مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
ئەستێرەیەکی پێشووی ریاڵ مەدرید: ڤینیسیۆس جۆنیۆر پلانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە
داهاتوو ڤینیسۆس جۆنیۆر، پرسێکی گەرمی مێدیا وەرزشییەکانە و یانەی ریاڵ مەدریدیش دەیەوێ دۆسیەکەی یەکلا بکاتەوە.
یانەی ریاڵ مەدرید و بریکارانی ڤینیسۆس جۆنیۆر، دوێنێ چوارشەممە کۆ بوونەوە و ڕووبەڕوو قسەیان لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ڤینیسۆس جۆنیۆر یان نوێنەکردنەوەی کرد.
بە پێی بەرنامەی لارگویرۆ، ڤینیسۆس جۆنیۆر دوا ئۆفەری یانەی ریاڵ مەدریدی رەت کردووەتەوە، کە ئۆفەرەکە ٢٢ ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە و تا ساڵی ٢٠٣١ـە، بەڵام یانەی ئارسناڵ سەرسەختترین یانەیە بۆ ڕکەبەریکردن لەسەر دەستخستنی ڤینیسۆس جۆنیۆر گەر گرێبەستەکەی لەگەڵ ریاڵ مەدرید نوێ نەکاتەوە.
گرێبەستی ڤینیسۆس جۆنیۆر لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید تا ساڵی ٢٠٢٧ـە و دەکرێ دوای ساڵێک بە خۆڕایی لە ریزەکانی یانەکەی بروا، ئەگەر ویستی لەسەر بێت.
لای خۆیەوە، بێدیگا میتانۆڤیچ، یاریزانی پێشووتری ریاڵ مەدرید و بەڕێوەبەری وەرزشیی پێشووی یانەکە، باسی لەوە کردووە کە ڕەشبینە لەسەر داهاتووی ڤینیسۆس جۆنیۆر لە ریاڵ مەدرید و یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
لە بەرنامەی ئێل لاریگوێرۆدا رایگەیاند: دەزانین کە ریاڵ مەدرید ئۆفەرێکی پێشکەش کردووە و ڤینیسۆس جۆنیۆر ڕەتی کردووەتەوە، لەم کاتەی هاویندا و لەگەڵ مانەوەی ساڵێک لە گرێبەستەکەیدا، ئەمەیش واتەیەکی ڕوونی هەیە و واتەی ڤینیسۆس جۆنیۆر نایەوێ و پلانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نییە.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی، ڕەنگە داوای ٣٠ یان ٣٥ یان ٢٥ ملیۆن یۆرۆ بکات، لەم قۆناغەدا و ئەوە کارێکی گرنگ نییە، بەڵکوو لەو ئۆفەر و گرێبەستانە دەکۆڵێتەوە کە بۆی چوون و ئەمەش شتێکی ئاساییە بەو پێیەی یاریزانێکی ناوازەیە.
باسی لەوەش کردووە کە ئارسناڵ زۆر گرنگیی بە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ ڤینیسۆس جۆنیۆردا دەدات و پلانی داناوە ئۆفەرێکی گەورەی پێشکەش بکات.
وتیشی: گەر ویستی لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی نەبێت، پێویستە ریاڵ مەدرید بڕەپارەیەکی زۆر بەرانبەر رۆیشتنی وەربگرێت، با بزانین چی ڕوو دەدات، بەڵام بە رۆیشتنی مانگی ئاب، کاروبارەکان نادیار دەبن، گەر نەهێنرێتە بروا بەوەی گرێبەستەکەی نوێ بکرێتەوە، پێویستە بیر لەوە بکەینەوە بڕەپارەیەکی زۆر بەرانبەر رۆیشتنی وەربگرین.
پێشتر تۆڕی ئەی ئێس بی ئێن لە سەرچاوەیەكی نێو یانەی ریاڵ مەدریدەوە بڵاوی کردبووەوە، یانەکە هیچ پلانێكیان نییە بۆ زیادكردنی بڕەپارەی زیاتر لەو ئۆفەرەی پێشكەشی جۆرنیۆر كرا بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی.
تۆڕی ئەی ئێس بی ئێن، باسی لەوە كردووە، كە یاریزانەكە وەرزی ڕابردوو پەلەی نەكرد لە نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی، هەروەها دوای یارییەكانی مۆندیالیش، دانوستانەكان هیچ پێشكەوتنێكیان بە خۆیەوە نەبینیوە.
ڤینیسیۆس جۆنیۆری تەمەن 26 ساڵان، لە ساڵی 2018ـدا چووە یانەی ریاڵ مەدرید بۆ ئەوەی ببێتە یەكێك لە باشترین یاریزانانی جیهان، لە دوو یاریی كۆتایی چامپیۆنس لیگ گۆڵی تۆمار كرد، هەروەها لە ساڵی 2024 بەربژێرێكی سەرەكیی بردنەوەی باڵاندۆر بوو، بەڵام ڕۆدری خەڵاتەكەی لە ژێر دەستی دەرهێنا و ئەویش پلەی دووەمی وەرگرت.
ئەو ئەستێرە بەرازیلییە وەرزی ڕابردوو لەژێر سەرپەرشتیی چابی ئەلۆنسۆدا دەیناڵاند، لە یاریی كلاسیكۆیشدا كاتێك ئاڵوگۆڕی پێ كرا، زۆر نیگەران و تووڕە بوو، هاوكات یانەكەیشی بەبێ هیچ ناسناوێكی ناوخۆیی و كیشوەری، كۆتایی بە وەرزەكە هێنا.
یانەی ئارسناڵ گرێبەستی لەگەڵ گیمارایشدا واژۆ کرد
یانەی ئارسناڵ نزیک بووەوە لە واژۆکردنی گەورەترین گرێبەست لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەیدا، ئەویش ڕێککەوتن لەگەڵ یانەی نیوکاسڵ و دەستخستنی یاریزانی بەڕازیلی بڕۆنۆ گیمارایشە.
رۆژنامەنووسی متمانەپێکراو فابریزیۆ ڕۆمانۆ، شارەزای بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان و راهێنەران لە ئەورووپا، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند: گرێبەستی بڕۆنۆ گیمارایش یەکلا کراوەتەوە و ئارسناڵ لەگەڵ نیوکاسڵدا ڕێک کەوتووە، دوای دانوستانێکی زۆر و درێژ. کە پێشتر و لە مانگی شەشدا لەگەڵ یاریزانەکە لەسەر مەرجە کەسی و تایبەتییەکان ڕێک کەوتبوون.
ڕۆمانۆ باسی لەوە کردووە، کە گرێبەستەکەی دەگاتە ٧٥ ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی، بەو پێیە دەبێتە نوێترین گرێبەستی میکیڵ ئارتێتای راهێنەری ئارسناڵ لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانیان بۆ وەرزی نوێ.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ئارسناڵ لەگەڵ نیوکاسڵ چووە نێو گفتوگۆوە، سەرئەنجام گەیشتنە ڕێککەوتن.
ڕاپۆرتەکانی پێشتر باسیان لەوە دەکرد، کە سەرەتا ئارسناڵ بڕی ٧٠ ملیۆنی دابوو، بەڵام نیوکاسڵ ڕەتی کردبووەوە و داوای بڕەپارەی زیاتری کردبوو، دواتر لەسەر ٧٥ ملیۆن جونەیهی ئیستەرلینی گەیشتنە ڕێککەوتن.
گیمارایش تەمەنی ٢٨ ساڵە و ویستی پۆشینی درێسی ئارسناڵی هەبوو، ئەوەیش ڕۆڵی لە ئاسانکردنی گفتوگۆکاندا هەبوو تا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ئارسناڵ بە هەموو هێزیەوە هەوڵی داوە ڕیزەکانی پتەو بکات و چەند یاریزانێک بۆ ئەو مەبەستە بباتە ریزەکانیەوە تا لە هەموو پاڵەوانیەتییەکاندا بتوانێ ڕکەبەری بکات.
گیمارایش دیارترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی پرێمەر لیگە، دوای ئەوەی ئاستێکی باشی پێشکەش کرد لە نیوکاسڵ، نۆ گۆڵی تۆمار کرد و ٨ پاسی یەکلاکەرەوەی لە هەموو خول و پاڵەوانیەتییەکاندا. بۆیە چاوەڕێکراو بوو کە ئارسناڵ بیباتە ریزەکانیەوە تا بتوانێ پاریزگاری لە ناسناوی خولی ئینگلیزی بکات و بە هەموو هێزیەوە ڕکەبەری لەسەر ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەکان بکات.

