رۆژنامەی ھەولێر

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە دۆخی ئابووری دەدات

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەبەرامبەر پەرەسەندنە ئەمنی و ئابوورییەکانی عێراق و ناوچەکە ڕاگەیاند و پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەنگاوەکانی حکوومەتی فیدراڵ دەربڕی.

دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی لە پشتیوانیکردنی هەنگاوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردەوە، چ ئەو هەنگاوانەی پەیوەستن بە باشترکردنی باری ئابووری کە لە بەرژەوەندیی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستاندایە، یان ئەو ڕێکارانەی بۆ سنووردارکردنی چەک تەنها لە دەستی دەوڵەتدا دەگیرێنە بەر.

لە کۆنگرەکەدا دڵشاد شەهاب گوتی: هێرشەکانی ئەم دواییە زیانی گەورەیان بە ئابووریی عێراق، دامەزراوە نەوتییەکان و پێکەوەژیانی کۆمەڵایەتی گەیاندووە، هەر بۆیە پێویستە هەڵوێستێکی جدی و نیشتمانی بەرامبەر ئەم پەرەسەندنانە هەبێت.

گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕوونی کردەوە کە مەترسییەکان تەنها لەسەر هەرێمی کوردستان نین، بەڵکو تەواوی ناوچەکە لە دۆخێکی ئاڵۆزی جەنگدایە کە کاریگەریی لەسەر جیهان، گەرووی هورمز و پرسە نێودەوڵەتییەکان هەیە. جەختیش کرایەوە کە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا بەراورد بە ناوچەکانی دەوروبەری کەمترین زیانی بەرکەوتووە و ناوزەدکردنی هەرێم وەک ناوچەیەکی گەمارۆدراو، دوورە لە ڕاستییەوە.

دڵشاد شەهاب گوتیشی: مەترسیی هەرە گەورە لە ئێستادا ڕووی لە باری ئابووریی عێراقە، بەپێی ئامارەکان نزیکەی 8 مانگە داهاتی مانگانەی وڵات تەنها 1 لەسەر 10ی کۆی خەرجییەکان دادەپۆشێت. ئەمەش هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بژێویی خەڵک و دەبێتە هۆی دواکەوتنی مووچە و پەککەوتنی پڕۆژەکان، هەر بۆیە داوا کرا بەوپەڕی جدییەتەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆسیەیەدا بکرێت.