ئارام كۆشكی – سلێمانی
بەشی دووەم
لەم بەشەی چاوپێکەوتنەکەدا مامۆستا حەمە کەریم عارف وەڵامی چەند پرسیارێکی دیکە دەداتەوە سەبارەت بە ئامانجی وەرگێڕان و کاریگەریی ژیری دەستکرد لەسەر وەرگێڕان و ئەو لێکەوتە نوێیانەی دوای هاتنی لەسەر وەرگێڕان جێدەمێنێت، ئەمە بێجگە لەوەی باس لەوەش دەکات کە وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە چ ئاستەنگێکی بۆ دێتە پێش و وەرگێڕ چۆن دەتوانێت بەسەر ئەو ئاستەنگانەدا زاڵ بێت…
* هەموو وەرگێڕێک کاتێک کتێبێک وەردەگێڕێت ئامانجێکی هەیە، لای ئێوە ئامانجی وەرگێڕان بە گشتی چییە؟ ئایا گرنگە وەرگێڕان پرۆسەیەکی ئامانجدار بێت؟
وەڵام: زۆرجار یونسکۆ، ناو بە ناو لیستێکی دوور و درێژ بە ناوی ئەو کتێبانەوە بڵاو دەکاتەوە کە بە کەلەپوور و میراتی نووسراوی جیهانی دێنە هەژمارکردن و پێشنیازی ئەوە بۆ میللەتان دەکات کە پاچڤەیان بکەن.. میللەتانی جدی و زندوو، پێشنیازەکە بە هەند دەگرن و کەم و زۆر بە دەنگ بانگەوازەکەوە دەچن، بەڵام میللەتانی خەمسارد فەرامۆشی دەکەن. ئەمە خۆی لە خۆیدا، زەروورەت و گرینگی پڕۆسەی وەرگێڕان نیشان دەدات و دەسەلمێنێت و پاچڤە پرد و ڕایەڵی نێوان کولتوورانە، وەرگێڕانی ئامانجدار و بە بەرنامە، دیالۆگە، دیالۆگ، دەرهاوێشتەی دیموکراتیەتێکی سەردەمیانە و هاوچەرخە، دیالۆگێ دیالۆگ بێت دەکاتە پێشوازی لە جیاوازییەکان، واتە کرانەوە بۆ دەرەوە و بۆ ناوەوە. کە ئەمە تەماسی ئەپستمۆلۆژی و کولتووری لێ دەکەوێتەوە، لە ئەنجاما وەرچەرخانی مەزن لە هزرینی میللەتدا چێ دەکات، پاچڤەوان لە ڕێگەی پاچڤەی باشەوە دەبێت بە شەریکی نووسەر، کە لە بنەڕەتدا دەبێت سەلیقە و مەرجەکانی نووسەری تیا بێت، بەو ئاوایەش میللەتان دەبن بە شەریکی فیکر و فەلسەفە و زانست و هونەر و ڕۆشنبیریی یەکدی و دەکارن یەکتر بخوێننەوە، هاماج و ئەتمۆسفیرێکی لە باری لێکدی حاڵی بوون بڕەخسێنن و پەیوەندییە مرۆڤانیەکان ڕیشاژۆ بکەن.. کە دەستکەوتێکی مرۆڤایەتی زۆر گەورەیە. پاچڤە بۆ میللەتێکی بێ دەوڵەت و بێ خودانی وەکو ئێمەی کورد، یەجگار پێویستە، هەم بە ئەزموونی ماددی و مەعنەوی تۆمارکراوی میللەتانمان ئاشنا دەکات، زمانەکەمان دەوڵەمەند دەکات، سەدان زاراوە و پەیڤی هاوچەرخ دەڕژێتە زمانەکەمانەوە. هزرینی خۆمان بە ئەزموونی پێشڕەوانەی میللەتان موتوربە دەکەین.
وەرگێڕان لە ڕووی زمانەوە دەکاتە پیتاندنی زمانەکەمان و کەشفکردن و وەگەڕخستنی ئیمکانیات و وزە نهێنیەکانی زمانەکەمان. دەبێتە هۆی تەقاندنەوەی سەچاوە خۆماڵییەکان، توانا و بەهرەی نووسەران و خوێنەران دەرسکێ. توانای بەراوردکاری و جیاکردنەوەی بەرهەمێن ڕەسەن لە بەرهەمێن جەڵەبی و بازاڕی دەخەمڵێ، نە خوێنەر بەرهەمی جەڵەبی قبووڵ دەکات و نە نووسەر دەوێرێت بەرهەمی کاڵ و کرچ بە نرخی شاکار بە خوێنەر بفرۆشێت . ئامانجی بەندە لە وەرگێڕاندا هەموو ئەو بوارانەیە کە لە سەرێ ڕا ئاماژەم کردوونێ.. وەرگێڕان ڕێگەیەکی قەدبڕی شارستانییە بۆ پێکگەیاندنی قەڵەمڕەوێن ئەزموونە جیاوازەکان. بەندە یەک لە باری خۆم جۆرە کرانەوەیەکی کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری، ڕۆشنبیریی، ئەدەبی-چیرۆکڤانی و ڕۆمانەوانی لە هەرێمی کوردستاندا. بە دی دەکەم کە لە باندۆری تەڤگەری پاچڤەوانی بەدەرێیە.
* ئاستەنگی وەرگێڕان لەم سەرجەمی هەژموونی ژیری دەستکرد (ئەی ئای)دا چۆن دەبینن؟ ئایا پێتوایە وەرگێڕانی ئەدەبیات جێگرەوەی بۆ پەیدا دەبێت و (ئەی ئای) ئەو جێگرەوەیەیە؟
وەڵام: دەقی ئەدەبی، وەکو هونەر، وەڵامگۆی پێداویستییە دەروونی و مەعنەوییەکانی بەشەرە، بەڵام وەکو ئاوی دەریایە و تینویەتی ناشكێنێت، چونکە پێداویستییە دەروونی و ڕوحی و
مەعنەوییەکانی بەشەر لە گۆڕانی بەردەوامدایە و لە کۆتایی نایەت، بۆیە تا بەشەرێک مابێ، هونەر و ئەدەبیات هەر دەمێنێت.. دەقی ئەدەبی، بوونەوەرێکی زندووە، بە تێکڕای هەست و سۆز و، کول و کوڤان و، خەون و خەیاڵ و، کەلەجان و کەڵکەڵە باڵدار و هەوڵەکانی خەیاڵاندنی واقیع و واقیعیەتاندنی خەیاڵەوە.. هەر هەموو ئەمەش بە زمانێکی باڵا و مەند و پڕ لە بەلاغەت و فەساحەت و هونەرە ڕەوانبێژییەکان.. بۆیە وەرگێڕانی کار و بەرهەمێن ئەدەبی تەنیا گواستنەوەی وشە نییە لە زمانێکەوە بۆ زمانێکی دیکە، بەڵکو دەکاتە ئەفراندنەوەی دەقێکی هونەری هەستیار لە ژینگەیەکی هونەریی تازەدا.
دەقی فلیڤانی ئەدەبی بارگاویە بە سۆز و گوداز و هونەرێن ڕەوانبێژی و جفرەێن هێمایی و مرۆڤانی و هەستێن قووڵی ئەوتۆ، کە جفرەکانی بە ((ئەی ئای)) بە تایبەتی لەم قۆناغەدا، کە لە بنەڕەتدا بەرمەجە کراوە، نایەتە کرانەوە و هەڵهێنان ((ئەی ئای)) لە ئاستی ئەو ڕیتم و ئاهەنگە موزیکییە بەڕەمز و ڕازەی کە لە دەقی ئەدەبی فیلڤانی دا هەیە، دەستەوستانە. دەقی ئەدەبی، بوونەوەرێکی زیندووە، ڕوحی هەیە، ئەو ڕوحە بە سەرانسەری دەقەکەدا، بڵاو بووەتەوە، لە هەموو شوێنێ هەیە و لە هیچ شوێنێکی دەقەکەدا دیار نییە، سەروکاری لەگەڵ ئەگەراندایە، وەرگێڕ لە سەرێتی لە میانی زمانی یەکەمەوە ڕوحی دەقەکە کەشف بکات، بە شێوەیەکی، داهێنەرانەی ئەوتۆ لە زمانی دووەمدا بیکاتەوە بە بەری دەقەکەدا کە هەمان تام و بۆی دەقە ئەسڵەکە بدات، بەڵام بەناسنامەی وەرگێڕان، دیارە ئەم نەشتەرگەرییە هەستیارە، تەنیا بە زمان و لەناو زماندا دەکرێت، هەر زمان و چۆنیەتی بەکارهێنانی زمان زەمانەتی دەقایەتی دەقەکە لە زمانی دووەمدا دەکات.
بۆیە جارێکی دی دەیڵێم، کە (ئەی ئای) ئەوزارێکی بەرمەجە کراوە، لەم قۆناغەیدا، دەرەقەتی کردنەوەی جڤرە نهێنی و هەزارتوێ و نهێنگە بێ پەیەکانی دەقی ئەدەبی فیلڤانی نایەت و زەمانەتی دەقایەتی دەقی ئەدەبی پێ ناکرێت و بۆ ئایندەش عەقڵی بەشەری هێندە بێ سنوورە، کە دوور نییە سەری خۆی بخوات…
* زۆرجار متمانە بە وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە ناکرێت، ئێوە چۆن دڵنیا دەبنەوە لە دەقێک بۆ وەرگێڕان کە لە زمانی دووەم یان سێیەمەوە بۆ کوردی هەڵی بژێرن؟
وەڵام: دیارە وەکو چۆن لە دنیادا دوو کەسی سەدی سەد، ئەگەر جمکش بن نییە، وەکو یەک نییە، بەو ئاوایەش دوو زمانی وەکو یەک نییە، ئەگەر لە یەک خێزانە زمانیش بن. وەرگێڕان بە حوکمی ئەوەی دەکاتە پێشوازی لە جیاوازیەکان. خۆ بە خۆ شەقڵ و مۆرکی گفتوگۆ، دیالۆگ و گوت و بێژان وەردەگرێت. گومان لەوەدا نییە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ، کارا و کاریگەر و بەرمێنتر و بە باندۆرتر و پەسەندترە؛ بۆیە وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە، زیاتر گفتوگۆیەکی ناڕاستەوخۆیە، وەکو ئەوەیە دوو لایەنی کێشەیەک، لە ڕێگەی میانچییەوە و ناڕاستەوخۆ گفتوگۆ بکەن، کە هەرگیز جێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ و زندوو ناگرێتەوە و ئەگەری سەرکەوتنیشی زۆر کەمە..
وەرگێڕان لە زمانی دووەمەوە وەکو کەلوپەلی دەستی دووەمە؛ نە ڕەونەق و نمود، نە بایەخ و لەزەتی کەلوپەلی دەستی یەکەمی هەیە.. هەر زمانێک بگریت، گوزارشت لە کولتوور و فەرهەنگ و مێژووی مادی و مەعنەوی ئەو میللەتە دەکات کە پێداویستییە حەیاتیەکانی خۆی پێ ڕایی دەکات و، لە ڕووی بونیادی زمانەوانی و بەخششی مەعریفی و هونەرییەوە تایبەتمەندی خۆی پەیدا دەکات و لەسەر وەرگێڕە کەشفی بکات، تا بتوانێت بە دروستی مامەڵەی لەتەکدا بکات، چونکە دوو زمانی وەکو یەک لە دنیادا نییە، بۆیە وەرگێڕ چەند بە تواناش بێت، با لە زمانی یەکەمەوە پاچڤە بکات، ئەوپەڕی دەتوانێت نزیکترین هاوتای دەقی یەکەم لە زمانی دووەمدا بژێنێتەوە؛ خۆ ڕەنگە هەندێجار، دەقە دووەمەکە، لە دەقی یەکەم باشتر بێت. بەهەرحاڵ دەق کە دێتە وەرگێڕان، بە حوکمی جیاوازی تەبیعەت و بونیادی زمانان و ئەو بارەگە کولتووری و مادی و مەعنەوییەی لە خۆیدا هەڵیگرتووە، کەمۆکەیەک کاڵدەبێتەوە.. هەڵبەتە وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ زۆر پەسەندتر و باشترە؛ چونکە ئەمانەت و ڕوحی دەقەکە زیاتر دەپارێزرێت و وەرگێڕانی ڕاستەوخۆ پردی نێوان کولتوورە جیاوازەکانە، دەبێ پردێک بێ جێگەی متمانە بێت و قەڵەمڕەوە کولتووریە جیاوازەکان بگەیەنێتە یەکدی.بەڵام وەرگێڕان لە زمانی دووەم و سێیەمەوە، دەق کاڵی کاڵ دەبێتەوە، لە ڕەونەق و دەقایەتی دەکەوێت، هەموو ڕەهەندە هونەریی و کولتووریەکانی دەقەکە ون دەبن و لە دوا ئەنجاما دەقێک بەرهەم دێت کە پەیوەندی بە دەقە ئەسڵەکەوە نییە؛ تەفسیرێکی دەقە ئەسڵەکە پاچڤە دەکەیت.. خۆ ئەگەر لە ڕووی ناچارییەوە، لە زمانی دووەمەوە کاری پاچڤە هاتە کردن، هەقە وەرگێڕ هەم بۆ ئاسوودەیی ویژدانی خۆی و هەم بۆ وەدەست هێنانی متمانەی خوێنەر، لەگەڵ چەند وەرگێڕانێکی دیدا- ئەگەر هەبن، بەراوردی بکات، ئەو ڕەخنە و وتار و باری سەرنجانە وەخوێنێ کە لەسەر ئەو دەقە نووسراون، پێشەکی و ڕوونکردنەوە و پەراوێز بۆ پاچڤەکەی خۆی بنووسێت. خۆ ئەگەر ئەو کات و وەخت و تاقەتەی نەبێت، با ئەو کارە نەکات، چی زۆرە شاکار زۆرە!…
بەڵام لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر ئەو کارە لە ناچاریدا کرا، هەق نییە ئەو وەرگێڕە بەرد باران بکرێ و بە نەفرەتی دنیا و قیامەت بکرێ، خۆ ئەگەر پاچڤەکەی ڕوون و ڕەوان و مەفهووم و جوان بوو، حیسابی وەرگێڕانی ئازادی بۆ بکە و، چاکەی ئەوەی بۆ حیساب بکە کە دەقێکی تازەی خستووەتە کتێبخانەی نیشتمانی نەتەوەیی خۆیەوە…

