شیڤان شێرزاد
نووسەر و ڕۆژنامەنووس “محەمەد سەعید کوردە” شەشەمین کتێبی خۆی بەناونیشانی (حەمە شێت وەلی یە عاقڵەکەی هەولێرێ) لە بەرگێکی جوان و قەشەنگدا بە چاپگەیاند.
ئەو کتێبە بە قەبارەیەکی مام ناوەند و بە تیراژی 500 دانە لە چاپخانەی شەهاب لە هەولێر ڕۆشنایی چاپی دیووە و بەرهەم هاتووە و ناوەڕۆکەکەشی باس لە ژیان و گوزەرانی کەسایەتیەکی مێژوویی دەکات، کە ساڵانێکی زۆرە هەولێر بە ناوی حەمە شێت ئاشنایە، تەنانەت هەر ژەمە خواردنێک برنج و شلەی فاسۆڵیا و گۆشتت ببیندرایە دەیانگوت خواردنەکەی مامە حەمە شێتە.
نووسەر لەم پەرتووکە جوانەی دا باس لە چۆنیەتی هاتنی ئەو کەسایەتیە دەکات بۆ شاری هەولێر، کە بووەتە بەشێکی هەرە زیندوو لە کولتوور و مێژووی شارەکەدا و لە کتێبەکەیدا هەموو ڕووداوەکانی ژیانی بە بەڵگە و دیکۆمێنت لە زاری ئەوانە گێڕاوەتەوە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان وەک شایەدحاڵ لەگەڵ مامە حەمەدا ژیاون و لە نزیکەوە لەگەڵیدا تێکەڵ بە ئێش و ئازارەکانی بوونە.
نووسەری کتێب پێشتر 5 کتێبی دیکەشی بە چاپ گەیاندوە وەک (چەند بابەتێکی ڕۆژنامەوانی 2004، جاری جاران 2019، گەڕەکە کۆنەکانی هەولێر 2021، سیما دێرینەکانی هەولێر 2023، عەبۆ قاوەچی 2025)…
ماوەتەوە بڵێین محەمەد سەعید کوردە لە ساڵی 1969 لە شاری هەولێر لە دایکبووە و دەرچووی پەیمانگەی زانستە ئیسلامیەکانە و ئەندامی کارای سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانە و پەیامنێری هەریەک لە ڕۆژنامەکانی خەبات و هەولێر و چەندین دەزگای میدیای دیکە بووە و ئێستاش وەک فەرمانبەرێک لە ڕادیۆی نەورۆزی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان کار دەکات.

