كارزان گلی – ههولێر
چوارچێوەی پڕۆژەیاسای (توركیای بێتیرۆر)، كە لەسەر داوای دەم پارتی ناوەكەی بۆ (ئاشتی كۆمەڵایەتی و ئاشتی) گۆڕدرا، لەلایەن دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپەوە ئیمزا كرا، پێشتریش ئاكەپە و دەم پارتی ئیمزایان لەسەر كردبوو.
جیا لە باخچەلی، چەند پەرلەمانتارێكی سەر بە مەهەپەش ئیمزایان لەسەر كرد و بە مادەكانی ئەو پڕۆژەیاسایە رازین و لە ٣ی ٨ی ٢٠٢٦دا، ئەو پڕۆژەیاسایە لەلایەن پەرلەمانتارانی ئاكەپە و دەم پارتییەوە ئیمزای لەسەر كرا.
بڕیارە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا ئەو پرۆژەیاسایە لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت، هەروەها زۆربەی پەرلەمانتارانیش پڕۆژەیاساكەیان گەیشتووەتە دەست و دەیخوێننەوە.
چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، شاندی ئیمیڕاڵی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە كرد، پاشان پەیامی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە، كە لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایە گوتبووی: ”لەوەتەی كۆماری توركیا دروست بووە، ئەمە گرنگترین هەنگاوە و هەروەها دەستپێكی پرۆسەی دیموكراتیبوونە لە توركیا.“
پارتی نوێ، كە خاوەنی ٩٤ كورسی پەرلەمانە و لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢٦دا دروست بووە، لەبارەی ئەو پرۆژەیاسایەوە رەخنەیان هەیە و دەڵێن، پرۆژەیاسایەكە گشتگیر نییە.
موراد ئەمیر، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی نوێ، قسەی بۆ رۆژنامەنووسیان كرد و گوتی پرۆژەیاسایەكەمان بەدەست گەیشتووە، بەڵام شارەزایانمان و ئەوانەی كاری لەسەر دەكەن بەدڵیان نییە دەڵێن باش نییە.
باسی لەوەش كرد، لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن و پاشان رای گشتی لێ ئاگادار دەكەنەوە و كەوموكوڕییەكانی دەخەنە روو.
پرۆژیییاسایەكە لە ١٠ مادە پێكهاتووە، سەرەكیترینی مادەكان ئەمانەن:
_ چەكدارانی پەكەكە دەبێت چەكەكانیان بە كردار فڕی بدەن و بگەڕێنەوە بۆ ژیانی ئاسایی، بەڵام ئەوانەی دەستیان لە كوشتن و كاری تیرۆر هەبووە، ناتوانن بگەڕێنەوە توركیا.
_ بۆ ماوەی پێنج ساڵ، هیچ چەكدارێكی پەكەكە بۆی نییە سیاسەت بكات و لەژێر چاودێری دەوڵەتدا دەبن.
_ ماوەی شەش مانگ دەدرێتە پەكەكە بۆ ئەوەی چەك دایبنێت و دەكرێت ئەو ماوەیە شەش مانگی تر درێژ بكرێتەوە.
_ عەبدوڵا ئۆجەلان و بەرپرسە باڵاكانی پەكەكە لێبوردنی گشتی نایانگرێتەوە، بەڵام ئۆجەلان رۆڵی رێكخەری پڕۆسەی ئاشتی دەدرێتێ.
كەمال كلچدارئۆغڵو، سەرۆكی جەهەپە، لە وتارێكیدا بۆ گروپی پارلەمانتارانی جەهەپە ئاماژەی دا، بابەتەكە پەیوەندیی بەوەوە نییە پەكەكە چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، بەڵكوو دەبێت تیرۆر لە توركیا كۆتایی پێ بێت و دەوڵەتی نەتەوەش لای ئەوان هێڵی سوورە.
پارتی خاس، كە هەر لە سەرەتاوە دژی پڕۆسەی ئاشتی بووە و رەخنەی لێگرتووە، لەرێگەی وتەبێژی پارتەكەیانەوە بەناوی، بوغجا كاڤونحاوە دەڵێت خوا هەموو ئەو كەسانە بگرێت كە دەستیان هەبووە لەو پڕۆسەیە، بەوەی روویان لە تیرۆر كردووە و پشتیان لە میللەت كردووە.
كاڤونجا دەڵێت: ”هەموو كەس قسە دەكات و گفتوگۆ دەكات، بابەتەكەش ئەوەیە باس لە جوداخوازەكان دەكەن بەناوی چوارچێوەی یاساوە، بەڵام ئەو چوارچێوە یاسایە نە پەرلەمانتاران و نە میللەت ئاگاداری نییە.“
پرۆژەیاسایەكە جارێ گفتوگۆی لەسەر نەكراوە، بەڵام دووچاری رەخنەیەكی زۆر بووە، لە لایەك بەشێك لە شڕۆڤەكارانی سیاسی كورد و لەلایەكیش توركە نەژادپەرستەكان. بەشێك لە شڕۆڤەكارانی كورد پێیانوایە، ئەو پرۆژەیاسایە تەسلیمبوونە و بەهیچ شێویەك مافی كورد نەدراوە، تەنیا لێبوردنی گشتی بۆ چەكدارانی پەكەكە دەردەچێت و لەوە زیاتر هیچی تری تێدا نییە، بۆیە دەبێت رەتبكرێتەوە. توركە نەژادپەرستەكانیش پێیانوایە، نابێت بەهیچ شێوەیەك گفتوگۆ لەگەڵ پەكەكەدا بكرێت، چونكە ئەوان تیرۆرستن و تیرۆرستیش نابێت لەگەڵیدا گۆببیتەوە و لەسەر مێزی دانوستاندن گفتوگۆی لەگەڵدا بكەیت.
سیاسییەكانی ئاكەپە و مەهەپە و دەم پارتی، پشتگیرییەكی تەواوی ئەو پڕۆسەیە دەكەن و پێیانوایە ئەم پڕۆژەیاسایەش دەستپێكێكی باشە بۆ ئەوەی لە داهاتوو زیاتر لە یەكتری نزیك ببنەوە و ئیدی زمانی چەك كۆتایی پێ بێت و زمانی ئاشتی شوێنی بگرێتەوە.

