رۆژنامەی ھەولێر

پڕۆژەیاسای پرسی چارەسەری گەیشتە پەرلەمانی توركیا

كارزان گلی – هه‌ولێر

پرۆژەیاسای پرسی چارەسەری كورد، كە حكوومەتی توركیا ناوی لێناوە (توركیای بێتیرۆر) گەیشتە پەرلەمانی توركیا و گفتوگۆی چڕی لەسەر دەكرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە، كە سەركردەكانی پەكەكە چارەنووسیان چی لێ دێت.

سەرچاوەكانی ناو ئاكەپە ئاشكرای دەكەن، پڕۆژەیاسای پرسی چارەسەری كورد گەیشتووەتە پەرلەمانی توركیا، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی دووشەممە ٢٧ی ٧ی ٢٠٢٦، لەناو پەرلەمانی توركیا گفتوگۆی لەبارەوە بكرێت.
ناوەڕۆكی ئەو پڕۆژەیاسایە ئاشكرا بووە، كە لە ١١ مادە پێكهاتووە، باس لەوە دەكات دوای ئەوەی چەكدانانی پەكەكە لەلایەن دەوڵەتی توركیاوە قبوڵ دەكرێت، لە هەنگاوی یەكەمدا تەنیا ئەو چەكدارانەی كە دەستیان لە تاواندا نەبووە لێبوردنیان بۆ دەردەچێت، ئەمەش خاڵی ناكۆكی نێوان دەم پارتی و ئاكەپە بووە.
رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، لە پڕۆژەیاسایەكەدا باس لەوەش كراوە، چارەنووسی زیندانیانی سیاسی چییان لێ بەسەر دێت؟ هەروەها كاتیش دانراوە بۆ پەكەكە كە بەتەواوی چەكەكان رادەست بكەن و پاشان لیژنەیەكی سەربازی چاودێری دەكات تا بزانێت بەكردار پەكەكە چەك دادەنێت؟
لە پڕۆژەیاسایەكەدا هاتووە، ماوەی ساڵێك دەدرێتە چەكدارانی پەكەكە، ئەوانەی كە تاوانیان نەكردووە بگەڕێنەوە بۆ توركیا، واتە دەبێت لەو ماوەیەدا شاخ جێبهێڵن و بگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی و لێبوردنیان بۆ دەردەچێت.
باس لەوەش كراوە، ئەوانەی دەگەڕێنەوە و لێبوردنیان بۆ دەردەچێت تا ماوەی یەك ساڵ لەلایەن ئاساییشەوە چاودێری دەكرێن، هەروەها بۆیان نییە تا پێنج ساڵ بەشداری هیچ چالاكییەكی سیاسی بكەن و ناتوانن لە هیچ پارتێكی سیاسیش ببنە ئەندام.
لەو ١١ مادەیەی ئامادە كراوە، بەهیچ شێوەیەك باس لە چارەنووسی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە نەكراوە، واتە باس لەوە نەكراوە ئۆجەلان ئازاد دەكرێت یان نا؟ هەروەها لەبارەی چارەنووسی بەرپرسانی پەكەكە، بەهەمان شێوە لەو ١١ مادەیە باس نەكراوە، ئەمەش لە كاتێكدایە كە موراد قەرەیلان، بەرپرسی باڵای پەكەكە، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، بەبێ ئازادبوونی ئۆجەلان، بەهیچ شێوەیەك چەك فڕێ نادەن.

ناكۆكی نێوان دەم پارتی و ئاكەپە
ئاكەپە و دەم پارتی، لەبارەی چەند مادەیەكی ئەو پرۆژەیاسایە ناكۆكی لە نێوانیاندا هەیە، بۆ نموونە دەم پارتی داوا دەكات، هەموو چەكدارانی پەكەكە لێبوردنی گشتیان بۆ دەربچێت، نەك تەنیا ئەوانەی تاوانیان نەكردووە، چونكە چەكدانان واتای ئەوەیە ئیدی بەرامبەر بە دەوڵەت شەڕ ناكەن و دەبێت ئەوانیش بگەڕێنەوە ژیانی ئاسایی، بەڵام ئاكەپە و مەهەپە، لەگەڵ ئەوەدان ئەوانەی تاوانیان كردووە لێبوردنیان بۆ دەرناچێت و لە هەنگاوی دووەمی یاساییدا بیر لەوان و چارەنووسیان دەكەنەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، ١٠٠ هەزار زیندانی سیاسی لە توركیا بوونی هەیە، بەڵام ئەستەمە بتوانن لێبوردنی گشتی بۆ هەموویان دەربكەن و قسە هەیە ئەو زیندانیانە ئازاد بكرێن كە نەخۆشن و هەروەها زیاتر لە ٣٠ ساڵە زیندانی كراون، بەڵام ئەوانەی بەهۆی تاوان و كوشتنی سەربازی تورك دەستگیر كراون ئازاد نەكرێن، ئەمەش هەر خاڵێكی ناكۆكی نێوان دەم پارتی و ئاكەپەیە.