رۆژنامەی ھەولێر

فوئاد حوسێن: عێراق پابەندە بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و قەرەبووکردنەوەی رزگاربووانی ئێزدی

لە رێوڕەسمی 12ەیەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا جەختی لەسەر هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ سارێژکردنی برینەکانی پێکهاتەی ئێزدی و دادگاییکردنی تاوانباران.

لە سەرەتای وتارەکەیدا، ئەمڕۆ دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، فوئاد حوسێن جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، سڵاو و رێزی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی گەیاندە ئامادەبووان و رایگەیاند، بە نوێنەرایەتی ئەو بەشداری یادەکە دەکات. هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ رێکخستنی ئەم یادە و بەخێرهاتنی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمڕۆ بۆ یادکردنەوەی یادەوەرییەکی پڕ لە ئێش و ئازار کۆبوونەتەوە کە 12ساڵ لەمەوبەر بەسەر عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێپەڕی. ئەو باسی لە زنجیرە تاوانەکانی مێژووی عێراق کرد، لەوانە کۆچپێکردنی زۆرەملێی فەیلییەکان لە ساڵی 1980و بێسەروشوێنکردنی 12 هەزار گەنجیان، جینۆسایدی بارزانییەکان و بێسەروشوێنکردنی 8 هەزار کەس، و تاوانی ئەنفال لە هەڵەبجە.

فوئاد حوسێن روونیکردەوە، ئەم تاوانانە بەردەوام بوون تا گەیشتە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، کە ویستی فرەچەشنیی کۆمەڵگەی عێراقی تێکبدات، بەتایبەت ئەو تاوانەی لە شنگال ئەنجامی دان کە پێچەوانەی سادەترین بنەما مرۆییەکان بوون. جەختی کردەوە، بوێری و قوربانیدانی گەلی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە، تیرۆریستانی بێهیوا کرد و شکستی بە پلانەکانیان هێنا.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، ستایشی رۆڵی هێزە ئەمنییەکان و بەتایبەت هێزەکانی پێشمەرگەی کرد لە رزگارکردنی ناوچەکان و بنبڕکردنی تیرۆر و گێڕانەوەی سەقامگیری. ئاماژەی بەوەش کرد، ویژدانی نیشتمانی هەرگیز ئەو تاوانانە لەبیر ناکات کە داعش بە شێوەیەکی رێکخراو بەرامبەر بە ئێزدییەکان ئەنجامی دان.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی حکوومەت، فوئاد حوسێن رایگەیاند، پلانێکی گشتگیر هەیە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی شنگال. ئاماژەی بە جێبەجێکردنی ‘یاسای رزگاربووانی ئافرەتانی ئێزدی’ کرد کە قەرەبووی دارایی، دابینکردنی زەوی و خانوو، و شیاندنەوەی دەروونی بۆ قوربانییان لەخۆ دەگرێت.

هەروەها جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامیی هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێنراوان و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەی روفاتی قوربانییان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. گوتیشی؛ وەزارەتی دەرەوە لە رێگەی نێردە دیپلۆماسییەکانەوە کار دەکات بۆ ئەوەی ئەم دۆسیەیە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە زیندوویی بمێنێتەوە و هیچ تاوانبارێک لە سزا رزگاری نەبێت.

فوئاد حوسێن دووپاتی کردەوە، پاراستنی فرەچەشنی بژاردەیەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی یەکپارچەیی عێراق و کار دەکەن بۆ پەرەپێدانی کەلتووری لێبوردەیی و پێکەوەژیان بۆ رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە.