مەهاباد” بەر گوێم دەکەوێت، یەکسەر دەچمەوە نێو دێڕە شیعرییە جوانەکانی ئەو بەیتە شیعرییانەی کە هێمن موکریانی مەزن بۆ مەڵبەندە پڕ لە ئەشقەی گۆرانی و شیعر و ئەدەبیاتی کوردی نووسیویەتی، تەنانەت هەر کەسێکیش لەو ناوچەیەدا ژیابێت بە گۆرانییە ڕەسەنەکانی “ماملێ” و کورتیلە شیعرەکانی هەژاری موکریانی گەشەی کردووە.

“دیمەن ئیبراهیم”ـیش یەکێک لەو کچۆڵە کەڵەگەتانەی ڕۆژهەڵاتە و بەوپەڕی بوێری و ئازایەتییەوە گۆرانیی بۆ جوانی و نیشتمان و ئازادی دەڵێت.
لە دیمانەیەکی تێروتەسەلی ڕۆژنامەی “هەولێر”یشدا ئاماژە بۆ کۆسپ و تەگەرەکانی ژیانی هونەری خۆی دەکات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێشوازی گەرمی خەڵکی هەرێمی كوردستان و ناساندنی وەک ئافرەتێکی ئاشق بە هونەر و کولتووریی ڕەسەنی کوردی و بۆیە نایشارێتەوە و دەڵێت؛ گۆرانیی ڕاستگۆترین ڕێگا بوو تا ڕۆحی خۆمی پێ ببەخشم.

یەکەم ژوانی هونەری، دیمەن و گۆرانیچڕین لە کوێ بەسترا؟
لەوەتەی لە یادەوەرییەکانم ماوەتەوە، ئەشقم بۆ هونەر هەبووە. بەڵام ژوانی فەرمیم لەگەڵ دەنگ و میلۆدی، دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی ١٦ ساڵان؛ ئەو کاتەی لە فێرگەیەکی مۆسیقا خەریکی ڕاهێنانی گیتار بووم، هاوزەمان لەگەڵ ژەنینەکەدا دەشپچڕام و گۆرانیم دەوت. مامۆستاکەم بە بێدەنگی گوێی لێ گرتبووم، کە تەواو بووم هاتە لام، دەستخۆشی لێ کردم و دیاریی بڕوابەخۆبوونی پێ بەخشیم. ئەو ساتە یەکەم چەخماخەی دەستپێکی ڕێگاکەم بوو.

چ ئەشقێک لە ناخی ئێوەدا هەبوو بۆ هونەر تا گۆرانی هەڵبژێریت؟
لە منداڵییەوە مۆسیقا بۆ من تەنیا دەنگ نەبوو، بەڵکو زمانێک بوو بۆ دەربڕینی ئەو هەست و ڕامانانەی وشەی ئاسایی ناتوانن دەربڕینی بۆ بکات. گۆرانیچڕین بەهێزترین و ڕاستگۆترین ڕێگا بوو تا ڕۆحی خۆمی پێ ببەخشم، بۆیە هەست و سۆزم خۆی ڕێگاکەی بۆ دیاری کردم.

لە ڕۆژهەڵات کاتێک ویستت وەک ئافرەتێک گۆرانی بڵێیت تووشی ئاستەنگ نەبوویت؟
لە رۆژهەڵات، بەهۆی کۆسپ و ڕێگرییە کۆمەڵایەتی و یاساییەکانەوە، دەنگم تەنیا لە چوارچێوەی کۆڕی خێزانی و ناو هاوڕێ نزیکەکانمدا دەبیسترا. بەڵام حەزی هونەریم گەورەتر بوو لە ئاستەنگەکان؛ تا هاتمە هەرێمی كوردستان و لێرە دەرفەتی ئەوەم بۆ ڕەخسا بە فەرمی وەک ئافرەتێک دەنگم بگەیێنمە گوێی بڕسکی جەماوەر.

سروشتی مەهاباد و شاری شاعیر و هونەرمەندان کاریگەریی بەسەرتەوە نەبوو تا نۆتەکانی موزیک هەڵبژێریت؟
مەهاباد تەنیا شارێک نییە لەسەر نەخشە، بەڵکو قوتابخانەیەکی گەورەی رۆح، ڕەسەنایەتی و ئیلهامە. هەناسەدان لە هەوای شارێکدا، کە ڕێڕەوی هەنگاوەکانی شاعیران و ئەستێرە گەورەکانی هونەر بووە، خۆ بەخۆ هەستی هونەریت دەبزوێنێت. سروشت، مێژوو و ئەدەبیاتی مەهاباد، ڕاستەوخۆ رەنگیان داوەتەوە لە هەڵبژاردنی نۆتە و میلۆدییەکانمدا.
مەرجە هونەرمەند دەرچووی ئەکادیمیایەک بێت؟
ئەکادیمیا گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ زانستیانەکردنی بەهرە و گەشەپێدانی، بەڵام مەرجی سەرەکی نییە، زۆر لە ئەستێرە درەوشاوەکانی جیهان و ڕەسەنترین دەنگەکانی مێژوو خوێندنی ئەکادیمییان نەبووە. سۆز، بەهرەی خاو و بەردەوامی، بنەمای دروستبوونی هونەرمەندن؛ ئەکادیمیا تەنیا ڕێکخەر و پۆڵێسکەری ئەو بەهرەیەیە.

شارەزایت لە چ ئامێرێکی موزیکدا هەیە؟
دەستلێدان و تاقیکردنەوەم بۆ زۆربەی ئامێرەکان هەبووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامنەبوونمەوە ناکرێت بڵێم شارەزام لە هەموویاندا.
لەگەڵ ئەوەشدا لە ئامێرە لێدانەکانی وەک (تەپڵ و زەرب)ـدا پەیوەندییەکی نزیکترم لەگەڵ ڕیتمدا هەیە و شارەزاییەکی باشترم تێیدا هەیە.

ڕاستە هونەری دەنگ بۆماوەییە؟
بۆماوەیی ڕەنگە خەسڵەتی فیزیکیی دەنگەژێکان دیاری بکات، بەڵام دەنگ بە سروشتی خۆی وەک ئەڵماسێکی خاو وایە. ئەگەر کاری لەسەر نەکرێت و ڕاهێنانی دەنگی (سۆلفێژ)ی پێ نەدرێت، هەرگیز نادرەوشێتەوە. واتە بۆماوەیی تەنیا خاڵی دەستپێکە، بەڵام هەوڵ و ڕاهێنان جیاوازییە ڕاستەقینەکە دروست دەکەن.

هیچ سنوورێک هەیە بۆ هونەر؟
مۆسیقا زمانێکی جیهانییە و سنوورە جوگرافییەکان دەبەزێنێت تا مرۆڤەکان بە یەکتر گرێ بدات، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، پێویستە هونەرمەند سنوورێکی ئیتیکی (ئەخلاقی) و کولتووریی بۆ کارەکانی هەبێت، تا کەرامەتی هونەرەکەی و ڕەسەنایەتیی کۆمەڵگەکەی بپارێزێت.

لە هەرێمی کوردستان چۆن پێشوازی لە کارە هونەرییەکانت کرا؟
هاوشانی خەڵکی ڕۆژهەڵات، کە هەمیشە هاندەر و پپشتیوانێکی بەهێزم بوون، خەڵکی هەرێمیش بە سۆز و گەرمی پێشوازییان لە دەنگم کرد. خەڵکی هەرێم هەمیشە پشتیوانی هونەری ڕەسەن بوون، و ئەم باوەڕەشیان بارێکی ئەخلاقی و بەرپرسیارێتییەکی گەورەتر دەخاتە سەر شانم بۆ ئەوەی هەمیشە شایستەترین کار پێشکەش بکەم.

خەون و ئامانجەکانت چین، کە تا ئێستا نەهاتوونەتە دی؟
خەونی گەورەم ئەوەیە دەنگ و دەوڵەمەندیی مۆسیقای کوردی بگەیێنمە سەکۆ نێودەوڵەتییەکان. هەروەها خولیاکەم دروستکردنی زنجیرەیەک کاری ماندگار و نەمرە کە لە یادەوەریی نەوەکاندا بمێنێتەوە و ببێتە بەشێک لە مێژووی هونەریی گەلەکەم