رۆژنامەی ھەولێر

زیاتر لە ١٠٠ هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش کراوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئامادەکارییەکانی بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی ھەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کۆتایی پێھێناوە و بڕیارە ھەفتەی داھاتوو پرۆسەکە بەڕێوەبچێت، ئەمە لە کاتێکدایە ٥٠٠ ھەزار ڕەزامەندی تەرخانکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران گەڕاوەتەوە.

ڕووبەری ئەو پارچە زەویانەی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشدەکرێن لە دوو سەد مەتر کەمتر نییە واتە درێژیەکەی ھەشت مەتر و پانییەکەی بیست و پێنج مەترە، ڕۆژی ٢٧-٣-٢٠٢٤، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەندنەبوون بەپێی یاسا و ڕێنوێنییەکان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ڕاسپارد.
بڕیاری پێدانی زەوی لە ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠٠٨ ڕاگیراوە و تا ئێستا فەرمانبەران بەشێکیان سوودمەند نەبوونە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەو بڕیارە ھیوای بۆ فەرمانبەران گەڕاندەوە. ساسان عەونی، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دابەشکردنی زەوی بڕیارێکی گرنگ بوو کە لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەشنەکراوە و دوای ١٨ ساڵ، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بڕیارێکی گرنگی لە بەرژەوەندی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانە دەرکرد کە تاوەکو ئێستا سوودمەند نەبوونە، ئەوەش دەرفەتێکی گرنگە بۆ خەڵک کە دۆخی ناھەمواری ئابوورییان سووکتر دەکات.
حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژەوەندی ھاووڵاتییان کار دەکات و تا ئێستا بە دەیان بڕیاری لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان داوە، کە باری سەرشانی ھاووڵاتییان ئاسانتر بکات، لەپێناو ئەوەی کارئاسانی زیاتر بۆ ھاووڵاتییان بکرێت، یەکێک لە بڕیارەکانیش دابەشکردنی زەوییە بەسەر فەرمانبەران، فەرمانبەران و ھێزەکانی ئەمنی و پێشمەرگەش بەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەت دڵخۆشن و دەڵێن بڕیارێکی گرنگە، بەتایبەتی بۆ ئێمە کە ماوەیەکی زۆرە لە چاوەڕوانی پێدانی زەویداین.
ئابووری و سیاسەت، پەیوەندییەکی چڕوپڕیان بەیەکەوە ھەیە، ھەر کاتێک بارودۆخی سیاسی باش بێت، بازاڕیش ڕوو لە باش بوون دەکات، لە ھەندێک شوێنی خۆش، بەتایبەتی ئەو شوێنانەی کە پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێ گەیشتووە و خەڵک ڕووی تێ دەکەن پارچە زەوی ھەیە نزیکەی ١٠ ھەزار دۆلاری چووەتە سەر، نرخی خانووش بە ھەمان شێوە بەرز بۆتەوە. شارەزایانی بواری ئابووری، دەڵێن، کار و پڕۆژەی خزمەتگوزاری ڕاستەوخۆ پەیوەستن بە ژیانی خەڵکەوە و دەبنە ھۆکارێکی باش کە ھاووڵاتییان متمانە و خواستی زیاتریان لەسەر کڕینی زەوی و خانووبەرە بۆ دروست بێت، بەتایبەتیش دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ھەر ناوچەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ بچێت، خەڵک ڕاستەوخۆ ڕوو لەم شوێنانە دەکەن و پەنا دەبەنە بەر دروستکردنی خانوو، بەوەش نرخی زەوی و خانوو بەرزدەبێتەوە.
سەربەست مەولوود، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی، گوتی: پرۆسەی وردبینی لە ناوەکان لە تەواوبووندایە و وەزارەتی پێشمەرگە ٢ ھەزار ناوی نوێی ڕەوانە کردووە، پاش وردبینیکردن لەوانەی مەرجی ٨ ساڵ خزمەتیان ھەیە، ناوەکان دەنێردرێنە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ وەرگرتنی ڕەزامەندی کۆتایی.
سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست، سەرپەرشتیاری تیمی وردبینی و ڕێکخستنی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی لە وەزارەتی شارەوانی، ئاشکرایکرد، فۆرمی تایبەتیان بۆ ئامادەکراوە و لە ئێستادا چاوەڕێی گەیشتنی ڕێنماییە نوێیەکانن لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، تاوەکو بە ھەمان ڕێکارەکانی فەرمانبەرانی
ھەمیشەیی، زەوییان بەسەردا دابەش بکرێت و لێی سوودمەند ببن.