رۆژنامەی ھەولێر

یەکەم قۆناغی تاوانی ئەنفال لە دژی بارزانییەکان جێبەجێ کرا

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

رۆژی هەینی یادی ڕۆژێکی تاڵ بوو لە مێژووی بزووتنەونەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد و چل و سێ ساڵ بەسەر ئەنفالکردنی بارزانییەکان تێپەڕی، ڕژێمی بەعسی هەر بە کوشتنی هەشت هەزار بارزانی ڕازی نەبوو و بڕیاری دا گەلی کورد بە تەواوی جینۆساید بکات.

رژێمی بەعس لە ٣١ی تەمووزی ساڵی ١٩٨٣ بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەددام حوسێن هێرشێکی دڕندانەی بۆ سەر بارزانییەکان دەستپێکرد و بووە هۆی بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردنی زیاتر لە هەشت هەزار گەنج، ژن و پیاو و منداڵ و پیری بارزانی لە بیابانەکانی خوارووی عێراق.
ئەو تاوانە گەورەیەی بە ناوی ئەنفال ناسراوە لە چارەگی کۆتایی سەدەی ڕابردووی زایینی بە بارزانییەکان دەستی پێ کرد و لە ماوەی پێنج ساڵدا سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە.
رژێمی بەعس بە چەند قۆناغێکی یەک لەدوای یەک و سەرەتا بەشێک لە بارزانییەکانی بۆ پاریزگاکانی باشووری عێراق ڕاگواست و بەشێکی دیکەیان لە کۆمەڵگە زۆرەملێیەکان لە سنووری پارێزگای هەولێر لەژێر ئاسایش و زەبر و زەنگی ڕو تونددا نیشتەجێ کرد. بەهۆی ئەو سیاسەتە قێزەون و تاوانکارییەی بەعس زیاتر لە هەشت هەزار بارزانی ئەنفال کران کە بە داخەوە هێشتا ڕووفاتی زۆربەی ئەنفالکراوانەکان نەگەڕێنراوەیەوە کوردستان.
بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی ڕژێمی بەعس لەکۆتایی مانگی تەمووز و سەرەتای ئابی ساڵی ١٩٨٣ هێزێكی گەورە و بەشێوەیەكی زۆر نهێنی کە لە هێزەكانی فەرمانگەی ئەمنی هەولێر و فەوجەكانی فریاکەوتن و هێزەكانی حەرەس جمهوری پێکهاتبوون، بە نهێنی دستیان بە گەمارۆدانی هەموو ئەو ئۆردوگا و کەمپانە کرد کە بارزانییەکانی تێدا نیشتەجێ کرابوون.
قۆناغی یەكەم کە ڕێک لە کۆتایی تەمووز دەستی پێ کرد بریتی بوو لە کۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی قۆشتەپە لە دوو كۆمەڵگای زۆرەملێی قودس و قادسیە لە دەوروبەری پارێزگای هەولێر.
قۆناغی دووەم لە دەی ئابی هەمان ساڵ دستی پێ کرد کە بریتی بوو لە كۆكردنەوەی بارزانییەكانی دانیشتووی كۆمەڵگای هەریر و دیانا و بەحركە و لادێكانی مێرگەسوور.
قۆناغی سێیەم ڕێک لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ دەستی پێکرد و جارێکی دیکە بە شێوەیەکی چروپڕ ماڵ بە ماڵی ئۆردوگاکانیان پشکنی و ئەوەی لە جارەکانی تر دەربازیان ببوو ئەوجارە دەستگیر کران.
ئەوەی زیاتر ئەم ڕاستییانە دەسەلمێنێت نووسراوێكی فەرمی بەڕێوەبەری ئەمنی گشتییە بە ژمارە ٨٤ لە ٢٩ی ئاداری ١٩٨٩، کە بۆ سكرتێری سەرۆكایەتی كۆمار ناردوویەتی و تێیدا دووپاتی دەكاتەوە “كە لە بەیانی ڕۆژی ١ی ئابی ساڵی ١٩٨٣ دا لەسەر داوای بەڕێوەبەری ئەمنی گشتی “د.فازل براك” هێزێكی سەربازی سەر بە حەرەس جمهوری، كۆمەڵگەكانی “قودس و، قادسیە لە قوشتەپە” كە بۆ خێزانە بارزانییەكان دروست كرابوو گەمارۆ دراوە و دەست گیراوە بەسەر هەموو ئەو پیاوە بارزانییانەی تەمەنیان لە پازدە ساڵ بەرە و ژوور بووە و بە سەیارەی گەورەوە گواستراونەتەوە بۆ بەغدا.
بەداخەوە ڕژێمی بەعس هەر بە ئەنفالکردنی بارزانییەکان نەوەستا و لە سالانی دواتر بە چەندین قۆناغی جیاواز لە گەرمیانەوە بگرە تا دەگاتە بادینان کوردی لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان ئەنفال کرد و بە پێی بەڵگەنامە مێژووییەکان کۆی ژمارەی ئەنفالکراوان دەگاتە سەرووی سەد و هەشتا هەزار کەس.
هەرچەندە ڕژێمی بەعس لە دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان لاواز بوو و لە ساڵی ٢٠٠٣ بە تەواوی ڕووخا و دەوڵەتی فیدراڵی دامەزرا بەڵام هەرگیز برینی قووڵی گەکی کورد ساڕێژ نەکرا و تا ئەم ساتەشی لەگەڵدا بێت قەرەبووی ئەو تاوانە گەورە مێژووییە نەکراوەتەوە و دەوڵەتی عێراق نەچووەتە ژێر باری ئەو بەرپرسیارێتیەوە.
رۆژی هەینی سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی ئەنفالی بارزانییەکان لە پەیامێکدا گوتی ، جێگەی داخێکی زۆرە، تا ئێستاش برینی هیچ یەکێک لەو کۆمەڵکوژی و جینۆسایدانە ساڕێژ نەکراون. سەرۆک بارزانی بە ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقی زانی قەرەبووی مادی و مەعنەویی سەرجەم ئەو تاوان و ستەمانە بکاتەوە کە لە سەدەی ڕابردوودا دەرهەق بە گەلی کوردستان کراون.