رۆژنامەی ھەولێر

وردەکارییەکانی داشکاندن لەسەر قەرزی کۆنی پێش پڕۆژەی رووناکی

سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا، نوێترین داتا و زانیاریی لە بارەی پرۆسەی لێخۆشبوون و داشکاندنی قەرزەکانی کارەبا پێش پڕۆژەی رووناکی بڵاو کردەوە.

بە پێی راگەیەنراوەکە، ڕێژەی داشکاندنی قەرزەکان بەپێی جۆری هاوبەشان بەم شێوازە دیاریکراوە:
داشکاندنی 50% بۆ سەرجەم هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵی.
داشکاندنی 25% بۆ هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری (جگە لەو هاوبەشانەی کە فیدەری تایبەتیان هەیە و ژمارەیەکی زۆر کەم پێکدەهێنن).
نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت، جەختی لەسەر گرنگیی ئەم هەنگاوە کردووەتەوە و رایگەیاندووە: ئەمە دوایین لێخۆشبوونی ناوازەیە و بە چەند هۆکارێک گرنگی تایبەتی هەیە؛ یەکەم، ئەم دەرفەتە چیدیکە درێژ ناکرێتەوە. دووەم، داشکاندنەکە راستەوخۆ جێبەجێ دەکرێت و هاوبەشان تەنیا پێویستە بڕە پارەی داشکێنراوی قەرزی کۆن بدەن.
هاوكات جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هاوبەشان پێویستە لە پارەدانی پسوولەی مانگانەی رووناکی بەردەوام بن و لە ماوەی 50 رۆژدا بیبژێرن، بە پێچەوانەوە لە رێگەی سیستەمی خۆکارەوە کارەباکەیان دەپچڕێت.
سەبارەت بە داتاکانی پرۆسەکە، تاوەکوو کاتی بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوەکە، بڕی لێخۆشبوونی حکوومەت لە قەرزی کۆن گەیشتووەتە نزیکەی 10 ملیار دینار و زیاتر لە 35،000 هاوبەش قەرزەکانیان داوەتەوە. هاوکات رێژەی پارەدان لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵیی “ئی-پسوولە” گەیشتووەتە 75%

دابەشبوونی بڕی لێخۆشبوون لەسەر ئاستی پارێزگاکان تاوەکوو ئێستا بەم شێوەیەیە:
هەولێر: 3.5 ملیار دینار.
سلێمانی: 3.5 ملیار دینار.
دهۆک: 2.5 ملیار دینار.
هەڵەبجە: 100 ملیۆن دینار.