رۆژنامەی ھەولێر

بەپێی پێوەرەکان دەبێت پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵاوتن زیاتر لە ١٢٦ هەزار بەرمیل بێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

یەکێک لە گرنگترین ئەو کێشانەی کە ماوەیەکە بەرۆکی خەڵکی هەرێمی کوردستانی گرتووە پرسی کەمیی بەنزینە، کێشەکە تا هەفتەیەک لەمەوبەر بریتی بوو لە گرانیی بەنزین بەڵام ئێستا گۆڕاوە بۆ کەمیی بەنزین و حکوومەت هەموو هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ خستووە تا دۆخی بەنزین ئاسایی بکاتەوە.

بڕیارەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین بە تایبەتی بەنزینی نۆرماڵ لە قازانجی خەڵک هەرێمی کوردستاندا بوو بەڵام کێشە لەوە دایە ئەو بەنزینە نۆرماڵەی لە بازاڕەکان هەیە بەوەشەوە کە حکوومەت خۆی دەیپاڵێوێت و دابەشی دەکات ناتوانێت سەرجەم پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە و بازاڕ پێویستی بە بەنزینی موحەسەن و سوپەریش هەیە بەڵام بازرگانان پێیان وایە تێچووی دابینکردنی بەنزینەکە لە سەرووی ئەو نرخەیە کە حکوومەت دیاری کردووە و بۆیەش بۆیان دەستنادات بە گران بیکڕن و بە هەرزانتر بیفرۆشنەوە.
ئەمە وایکردووە بەنزینی موحەسەن وسوپەر لە بازاڕەکان نەمێنێت، بەنزینی نۆرماڵیش کە بڕەکەی کەمە بەش نەکات و بە ئاسانی دەست هەموو کەسێک ناکەوێت.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە ڕۆژی دووشەممە بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کرد باسی لەوە کرد کە داوایان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە پێداچوونەوە بە بڕیاری نرخی بەنزینی سوپەر و موحەسەندا بکەن بەڵام بەنزینی نۆرماڵ نرخەکەی هەر دەبێت وەک خۆی بێت و لە هەشتسەد و پەنجا دینار تێپەڕ نەکات.
حکوومەت جگە لە زیادکردنی ژمارەی ئەو بەنزینخانانەی بەنزینی حەوتسەد و پەنجا دیناری دابەش دەکەن ماوەی چەند ڕۆژێکە سیستمی دابەشکردنی بەنزینی بۆ بەشێک لە بەنزینخانەکان کردووەتە ئەلیکترۆنی و بە پشتبەست بە کۆبۆن بەنزین بە ئۆتۆمبێلەکان دەدرێت.
یەکێک لە سەرەکیترین ئەو کێشانەی بۆ دابەشکردنی بەنزینی حکومی هەیە ئەوەیە پاڵاوتنی ئەو پەنجا هەزار بەرمیل نەوتە کە عێراق بە هەرێمی کوردستانی دەدات ناتوانێت پێداویستییەکان پڕ بکاتەوە و وەک سەرۆک وەزیرانیش لە کۆنفرانسەکەیدا تیشکی خستە سەر هەر بەپێی ئەو پێوەرەی حکومەتی عێراق کاری پێ دەکات دەبێت پشکی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ پاڵاوتن زیاتر لە سەد و بیست و شەش هەزار بەرمیل بێت بەڵام لەمەشدا عێراقی فیدراڵی نادادپەروەری کردووە.
کێشەیەکی دیکە کە زۆر جار هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەک گلەیی باسی دەکەن گرانبوونی نرخی بەنزینە لە کوردستان بەراورد بە عێراق کە چوارسەد و پەنجا دینارە.
هۆکارەکە پەیوەندی بەوە هەیە حکوومەتی فیدراڵی لە پشکی بودجەی سیادی پاڵپشتیی بەرهەمهێنانی بەنزین دەکات و لە هەمان کاتدا خەرجیی بەرهەمهێنانی نەوتیشی لە ئەستۆ گرتوە لە کاتێکدا ئەم بودجەیە بۆ هەرێمی کوردستان دابین ناکرێت.
بۆ ئەوەی باشتر لەم هاوکێشەیە تێبگەین باسی بەرهەمی گەنم لە عێراق دەکەین. حکوومەتی عێراق کە گەنم لە جووتیاران دەکڕێت بۆ هەر تۆنێک حەوتسەد و پەنجا هەزار دیناریان پێدەدات، لە کاتێکدا نرخی تۆنێک گەنم لە بازاڕەکانی جیهانی خوارووی چوارسەد هەزار دینارە و ئەو پارە زیادەیە وەک پاڵپشتی و ئەویش هەر لە بودجەی سیادی بە جووتیاران دەدات . لە پرسی گەنم حکوومەتی عێراق تەنیا دووسەد و نەوەد و دوو هەزار تۆنم گەنمی بە نرخی پاڵپشتیکراو لە جووتیارانی کوردستان کڕی لە کاتێکدا مافی ئەوەیان هەبوو لانی کەم ملیۆنێک تۆنیان لێ بکڕدرێتەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی ئەو توانایەی نییە پارەی پاڵپشتیکراو بدات و بە نرخی بەرز گەنم لە جووتیاران بکڕێت یان بە نرخی هەرزان بەنزین دابەش بکات و ئەمەش هۆکاری جیاوازیی نرخە لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان.
چاوەڕوان دەکرێت بە بڕیارێک کەمێک لە نرخی بەنزینی موحەسەن و سوپەر بەرز بکرێتەوە و تا ئامادەکردنی ئەم راپۆرتە هیچ بڕیارێک نەدراوە و ئەگەر قەرارەکە بدرێت جارێکی دیکە بەنزینخانەکان دەکرێنەوە و بە هاوردەکردنی بەنزینی بازرگانی کۆتایی بە قەیرانەکە دەهێنرێت.