رۆژنامەی ھەولێر

دوای ١٢ ساڵ ژیانی ئێزدییەکان ئاسایی نەبووەتەوە و مەترسیی دووبارەبوونەوەی جینۆسایدیش لەسەریان نەڕەویوەتەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ دووشەممە سێی ئاب دوازدە ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش تێدەپەڕێت و دوای ئەو ماوە درێژە هێشتا زۆرینەی ئێزدییەکان لە ئاوارەییدا دەژین و ژیانیان ئاسایی نەبووەتەوە. ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەو یادە دەکرێتەوە کە حکوومەتێکی نوێ بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی عێراق بەڕێوە دەبات.

چاوەڕوان دەکرێت هاوشێوەی سوودانی و کازمی و حکوومەتەکانی پێشتر، عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ دەربڕینی پرسە بەبۆنەی تێپەڕینی دوازدە ساڵ بەسەر ئەو تاوانە مێژووییە داوای ژیانێکی شایستە بۆ ئێزدییەکان بکات.
ئەو ماوە درێژە تێپەڕی بەڵام هیچ شتێک بۆ ئێزدییەکان نەکراوە، لە پێش چاوی هەموو جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەلێک هەوڵی جینۆسایدکردنی درا و بە هەزارانی شەهید و بە هەزارانی دیکەی بێسەروشوێن کرا بەڵام نەک ژیانی ئێزدییەکان ئاسایی نەبووەتەوە بگرە مەترسیی دووبارەبوونەوەی جینۆسایدیش لەسەریان نەڕەویوەتەوە.
کەمتر لە دوو مانگ دوای ئەوەی داعش مووسڵی گرت و خەلافەتی خۆی ڕاگەیاند ئاراستەی هێرشەکانی بەرەو کوردستان گۆڕی و ڕوویان لە ناوچەکانی باکوور و باکووری ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی پارێزگای نەینەوا کرد کە زێدی ئێزدییەکانە و داعش بە پاساوی ئەوەی ئایینەکەیان ئیسلام نییە، بڕیاری کۆمەڵکوژیی ئەو پێکهاتە ڕەسەنە کوردییەیان دا.
بە سەدان هەزار ئێزدی ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد و بەشێکیشیان ڕوویان لە چیاکان کرد، بەشێکی تریشیان هیچ دەرەتانیان نەبوو و تیرۆریستانی داعش دەستگیری کردن و بە کۆمەڵ بۆ شوێنی نادیاری گواستنەوە. دەگوترێ هەر لە ڕۆژانی یەکەمی ئەو هێرشە ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان بە تایبەتی بەساڵاچووەکانیان کۆمەڵکوژ کران.
بەپێی ئاماری ساڵی ڕابردووی نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێنراوانی دەستی داعش، شەش هەزار و چوارسەد و حەڤدە کوردی ئێزدی کە لە لایەن داعش ڕفێنرابوون، سێ هەزار و پێنجسەد و هەشتا و نۆ کەسیان ڕزگار کراون و هێشتا دوو هەزار و هەشتسەد و بیست و هەشت کەس ماون ڕزگار بکرێن. ئەمساڵ تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە ئاماری نوێ ڕانەگەینراوە بەڵام چەند حاڵەتێک کە لەو ماوەیەدا ڕزگار کراون گۆڕانکاری بەسەر ئامارەکەدا دەهێنێت.
ئێزدییەکان پێیان وایە ویژدانی مرۆڤایەتی دەرحەق بەو کۆمەڵکوژییەی لە سێی ئابی ٢٠١٤ ڕووی دا مردووە ئەگەرنا دەبوایە کۆمەڵگەی عێراقی و نێودەوڵەتیی مشووری ئەو خەڵکە لێقەوماوەیان خواردبا کە لەم کارەساتەدا ڕزگاریان بوو.
چەندین کۆنفرانس و کۆنگرەی جیاواز لە ئاستی عێراقی و جیهانی لەباەری ئێزدییەکان بەڕێوەچوو و بەڵێنی زۆر گەورە بە ئێزدییەکان درا بەڵام هەمووی ئەوانە تەنیا دروشم بوون و هیچ شتێک لە حاڵی ئێزدییەکان نەگۆڕاوە.
خەمخۆری سەرەکیی ئێزدییەکان لە ماوەی ئەو دوازدە ساڵەدا هەرێمی کوردستان بووە. میر و نوێنەر و پەرلەمانتارانی ئێزدی لە پەیام و لێدوانەکانیاندا کە باسی دۆخی ئێزدییەکان دەکەن دان بەوەدا دەنێن کە خەمخۆری سەرەکییان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و ئێستەیش نێوە نێوە بە هاوکاریی حکوومەت دەستبەسەرکراوانیان لە ژێر دەستی داعش ڕزگار دەکرێن و دەگەڕێنرێنەوە نێو خێزانەکانیان.
هیچ ڕۆژێک نییە لە مێژووی نەتەوەی کورد تراژیدیایەکی تیدا نەبێت ئەمڕۆ جینۆسایدی ئێزدییەکان، پێرێ ئەنفالی بارزانییەکان و ڕۆژانی دیکە کیمیابارانی هەڵەبجە و جینۆسایدی گەرمیان و بادینان و دۆڵی جافایەتی و بالیسان و بۆردومانی قەڵادزێ و قەڵاچۆکردرنی پێنج هەزار گوند و دەیان تاوانی دیکە هەن کە لە هەژمار نایەن، ئەوەی بەسەر کورددا هاتووە بەسەر هەر نەتەوەیەکی دیکەی جیهاندا هاتبا ئێستا دەبوایە جیهان سەری ڕێز و حورمەتی بۆ دانواندبا و کەمترین ماف کە پێی بە ڕەوا زانیبا دەوڵەت و شەکانەوەی ئاڵاکەی لە سەر بارەگای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بوایە بەڵام بەداخەوە ئەمە ڕووینەداوە.