ئەمڕۆ شەممە، 08ـی ئابی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی (ئەلجەزیرە)ـی قەتەری، باسی لە چەند پرسێکی گرنگی ناوخۆیی و هەرێمی کرد.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پاڵپشتیی تەواوی هەرێمی کوردستانی بۆ هەوڵەکانی حکوومەتی عێراق بۆ کۆنتڕۆڵکردنی چەک بەدەست هێزە فەرمییەکانەوە دووپات کردەوە و جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان نایەوێت ببێتە بەشێک لە هیچ ململانێیەکی ناوچەکە.
مەسرور بارزانی گوتی، هیچ لایەنێک گوشاری نەخستووەتە سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تێوەگلان لە جەنگ. روونیشی کردەوە، کاری لەپێشینە پاراستنی هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەیەتی لە ئاڵۆزییەکان.
سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەش دا، هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیاتر لە هەزار هێرشی مووشەکی و درۆن بووەتەوە، ئەو هێرشانە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە کراون یان لە ناوخۆی عێراقەوە لە رێگەی چەند گرووپێکی چەکدارەوە کراون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەسرور بارزانی هەبوونی پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیلی رەت کردەوە، جەختی کردەوە ،بەڕێوەبردنی سیاسەتی دەرەوە لە دەسەڵاتی حکوومەتی فیدراڵییە.
هەروەها هەبوونی سەربازانی ئەمریکای لە بنکەی ئاسمانیی هەریر رەتکردەوە و گوتی، بنکەکە ماوەی 10 ساڵە هیچ هێزێکی ئەمریکای تێدا نییە.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، سەرۆکی حکوومەت گوتی، پەیوەندییەکانینا لەگەڵ سووریا باشن و بەرەو پێشەوە دەچن، هاوکات پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا بە زۆر باش وەسف کرد و باسی لە بەرەوپێشچوونی هەماهەنگییەکانیان کرد.

