رۆژنامەی ھەولێر

فەلەکەدین کاکەیی کانیاوێک لە نووسین..لە ١٣ ساڵەی ژیانئاواییدا، گەشتێک بە نێو وێستگەی نووسین و بەرهەمەکانی

ئاری ئاغۆک

کاتێ لە چالاکی و کۆڕ و سیمینار و دیدارە روناکبیری و هونەرییەکان بەدیداری شاد دەبووم، پەیڤ و بۆچوون و دواندنە نەرمەکانی جێی سەرنجی منی نووسەر و ئەهلی راگەیاندن بوو، بەدرێژایی تەمەنی وەزیفی وەک وەزیری ڕۆشنبیری لە چەند کابینەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەک جار لە ئۆفیسی خۆی بەدیداری شادبووم ئەویش لەگەڵ چەند ڕێکخراو و سەنتەرێکی ڕۆشنبیری سەردانی بەڕێزیمان کرد بۆ چەند پرسێکی ڕۆشنبیری و چالاکی هەمە جۆر، نەک تەکلیفی شەخسی!.
کە ڕۆیشتین و هەر یەکێکمان خودا حافیزیمان لێ کرد، پێی گوتم دەستخۆش زۆر بە جوانی و بە وردی خوێندنەوەت بۆ کتێبی (ویژدان و ئازادی) کردوە، دەستخۆش بە ڕوانینێکی جیا شرۆڤەت بۆ کتێبەکەم کردوە، منیش گوتم قەڵەم و هزر و نووسینی بەڕێزتان جێگەی شانازییە، بۆیە هەر لەو ڕوانگەیەوە شیکاری کتێبەکەتم کردوە، نەک بەرژەوەندی تایبەت، گووتی ئافەرین لەو ڕێچکە و بیرکردنەوەیەت بەردەوام بە.
ئەم دیدار و ئاخاوتنە کورتە لەساڵی ٢٠٠٩ بوو، بۆ منێکی گەنج و عاشق بە کتێب و نووسین گەورەترین هاندان بوو، هەر بۆیە ئەم پەیڤانە ووزەی پێ بەخشیم و تا ئێستاش بەردەوامم لەسەر خوێندنەوە و شرۆڤەکردنی کتێبی باش، نەک نووسەری دیار و برادەر و برادەرایەتی!.
ئەم پێشەکیەم بۆ ئەوەبوو کە نووسەر و ڕوناکبیرێکی گەورەی وەک ( فەلەکەدین کاکەیی) بۆمن، بەشێکە لە وێستگەی ڕۆشنبیریم، چونکە هەر لە تەمەنێکی زوو وەوە نووسین و بەرهەمەکانی ئەو نووسەرە گەورەیەم دەخوێندەوە، گۆشە بەردەوامیەکانی لە گۆڤاری هەرێمی کوردستان و کتێبە چاپکراوەکانی و دوای ژیانئاوایشی لە ١٠ بەرگ دا کۆبەرهەمی چاپکرا، کە زمانی قەڵەم و گوزارشتەکانی، جوانی نووسین و هزر و پەیڤەکانی هەمیشە گەشبینی لێ بەدی دەکرا.
لێرەدا هەمدیس وەک یاد و وەفایەکی لە یاد نەکراو، لە ساڵیادی ژیانئاوایی ئەم ڕوناکبیرە گەورەیەی نیشتیمان گەشتێک بە نێو وێستگەی نووسین و ژیان و بەرهەمەکانی دەکەین و بەدیدێکی نوێ، خوێندنەوە بۆ بەشێک لەبەرهەمەکانی دەکەین.

*ویژدان و ئازادی لە دڵی مرۆڤدا
یەکێک لە کتێبە بەهادارەکانی نووسەری کۆچکردوو فەلەکەدین کاکەیی بە ناونیشانی (ویژدان و ئازادی) یە. لەم کتێبەدا لە چەند پەنجەرەیەکەوە باس لە چەمکی ویژدان لە دیوێک و ئازادیش لە دیوێکی دیکە دەکات، بەڵام هەردوو چەمک لە یەک هێڵی بەردەوامی خۆی دەدۆزنەوە ئەویش ڕێز و وەفا و خۆشەویستییە، بەندە لە کتێبی (لەپەنجەرەی کتێبەوە)، بەم شێوەیە شرۆڤەی ئەم بەرهەمەم کردووە:
ویژدان،،،،، هەمیشە ویژدان، کاتی خۆی نووسەر ئەم بابەتەی لە گۆڤاری هەرێمی کورستان بە چەند ئەڵقەیەک بڵاوکردونەتەوە، ئەز زۆر بە ووردی تێکەڵ بەهەوێن و دروستکردن و دەرەنجامەکانی ئەم ووتارە بووم کە بە نێونیشانی ( ویژدان و ئازادی ) بوو، ئێستاش لەم کتێبە و لەدەفتەری یەکەم و لە بابەتی یەکەم دا ئەم بابەتە بڵاوکراوەتەوە لە هەمان کاتیش دا بۆتە ناونیشانی کتێبەکە، ئەوەش خۆی لەخۆی دا پێویستی بە هەڵوەستە کردنێکی گرنگ و هەستیار هەیە، بۆئەوەی مرۆڤ هەموو کات پرسیار لە خۆی بکات لە نێوان ویژدان و ئازادی دا، ئایا چ چەمکێکی گەورە و بەهای فەلسەفی هەیە، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندییەکی ڕۆحی بە عەقڵ و ناوەوەی مرۆڤ دا گرێ بدات؟.
لێرەدا دەتوانین بڵێین (ویژدان) لە هەموو کات و ساتێک دا لە گشت قۆناغەکانی تەمەن دا وەک بەشێکی گرنگ لە نێو ڕۆح و دڵدا پێویستە مرۆڤ بە جولەی بخات و بیکاتە پرسیار، لە هەمانکاتدا بیکاتە ئاوێنەی ژیانی خۆی، دواتر لە مەودایەکی فراوان دا ویژدان بکەنە تایتڵی عەقڵ و ڕۆحی خۆیان، چونکە ویژدانی پاک دەتوانێ حالەتە ناشیرین و جوانەکان لە یەکتر جیا بکاتەوە (ویژدان) ی سپی دەتوانێت ئەو ڕەنگە ناشیرینانەی نێوان ڕەش و سپی دەستنیشان بکات کە بۆراتییەک لە ژیان دروست دەکەن، ویژدان گەر لە دڵ و عەقڵەوە بێت ئەوا هەموو مرۆڤەکانی سەرزەمین هەست بە ئاسودەیی دەکەن، بۆیە گەر ویژدان هەبێ بیرکردنەوەی جوان و داهێنانی گەورە بەدی دەکرێت، ئەمەش دەگاتە لوتکەیەک کە پێی دەڵێن خۆ ڕزگارکردنی مرۆڤ لە بابەتە سنووردار و چەقبەستوەکان، ئیتر دەرەنجام (ئازادی) ڕاستەوخۆ خۆی نیشان دەدات و هەموومان هەستی پێ دەکەین، بۆیە دەتوانین بەم شیکارییە چەمکی ( ویژدان و ئازادی ) ی نووسەر، فەلەکەدین کاکەیی دەستنیشان بکەین:
بیرکردنەوە + لە خۆپرسینەوە = ویژدان.
ویژدان = ئازادی. + پاکبوونەوەی ڕۆح

*کەی نووسەر دەبێ لە نووسین واز بهێنێ!؟
پرۆسەی نووسین وەک بەردەوامیەکی ژیان لە بیرکردنەوە و دیدگادا، هەر نووسەرێک بە جۆر و شێوازێک لێی دەئاخڤێ، چونکە نووسین پەیوەستە بەخود، پرۆسەیەکی گواستراوەی میراتی نیە، لە باوکەوە بۆ منداڵ و نەوە بەردەوام بێ، یا لە ماڵباتێکەوە تەشەنە و ڕوناکی بەردەوام بێ، زۆر ماڵباتی گەورە و پڕ لەکتێبمان بینی، دوای کوژانەوەی چرای ژیانی نووسەر و ڕۆشنبیری ماڵ، ئەوا منداڵ و خێزان هیچ کامێکیان نەک حەزی بەردەوامی بەڵکو ئەرشیف و کتێب و کتێبخانە و بڵاوکراوەی باوکیان پەرت و بڵاو کرد، هیچ کام لە منداڵەکانی ئامادە نیە وەک سەرچاوەی زانستی و ئەکادیمی و تەنانەت یادگاری هەڵیبگرن، بۆیە بۆچوونی ڕەوانشاد فەلەکەدین کاکەیی دەربارەی ئەو پرسیارەی تایتل و وازهێنان و داخستنی دەرگای نووسین لە وەڵامێکی گفتوگۆکراوەی کتێبی فەلەکەدین کاکەیی بە ڕەنگی خۆی دەڵێت:
(چما مرۆڤ ئەگەر نووسەر بێ، یا مانای بیرکردنەوە بزانێت، دەتوانێ لە نووسین وازبهێنێ ؟ !. نووسین کە هەمان بیرکردنەوەیە، مەشقی هەمیشەیی ژیانە، لە ئەڵمانیا ئافرەتێکیان نیشان دام، ڕەنگە تەمەنی لە نەوەت ڕەد بوو بێت، لە یانەی پەککەوتەکان دەژیا، لە جەنگی دووەمی جیهانی دا کەسوکاری لەلایەن نازییەکانەوە گیرابوون و خرابوونە ئاگردانەوە سوتێنرابوون، باب و داک و خزم و برادەرانی تێچووبوون، ئایا دەزانی ئەم ئافرەتە لەم تەمەنەدا هەردەینووسی؟! تۆ بڵێ چی دەنووسی؟! هەموو شتێک تەنانەت هەندێجار لە گۆڤار و کتێبەکان بابەتی دەردەهێنا و دەینووسییەوە، یاداشت و بیرەوەری خۆی، یا دەربارەی کەشوهەوا یا نوکتەیەک مەبەستیشی بڵاوکردنەوە نەبوو، بەڵکو تەنیا نووسین، دەیوسیست لە پڕۆسەی نووسین ڕانەوەستێتەوە، گوتم بپرسن بۆچی دەنوسێت؟ گوتی : بۆ نووسین، چونکە نووسین بیرکردنەوەیە، نامەوێ لە مەشقی بیرکردنەوە وازبهێنم.
ئەگەر لە بیرکەوتنەوە کەوتم ئیتر ژیانی من تەواو مێشکم دەبێ لە کارنەکەوێت، گەرنا دەمرم، مردنم لە کارکەوتنی مێشکم دایە.
ئەو بۆچوون و نموونە هێنانەوەی فەلەکەدین کاکەیی، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە نووسین لای ئەو بابەتێکی ڕۆحی و ویژدانییە، بۆیە دەگەڕێینەوە سەر ناونیشان و تایتلی ئەم یاد و وەفایە، (فەلەکەدین کاکەیی، کانیاوێک لە نووسین).
دیارە ئەم پێناسە و ناونیشانەمان لە خۆ وە نیە، بەڵکو گەڕانەوەیە بۆ مێژوو و ئەرشیف و ئەو باگڕاوندەی فەلەکەدین کاکەیی، کە لە تەمەنی خۆناسین دا (نووسین، قەڵەم، کتێب) هەنگاوی ژیانی بووینە، ئەوەتا دوای ژیانئاوایی میراتێک لە نووسین و کتێبی سەنگین و بەهاداری بۆ بەجێهێشتین، هەم منداڵەکانی، هەم خوێنەرە جدییەکانی، هەم کتێبخانەی کوردی بە شانازییەوە لەبەرهەم و نووسین و چاپکراوەکانی دەڕوانن.

*ڕێچکەی نووسینی فەلەکەدین کاکەیی.
ئەگەر ئاوڕێک لە جۆر و شێوازی نووسین و تەنانەت ئاخاوتنەکانی ئەم نووسەر و ڕوناکبیرە بدەینەوە، ئەوا دەبینین، بە زمانێکی نەرم، بە هێز و ووزەیەکی گەرم، نووسین و بۆچوونەکانی دەربڕیوە، تەنانەت لە کێشەی سیاسیش دا ئەو قەڵەمەکە لە پەیامی ئاشتەوایی و برایەتی و لێکحاڵی بوون بەکارهێناوە، لە فۆڕمی نووسینەکانی دا هەرگیز ڕق زاڵ نەبوە بەسەر هەست، ئیرەیی زاڵ نەبوە بەرانبەر بە خۆشبەختی خۆی بۆ کەسی بەرانبەر، ئەو ویستوویەتی نووسین ببێتە هەوێنی گۆڕانکاری فکری بۆ بە خۆداچوونەوە. نووسین ئامرازێک بێ بۆ دەستنیشان کردنی کاری چاکە و چاکە خوازی، چەشنی کانیاوێکی ساف و پاک و ڕوون و جوان، هزر و بۆچوونەکانی لەڕێگەی نووسین دا، لە کێشە ململانێکان بگوازێتەوە بۆ گۆڕەپانێکی لێکحاڵی بوون و دیالۆگی ئامانجدار.

*ژیان لە پێناو نووسین.
لەمەڕ پرسی نووسین بەرانبەر بە ژیان ، نووسەر و روناکبیری کۆچکردوو بۆچوونێکی تایبەتی هەبوو، ئەم بۆچوونەش بە کردار لە ژیانی ڕۆژانەی دا ڕەنگی دابۆوە، ئەمیش بە دنیابینی و ژیانکردنی بەرانبەر هەر پرس و ئەگەرێک دەهاتە پێش، ئەوا بە نووسین و پەیڤ و دیالۆگی نەرم ڕۆشنایی دەخستە نێو تونێڵە تاریکەکانی ژیان و هەمووان هەستیان بە رۆشنی ڕێگاکە دەکرد، بۆیە کاتێ پرسیاری ئەوەی لێ دەکرێ. (ڕاستە دەڵێن فەلەکەدین کاکەیی تەنیا بۆ نووسین دەژی؟) وەڵامێکی لۆژیکی دەداتەوە و دەڵێت:
نەخێر ( بە ) نووسین، نەک ( بۆ ) نووسین، دەژیم من تازە خەریکم فێری نووسین دەبم، پتر لە چل ساڵە خەریکی مەشق و خۆ ڕاهێنانم، لەمە بەدواوەش دڵنیانیم کە بتوانم بە چاکی بنووسم.
نووسین، هونەر و زانست و هزر و بڵند خەیاڵییە، پلەیەکی بیرکردنەوەیە، با دروستتر بڵێم: وزەی بیرکردنەوە لە ڕامان و تێفکرین و داهێنان لە هەندێ حالەتی نووسین دا بڵق دەدات و خۆی دەنوێنێ، تا نەنووسین نازانین چۆن بیردەکەینەوە.
ئەم بۆچوونە جوان و قوڵەی فەلەکەدین کاکەیی، ڕەهەندێکی دوور مانا هەڵدەگرێ، ئاخر ئەو بەو تەمەنە پڕ لە بەخششەی، بەو هەگبە ڕەنگاوڕەنگەی لەنووسین دا، کەچی هێشتا تازە خۆی بە ڕاهێنانی نووسین دەزانێ، لەکاتێک دا کەسانێک هەن بە چەند نووسینێکی کرچ و کاڵ هاتوونەتە گۆڕەپان و بەو ڕوانینەی کاکەیی لەم پڕۆسەیە ناڕوانن.
کەواتە ئەو وزە پڕ لەئیستاتیکیە، لەو ڕامان و بیرکردنەوە گەشبینیە لەدایک دەبێ، کاتێ نووسەر لەهزر و دیدی دایە.
ئەوەتا دەربارەی حالەتی ڕوحی و پرۆسەی بیرکردنەوە بۆچوونی وایە: ( پرۆسەی بیرکردنەوە، لە لای هەزاران ملیۆن کەس، دێت و دەڕوا، بێ ئەوەی خۆی بنوێنێ، تەنیا لەلای نووسەر و هونەرمەند و زانیار و داهێنەردا، ئەو پرۆسەیە لە شێوە و چوارچێوەی جیا جیا دا بەرجەستە دەبێ، دەبێ بە وشە و ڕستە و لاپەڕە، یا بە تابڵۆی شێوەکاری، یا ئاواز و مۆسیقا، یا سەماو هەڵپەرکێ، یا هونەری بیناسازی، یا گۆڵکاری، بیرۆکە و فۆڕمی زانستی… تاد.
دەتوانین لە هەموو ئەو ئەنجامانە، ناوی – نووسین -، یا ناوی – بەرهەمی هونەری و زانستی – بنێت، لێ ناوەکە لە ناوەڕۆکەکە ناگۆڕدرێت.

*ژیاننامە لای فەلەکەدین کاکەیی.
بەهۆی ئەو ڕوانینە تایبەتیەی بەرانبەر بەژیان و ژیاننامە و لەدایکبوون، لای ئەو بابەتگەلێکی ئاسان نەبوو، یاخود زۆر بەشەوق و باق و بریق شۆڕنەدەبۆوە سەرلق و پۆپەکانی تەمەن و لە دایکبوون و گەورەبوون، لای ئەو ژیاننامە تایبەتمەندیەکی خۆی هەیە، بۆیە لەوەڵامی ئەو پرسیارەی:
-فەلەکەدین کاکەیی کێ یە؟
لە کتێبی (بەڕەنگی خۆی) هەروەها لە کتێبی (ویژدان و ئازادی) لە نووسینێک دا بەناونیشانی ( ژیاننامە- پڕۆژەی چیڕۆک ) بۆچوونی تایبەتی هەبووە.
دەربارەی پرسیاری فەلەکەدین کاکەیی کێ یە؟
دەڵێت: زەڕەیەکی گەردی گەردوونە، لێرە نیشتووتەوە، بوو بە دڵێکی ووزەی ژیان، زەڕەیەکی وردیلەی بەرۆکی گێتییە لە هیچەوە دیار نییە، جووتە لەگەڵ گشت گیانلەبەر و بوونەوەرەکانی دیکە، بە ڕێگای کاکێشان دا هەڵدەکشێ و دادەکشيتەوە، لەو ئۆقیانووسە بێ سنوورە دا دەلەرێتەوە، بەرەو هەتا هەتایی وێڵ سەرگەردانە، لە وێدایە و لەوێ نییە، دیارە و نادیارە، نقومی ئەو ئۆقیانووسە دەبێ.
دەربارەی ژیاننامەی خۆیشی دا دەڵێت:
ڕۆژنامەنووسێکی بیانی لێم دەپرسێ، شتێک لە ژیاننامەت، تکایە، تا بینووسم
بێدەنگ دەمێنم، دەپرسێتەوە:
چییە؟ ژیاننامەی خۆت نە نووسیوە؟
دێمە زمان:
ژیاننامەی چی ؟! هیچم نیە بیڵێم، هیچم بە جێ نەهێشتوە باسی بکەم، پێیان گوتووم ساڵی ١٩٤٣ لە دایکبووم، ئیدی نازانم کەی بەو دیوا ئاوا دەبم،،،، هیچیتر. ئەوی ڕۆژنامەنووس واز لە پرسیار دێنێ، من مێشکم ورووژاوە، ژیاننامە؟! مەگەر چیم کردوە بینووسم؟!.
ئەوا منداڵم، سەدان جار بە پێی خاوس بەناو شەتاوی بارانادا دێم و دەچم، حەزم لە ڕۆشتنە بەناو باراناوا، لە کاتێکدا دڵۆپە بارانی نەرم بڵند دەخاتە سەر ئاو، حەزم لە بارانە، لە ژێریا بێم و بچم. لێ،،، شوێن پێم نامێنێ، ئاو دەیشواتەوە، ژیاننامەی چی ؟! دەگەڕێم تاکە شوێنپێیەکم نادۆزمەوە.
ئەم ڕوانین و چەند ڕستە جوانەی ڕەوانشاد فەلەکەدین کاکەیی، تەنیا باسێکی سادە نیە، بەڵکو ئایدیا و بیرکردنەوەی نووسەر و بیرمەندێکە لە هەمبەر ژینگە و ژیانی لەدایکبوون و گەورەبوونی، کە بەچەند دیمەنێک وێنەگەورەکەی ژیانی خۆییمان نیشان دەدات، هەمدیس پێچەوانەی ئەوکەسانەی هیچیان پێ نەبوە و کەچی بەدرێژایی تەمەن، هەر باسی ژیانیان دەکەن!.
ئەمە جیاوازی تێفکڕینی ئەم نووسەرەیە بەرانبەر بە ژیان و نووسین و وێستگەی تەمەنی، کە هەمیشە بە جوانبینی و پاکی و میهرەبانی دەیخوێنینەوە و مێژووش بە جوانی باسی دەکات.

*دواپەیڤ.
گەرچی وێستگەی تەمەن و پڕ لە بەخششی٧٠ ساڵەی ئەم نووسەر و روناکبیرە زۆر زیاتر لەوە هەڵدەگرێ کە لەساڵیادی ژیانئاوایی دا، قسە و شرۆڤەی بۆ بکەین، بەتایبەت (سیاسەت) کە لە تەمەنێکی زووەوە چۆتە نێو دنیای سیاسەت و تا ژیانئاوایی لە هەر پلە و پۆستێک دا بووبێت، سیاسەتێکی حەکیمانەی کردوە، بەڵام ئەوەی ئێمە باسمان کرد بەشێکی بچووک بوو لەشرۆڤەکردن و گەشتکردن لە کانیاوی نووسینی ئەم مرۆڤە گەورەیە، کە لەڕێکەوتی ٣١-٧-٢٠١٣ لە شاری هەولێر ژیانئاوایی کرد، ڕۆحی شاد و یاد و بیرەوەری هەمیشە بەخێر.

پەراوێز:
*لە پەنجەرەی کتێبەوە، خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی: (ویژدان و ئازادی) لە دڵی مرۆڤ دا،خوێندنەوەی: ئاری ئاغۆک- گۆڤاری هەرێمی کوردستان، ژمارە ٤٥٢، ڕێکەوتی ٤-٣-٢٠٠٨.
*کتێبی: ویژدان و ئازادی، نووسینی: فەلەکەدین کاکەیی، بەشی یەکەم٢٠٠٨.
*کتێبی: فەلەکەدین کاکەیی بەڕەنگی خۆی، دوور لەسیاسەت، دیمانە: شێرزاد عەبدولرەحمان٢٠٠٥.