دیمانە: حەسەن حەمەد ئاندێکی
د. دیاری محەمەد وەلی، دەرونناس وپسپۆڕی بواری دەروونزانی کەسێتی، لە بەرێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی، لە دیمانەیەکدا بۆ رۆژنامەی “هەولێر”، تیشکی خستە سەر کەسایەتی نارسیسی (نەرجسی) (Narcissistic Personality) و نیشانە و هۆکارەکانی لە کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستاندا.
کەسایەتی نارسیسی چییە و چۆن پێناسە دەکرێت لە ڕوانگەی دەروونناسی؟
کەسایەتیی نەرجسی، چەشنێکی بەردەوامە لەهەستکردن بە مەزنێتی و، پێویستیەکی لە ڕادەبەدەرە بۆ سەرسامی و، بێباکی لەهاوسۆزی بۆ ئەوانیتر، لە سەرەتای تەمەنی لاوێتیدا سەرهەڵدەدات و لە ڕێگەی بارودۆخە جیاوازەکانی ژیانەوە بەردەوام دەبێت، کە دەبێتە هۆی تێکچوون لە تۆڕی پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکاندا.
– لە پزیشکی دەروونیدا، زاراوەی شڵەژانی کەسایەتی نەرگسی (Narcissistic Personality Disorder)(NPD) کاتێک بەکاردەهێنرێت کە ئەم سیفەتانە توند و درێژخایەن و نەگۆڕ بن.
جیاوازی چییە لە نێوان خود خۆشەویستی و نارسیسیزم؟
جیاوازی نێوان خۆشەویستی خود (Self-Esteem) و نەرجسی (Narcissism) جیاوازییەکی بنەڕەتی دەروونی-کلینیکیە. خۆشەویستی خود قەدرو رێزێکی هاوسەنگە بۆ خود کە لەسەر کۆڵەکەی هۆشیاری وناسینی تواناکان وخۆشەویستییەکی سنوردار دەمەزراوە بێ ئەوەی هەوڵی ئینکاری و سڕینەوە و بێبەهاکردنی کەسانی دیکە بدات، بەڵام کەسێتی نێرجسی، ڕێزگرتن لە خود تێدەپەڕێنێت بۆ “خودمەزنی”، کە هیچ بنەمایەکی نییە لە واقیعدا و، لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ سەلماندنی بەهای خۆی لە ڕێگەی ناشیرینکردن و سووکایەتیکردن بە ئەوانی دیکەوە بەهۆی هەستکردن بەکەمی و فشەڵی وبودەڵی ناوەکیەوە.
ئایا نارسیسیزم نەخۆشییەکە یان تەنها شێوازێکی کەسایەتییە؟
لە دەروونناسی کەسایەتیدا، نەرجسی بە ڕەهەندێکی کەسایەتی دادەنرێت، واتە بە پلەی جیاواز لە هەموو مرۆڤەکاندا بوونی هەیە. دەکرێت نەرگسی وەک سیفەتێک (Trait) یان ڕەهەندێکی کەسایەتی تەماشابکرێت و، دەشکرێت وەک شڵەژانێکی کەسێتی (Narcissistic Personality Disorder) پۆڵێن بکرێت کاتێک توند وبەهێز وبەردەوام بوو و، بوەهۆی گرفتی بەرچاو بۆ لایەنی کۆمەڵایەتی وپیشەیی وسۆزداری کەسەکە.
نیشانە سەرەکییەکانی کەسێکی نارسیسی چین؟
لە ڕوانگەی کلینیکی و دەستنیشانکردنەوە، نیشانەکانی کەسایەتیی نەرجسی لە چوارچێوەی تێکچوونی کەسایەتیی نەرجسی (NPD) وەک لە ڕێبەری دەستنیشانکردن و ئاماری تێکچوونە دەروونیەکان (DSM-5-TR) هاتوە ئەم نیشانانەی خوارەوە لەخۆ دەگرن:
1) هەستکردن بەمەزنێتی (Grandiosity).
2) سەرقاڵبوون بەخەیاڵاتی باڵادەستی و سەرکەوتن.
3) باوەربوون بەوەی کەم وێنە ودانسقەیە.
4) پێویستی وحەزی زۆر بە سەرسامی.
5) هەستکردن بە شایستەبوون مامەڵەکردنی تایبەت (Entitlement).
6) ئیستغلالکردنی پەیوەدییەکان.
7) نەبوونی هاوسۆزی.
8) ئیرەیی بردن یان باوەڕەی وایە ئەوانیتر ئیرەیی پێ دەبەن.
9) ڕەفتاری لووتبەرزانە یان هەڵوێستی خۆبەزلزانانە.
تا چەند ئەم جۆرە کەسایەتییە لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستاندا هەیە؟
لە ئێستادا هیچ داتایەکی پەتازانی کە گوزارشتبێت لە دانیشتووان سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی نەخۆشی یان سیفەتەکانی کەسایەتی نەرگسی لە هەرێمی کوردستاندا نییە. زۆربەی توێژینەوە ناوخۆییەکان پشت بە نمونەی تایبەت دەبەستن (وەک قوتابیان یان کارمەندان) و ڕێگە بە گشتاندنی ئەنجامەکان نادەن بۆ هەموو دانیشتووان. بەگشتی نەرجسی سیفەتێکی کەسایەتیە کە بە پلەی جیاواز لە هەموو کۆمەڵگاکاندا هەیە و مەرج نییە ئاماژە بێت بۆ تێکچوون. خەمڵاندنە جیهانیەکان پێشنیاری ئەوە دەکەن کە بڵاوبوونەوەی تێکچوونی کەسایەتیی نەرجسی لە دانیشتوانی گشتیدا لە نێوان نزیکەی 0. 5% بۆ 6% دایە، لەگەڵ خەمڵاندنە باوەکان کە نزیکترن لە 1% بۆ 2%، بەپێی میتۆدۆلۆژیا و نمونەی بەکارهێنراو.
کولتوور و پەروەردەی خێزان، هاوڕێیان، کاریگەری لەسەر دروستبوونی نارسیسیزم هەیە، چۆن؟
بەڵێ، کولتوری خێزان، شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ و کەسوکار وخزمەکان کاریگەرییان لەسەر گەشەکردنی تایبەتمەندیە نەرجسیەکان هەیە لە ڕێگەی میکانیزمە دەروونی کۆمەڵایەتیەکانەوە.
زیادەڕەوی لە ستایشکردن یان خۆشەویستی لەسەر بنەمای دەستکەوت دەتوانێت وێنەیەکی هەڵئاوساو و وابەستەیی بە سەرسامی دەرەکی دروست بکات، لە کاتێکدا پشتگوێخستنی سۆزداری دەتوانێت ببێتە هۆی نەرجسی بەرگری وەک ڕێگەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی لاوازی ناوەوە. خێزانێک کە جەخت لەسەر پێگە و ناوبانگ دەکاتەوە، شانازیکردن و بەراوردکردن بەرەوپێش دەبات، ئەوا بەشدارە لە چەسپاندنی ئەو سیفەتانەی لەداهاتوودا دەبنە هۆی نەرجسیەت.
ڕۆڵی میدیا (سۆشیالمیدیا) لە زیادکردنی یان کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە چییە؟
لە ڕوانگەی دەروونناسی کلینیکی و کۆمەڵایەتییەوە، خودی سۆشیالمیدیا نابێتە هۆی تێکچوون یان دروستکردنی کەسایەتیی نەرجسی، بەڵام دەتوانێت وەک داینەمۆیەک یان پاڵنەری تایبەتمەندیە نەرجسیەکان کار بکاتە سەر مەیلی تاکەکان. لە هەندێک چوارچێوەدا، ڕەنگە بە پێچەوانەشەوە یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەیان.
بۆیە گەر سۆشیالمیدیا تەنها وەک پلاتفۆرمێک بۆ گەڕان بەدوای لایک و بەڕێوەبردنی وێنەی مرۆڤ وناوبانگ بەکاردەهێنرێن ئەوا دەکرێت ڕێگەخۆشکەر بێت بۆ پەرەسەندنی سیفەت و تایبەتمەندییەکانی نەرجسی، ڕەنگەنگیشە ببێتە هۆی کەمکردنەوە کاتێک بۆ فێربوون و پەیوەندی هاوسەنگ و پەرەپێدانی هاوسۆزی بەکار دەهێنرێت. بۆیە دەتوانین بلین فاکتەری یەکلاکەرەوە بریتیە لەشێوازی بەکارهێنانی تاک و چۆنێتی لەخۆڕوانینی تاکە، نەک خودی پلاتفۆرمەکە.
ئایا ژینگەی سیاسی و کارگێڕی دەتوانێت ئەم جۆرە کەسایەتییە بەهێز بکات؟
بەڵێ، ژینگەی سیاسی و ئیداری دەتوانێت سیفەتە نەرجسیەکان پەرە پێبدات کاتێک هەندێک کەس گەورە و پیرۆز دەکەن و لێپرسینەوە و لێپێچینەوە لاواز دەکەن نمایشی ئعلامی بێبەها و ئەرزش دەهێننە ئاراوە و کەسانێکی بێسەلیقە و بێبەهرە و ناوەرۆک دەخە پێش کەسانی کارامە و لێهاتوو لێوەشاوەوە، تەنها لەسەر بنەمای ڕواڵەت و ڕوخسار کە ئەمەش ناڕاستەوخۆ دەبێتە هاندانی زیاتر بۆ دەرکەوتی ئەم چەشنە لەکەسێتی بەتایبەت لە نەبوونی چاودێری و غیابی حوکمڕانی دامەزراوەییدا.
کەسێکی نارسیسی چۆن مامەڵە دەکات لە ناو خێزان؟
دەکرێت کەسی نەرجسی بەم نیشانانە بناسینەوە لەنێو خێزاندا:
– خۆدسەنتەری لەنێو خێزاندا قسەی سەرەتاو کۆتایی دەبێت هی خۆیبێت.
– چاوەڕوانی گرنگی پێدانی تایبەت و قەدرزانی بەردەوام دەکات.
– بەکەم تەماشاکردنی هەستی هاوبەشی ژیان ومنداڵەکانی.
– هەستیاری زۆر بەرامبەر بە ڕەخنە تێبینیە ئاساییەکان وەک هێرشێکی کەسی لێک دەداتەوە.
– لەوانەیە توڕەیی لەناکاو یان سزایی کشانەوە (سزای بێدەنگی) نیشان بدات.
– کۆنتڕۆڵکردن وباڵادەستی خۆسەپاندن.
– خۆشەویستی و قبووڵکردنی مەرجدار واتە کاتێک تۆی خۆش دەوێت یان تۆی قبووڵە کە گوێڕایەڵی ئەو بێت یان دەستکەوتێکت هەبێت ئەو دڵی پێی خۆش بێت.
کاریگەری لەسەر هاوسەرگیری و پەیوەندییە سۆزدارییەکان چییە؟
لە ڕوانگەی کلینیکی و زانستیەوە، سیفەتە نەرجسیەکان _ بە تایبەت کاتێک بەرز دەبنەوە بە ڕوونی کاریگەرییان لەسەر کوالیتی هاوسەرگیری و پەیوەندییە سۆزدارییەکان هەیە کە ئەمانەن:
1) ناهاوسەنگیی سۆزداری
2) بێباکی هاوسۆزی یان ئاستێکی نزم پێشکەش دەکات لە ڕووی سۆزدارییەوە.
3) هەستیاری بەرامبەر ڕەخنە: هەر تێبینیەک تەنانەت ئەگەر بچوکیش بێت لەوانەیە وەک هێرش لێکبدرێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زۆرجار دەمەقاڵە یان توڕەیی بەرگری.
4) ململانێی دەسەڵات: مەیلی بەردەوام بۆ کۆنترۆڵکردن و بڕیاردانی تاکلایەنە، سەختی لە دانوستانی هاوسەنگدا.
5) دەستکاریکردن یان یان بێبەهاکردن: بەکارهێنانی لۆمەکردن یان بچووککردنەوەی برامبەر بۆ پاراستنی باڵادەستی.
6) ناسەقامگیریی درێژخایەن: توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نەرجسیەکان پەیوەندییەکانیان ناسەقامگیرە؛ زۆر درێژە ناکێشێت و، بە جودابوونەوە کۆتایی دێت.
لە شوێنی کاردا، سەرکردەیەکی نارسیسی چۆن ڕەفتار دەکات؟
لە شوێنی کاردا کەسێتی نەرجسی زۆربەی کات دەیەوێت دەستکەوتە کەسییەکانی خۆی دەکات نیشان بدات و، سەرکەوتنی دامەزراوەکە بۆ خۆیان دەگەڕێننەوە، زۆرجار بەوپەڕی متمانە بەخۆبونێکی بەهێزەوە بڕیاری مەترسیدار دەدەن. هەستیارن بەرامبەر بە ڕەخنە و بۆچوونە جیاوازەکان . هەروەها مەیلیان بۆ بەناوەندیکردنی بڕیار دەسەڵات هەیە، ئەمەش وادەکات ژینگەیەکی نائارام پڕ لە کێبەرکێی نادروست بهێنێتە ئاراوە.
کەسێک ئەگەر گومان بکات کە ئەم تایبەتمەندییەی هەیە، چۆن خۆی رزگار بکات؟
ئەگەر کەسێک گومانی هەبوو کە سیفەتی نەرگسی هەیە، سەرەتا پێویستە جیاوازی بکات کە ئایا سیفەتێکی ئاساییە یان شڵەژانە کە بە توندی و کاریگەری دەناسرێتەوە. پێوەستە کەسەکە پەنا بەرێتە بەر هەڵسەنگاندنی پیشەیی لەجیاتی خۆدەستنیشانکردن، چارەسەری دەروونی کاریگەرترین بژاردەیە کاتێک کەسەکە بە خودمەزنیەوە سەرقاڵە و، بەردەوام حەزی لێیە سەرسامی بن.
ئایا چارەسەری دەروونی بۆ نارسیسیزم هەیە؟ چ جۆرە چارەسەرییەک باشترە بۆ ئەم حاڵەتە؟
چارەسەری ڕاستەوخۆی دەرمان بۆ خودی نەرجسی نییە، بەڵکو پێویستیان بە چارەسەری سەرەتایی و چارەسەری درێژخایەنی دەروونییە. لە ڕووی زانستییەوە تاکەچارەسەری “باشترین بۆ هەمووان”مان پێ نییە، ئەوەی تا ئێستا هەیە ئەوانەی خوارەوەیە:
1) چارەسەری شیکاری/ داینامیکی (Psychodynamic Therapy):
• سەرنج دەخاتە سەر تێگەیشتن لە ڕەگ و ڕیشەی سەرەتایی یەکەم وێنەی خۆد.
• جەخت دەکاتەوە سەر ئەو فشەڵە ناوەکییەی کەلە پشت هەستی خۆبەگەورەزانی دەرەوەیە.
لە حاڵەتە درێژخایەنەکاندا بەسوودە
2) چارەسەری سکیما (Schema Therapy):
• ئەو شێوازە مەعریفی و سۆزدارییە قووڵانە دەکاتە ئامانج کە لە منداڵیدا دروست بوونە، کاریگەرە لەگەڵ تێکچوونی کەسایەتیدا.
3) چارەسەری ڕەفتاری مەعریفی (CBT):
• یارمەتی دەستکاریکردن وگۆڕینی بیرکردنەوە شێواوەکان دەدات؛
• توانای پەیوەندیکردن و ڕێکخستنی سۆزداری باشتر دەکات؛
• زیاتر سەرنجی لەسەر ڕەفتاری ئێستایە.
پەیامت بۆ خەڵک سەبارەت بە تێگەیشتن لەم جۆرە کەسایەتییە چییە؟
لە هەموو ناکۆکییەکدا وشەی “نەرجسی” وەک سووکایەتی بەکار مەهێنە. هەموو متمانەبەخۆبوون یان خۆشەویستییەک بۆ خۆد نەرجسیەت نیە. نەرجسی ڕاستەقینە شڵەژانێکی دەروونیە و پێوەری تایبەتی خۆی هەیە، دەستنیشانکردنیشی پێویستی بە کەسانی پسپۆڕە، پێش ئەوەی بڕیار بدەیت تێبگە، متمانە مەبەخشە بە کەسیتی نەرجسی تێکەڵاوی مەکە و، بەبێ دژمنایەتی سنووری بۆ دابنێ، چاوەڕوانی گۆڕانکاری خێرامەکە لەباشبونی ئەم شڵەژانەدا، هەوڵ بدە دوور بکەویتەوە لە زیادەڕەویکردن لە پیاهەڵدان و مەدحکردنی کەسی نێرجسی تەنها لەپێناو دوورکەوتنەوە لە شەڕ و دەمەقاڵێ و، بەهیچ شێوەیەک مەچۆ ناو گەمەی بەراوردکردن و سووکایەتیپێکردنی کەسێتی نەرجسییەوە، چونکە ڕەنگە بتخاتە ناو ململانێیەکی توندەوە بەتایبەت لە شوێنی کارکردندا، بۆیە و سەرنجت لەسەر پاراستنی هاوسەنگی دەروونی خۆت بێت.

