رۆژنامەی ھەولێر

(لاری مەکمۆرتری): کتێبی چاپکراو بەرامبەر بە کــــــــــــــتێبی ئەلیکترۆنی لەمەترسیدایە، بەڵام ئەمە شۆڕشێکە

وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر

 

لاری مەکمۆرتری ـ Larry McMurtry)، ڕۆماننووس و سیناریۆنووس و ڕۆژنامەنووسی بەنێوبانگی ئەمریکی و نووسەری ڕۆمانەکانی (کوترە تەنیایەکە – Lonesome Dove) و (پەیڤەکانی خۆشەویستی – Terms of Endearment) و (دوا نمایشی فیلم – The Last Picture Show)، کە زیاتر لە ٥٠ ساڵە چەندین بەرهەمی بەنێوبانگی ئەدەبی و سینەمایی پێ بەخشیووین، لەم گفتوگۆیەیدا پێمان دەڵێت کام لەو فیلمە دروستکراوانەی سەر بنەمای ڕۆمانەکانی بە دڵیەتی و کامیانی بە دڵ نییە. نوێترین کتێبیشی بە ناوی ( – Custer)ـە.

ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
لاری مەکمۆرتری: لە شاری (ویچیتا فۆڵز – Wichita Falls) لە تەکساس لەدایکبووم. لە ماڵی باپیریم گەورە بووم کە دەکەوێتە سەر (ئیدیۆت ڕیج – Idiot Ridge) لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ناوچەی (ئارچەر – Archer). لە تەمەنی شەش ساڵیەوە گواستمانەوە بۆ شاری ئارچەر لە تەکساس.
ـ لە کوێ و چیت خوێند؟
لاری مەکمۆرتری: ژیانی زانکۆم لە پەیمانگای (ڕایس – Rice) خوێند کە ئەودەم هێشتا نەببووە زانکۆی ڕایس لە (هیوستن – Houston) دەست پێ کرد؛ بەڵام ڕایس ئەو کاتە زیاتر قوتابخانەیەکی ئەندازیاری بوو، کە لە یەکەم تاقیکردنەوەی (جیاکاریی بیرکاری – Calculus) نمرەی دووم هێنا، گواستمەوە بۆ زانکۆی ویلایەتی باکووری تەکساس و لەوێ بڕوانامەی بەکالۆریۆسم وەرگرت. دوای دەرچوون گەڕامەوە بۆ زانکۆی ڕایس و بڕوانامەی ماستەرم لە زمانی ئینگلیزی وەرگرت. دوای ئەوە بۆ ماوەی ساڵێک بە زەمالەی (ستێگنەر – Stegner) لە زانکۆی (ستانفۆرد – Stanford) مامەوە.
ـ لە کوێ دەژیت؟
لاری مەکمۆرتری: لێرە و لەوێ دەژیم، تەکساس و ئەریزۆنا، زیاتر لە هەر شوێنێک کە بۆم گونجاو بێت.
ـ تۆ لە مێژە وەک نووسەری پێشەنگی (وێستەرن – Westerns) (چیرۆکە کێوییەکانی ڕۆژئاوا) دادەنرێیت، یان باشترە بڵێین چیرۆکەکانی ڕۆژئاوای کۆن یان تەکساسی هاوچەرخ، بەڵام تۆ ڕەخنەی ئەدەبی، وتار و سیناریۆی نایابیش دەنووسیت. ئاسودەیت وەک نووسەری وێستەرن بناسرێیت؟
لاری مەکمۆرتری: زۆر نا. یەکەمجار دەبێت چەمکی وێستەرن پێناسە بکەیت. وێستەرن چییە؟ ئایا هەر شتێکە کە لە ڕۆژئاوا ڕووبدات، جا هاوچەرخ بێت یان هی سەردەمانی تر؟
ـ بۆ زۆربەمان قورسە خەیاڵی ئەوە بکەین ڕۆمانێکی وەک (کۆترە تەنیاکە – Lonesome Dove) بنووسین کە خەڵاتی پوڵیتزەری ١٩٨٥ی بردەوە. میراتی ئەو کتێبە چۆن کاریگەری هەبووە لەسەر پیشەکەت و ئەو شتانەی دواتر هەڵتبژاردوون بۆ نووسین؟
لاری مەکمۆرتری: زۆر بیر لەو ڕۆمانە ناکەمەوە. ئەویش بەو ڕادەیە کاریگەری هەبوو کە سێ کتێبەکەی تری چوارینەی (Tetralogy) هەیانبوو. من کتێبەکانی ترم هەر دەنووسین ئەیت ئەو ڕۆمانەم نووسیبا یان نا. هەرگیز دووبارە نەمخوێندووەتەوە و هیچ بیرکردنەوەیەکی قووڵیشم لەسەری نەبووە.
ـ زۆرێک لە کتێبەکانت کراون بە فیلم. ڕات چییە لەسەر ئەو فیلمە سینەماییانە؟
لاری مەکمۆرتری: زۆر بەختەوەر بووم کە زۆربەی ئەو فیلمای لەسەر کارەکانم دروستکراون باش بوون. زۆر سەرسام نەبووم بە فیلمی (Hud)، بەتایبەت بەهۆی دیمەنی کوشتارگەکەوە. (مێڵڤین دۆگلاس – Melvyn Douglas) و (براندۆن دێ وایڵد – Brandon De Wilde) زۆر باش بوون، (پاتریشا نیڵ – Patricia Neal)یش ئۆسکاری بردەوە و شایەنی بوو، نایاب بوو. هەستم کرد (پۆڵ نیومان – Paul Newman) کەمێک زیادەڕۆیی لە ڕۆڵگڕانەکەی کرد. فیلمی (خۆشەویستی مۆڵی – Lovin’ Molly) باش نەبوو. (سیدنی لومێت – Sidney Lumet) زۆربەی دیمەنەکانی لە (نیوجێرسی – New Jersey) وێنە گرتبوو، لە کاتێکدا چیرۆکەکە لە تەکساسە. شوێنی وێنەگرتن گرنگی خۆی هەیە. کاوبۆیەکان جلی سەرەوژێریان پۆشیبوو، کە خەریک بوو ئەوە چەڵتە بە باوکم لێبدات. فیلمی ( نمایشی دواهەمین فیلم – The Last Picture Show) نموونەیەکی دەگمەن بوو کە دەرهێنەری گونجاو بابەتێکی گونجاوی لە قۆناغێکی گونجاوی پیشەکەیدا دەستکەوت. ئەگەر بەهۆی هاوسەرە بلیمەتەکەی (پۆلی پلات – Polly Platt) نەبوایە کە قەناعەتی پێ کرد بیکات، ڕەنگە هەرگیز ئەو فیلمە بەرهەم نەهاتبایە. ئەو بە هیچ شێوەیەک حەزی لەو جۆرە بەرهەمە تاریکانە نەبوو. (پیتەر بۆگدۆناڤیچ – Peter Bogdonavich) زانیارییەکی ئینسایکلۆپیدی لەسەر ئەکتەرە ئەمریکییەکان هەبوو و بۆیە بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر دیاری کران. پێم وابوو (ئیلین بێرستین – Ellen Burstyn) بە هەمان شێوەی (کلۆریس لیچمان – Cloris Leachman) باشە. (مەرجەکانی خۆشەویستی – Terms of Endearment)یش بەرهەم هات، چونکە پۆلی پلات زۆر خۆڕاگر بوو. (جاک نیکۆڵسن – Jack Nicholson) چەند جارێک ڕەتیکردبووەوە، بەڵام دواجار ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر ئەنجامدانی فیلمەکە و فیلمەکەش دروستکرا. نزیکەی ١٠ ساڵی خایاند تا گەیشتە سەر شاشە. من (دیبرا وینگەر – Debra Winger)م وەک ئیما خۆشدەویست. (ئاورۆرا گرینوەی – Aurora Greenway) باشترین ڕۆڵی (شیرلی ماکلەین – Shirley MacLaine)ی گڕا. من تەنها بەشێکی زنجیرە کورتەکەی (لۆنسۆم دۆڤ – Lonesome Dove )م بینیوە، بۆیە لە ڕاستیدا بۆچوونێکی گشتگیرم لەبارەیەوە نییە. (دوڤاڵ و تۆمی لی – Duvall and Tommy Lee) دووانەیەکی سەرنجڕاکێشیان نواند. بیستوومە نزیکەی ١٢٠ ملیۆن کەس بینیویەتی، بۆیە پێشبینی دەکەم زۆر بەناوبانگە.
ـ تۆ لە سیناریۆ نووسینیشدا بەشدار بوویت، وەک (شاخی برۆکباک – Brokeback Mountain). چۆن چیرۆکێکی کورت دەگۆڕیت بۆ سیناریۆ؟
لاری مەکمۆرتری: (دایانا – Diana) چیرۆکەکەی بۆ هێنام بیخوێنمەوە. سەرەتا دوودڵ بووم، چونکە من ناتوانم چیرۆکی کورت بنووسم، بەڵام ئەو پێداگری کرد، خویندمەوە، و داوای لێکردم پێکەوە سیناریۆکەی بنووسین. هەر ئەو ڕۆژە نامەیەکمان بۆ (ئانی – Annie) (نووسەری چیرۆکەکە) نارد. هەفتەیەک دواتر وەڵامی دایەوە و گوتی: من هیچ فیلمێک لەو چیرۆکەدا نابینم، بەڵام ئێوە تاقی بکەنەوە. ئێمەش کردمان. سەرەتا ئەوەی لە ناو چیرۆکە کورتەکەدا بوو کردمانە سیناریۆ، کە تەنها سێیەکی سیناریۆکەی پێکدەهێنا؛ پاشان بڕیارمان دا چی زیاد بکەین؟! ئەویش زیاتر ژیانی ناوماڵی ئەو دوو پیاوە و ئەو ئاڵنگارییانە بوو کە لەگەڵ جیهانی دەرەوە و لە ناو خۆشیاندا ڕووبەڕوویان دەبووەوە. وەک نووسەر، مەیلمان هەبوو بزانین ژنەکانیان کێن و بڕیارەکانی (ئینیس – Ennis) و (جاک – Jack) چۆن کاریگەری لەسەریان دادەنێت. ئیتر باقییەکەمان خۆمان دروستمان کرد. دیانا بەدرێژایی چەندین ساڵ بەردەوام بوو و دواجار فیلمەکە بەرهەم هات. هەروەها خۆشی بەرهەمهێنەری فیلمەکە بووە و بە درێژایی کاتەکە لەنێو ستافی فیلمەکەدا بوو، من هەمیشە خۆم لە شوێنی وێنەگرتنی فیلم بەدوور دەگرم. زۆر بێزارکەرە.
ـ تۆ دووەم نووسەریت کە چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردبێت و خاوەنی پڕفۆشترین کتێب بیت. ڕات چییە لەسەر ئایندەی کتێبی چاپکراو بەرامبەر کتێبی ئەلیکترۆنی؟
لاری مەکمۆرتری: پێموایە کتێبی چاپکراو لە مەترسیدایە. بۆ ماوەیەک دەمێنێتەوە، بەڵام نەک بۆ هەمیشە. ئەمە بە لای منەوە شۆڕشێکە. ئیمەیڵ، بۆ نموونە، شێوازێکی شۆڕشگێڕانەی نامەگۆڕینەوەیە.
ـ خوویەکی جیاواز یان تایبەتت چییە؟
لاری مەکمۆرتری: لە پرسیارەکە باش تێناگەم، بۆیە دەبێت لە هاوکارەکەم دایانا بپرسم. دایانا دەڵێت دیارترین خووم پابەندبوونی توندە بە بەرنامەی ڕۆژانە.
ـ پۆشاکی دڵخوازت چییە؟
لاری مەکمۆرتری: پانتۆڵی (لیڤایز – Levis).
ـ تکایە سێ کتێب پێشنیار بکە کە لەسەر ڕۆژئاوای کۆن بن.
لاری مەکمۆرتری: کتێبی یەکەم (کوڕەی ئەستێرەی بەیان – Son of the Morning Star) هی (ئیڤان کۆنێڵ – Evan Connell). کتێبی دووەم (پیاوە بچووکە گەورەکە – Little Big Man) هی (تۆماس بێرگەر – Thomas Berger). کتێبی سێیەمیش (ڕووداوی کەوانەکەی ئۆکس – The Ox Bow Incident) هی (واڵتەر ڤان تیڵبێرگ کلارک – Thomas Berger)یە،
ـ ئایا هاوڕێیەکی نووسەرت هەیە کە یارمەتیت بدات و ئیلهامت پێ ببەخشێت؟
لاری مەکمۆرتری: بێگومان. (دایانا ئۆسانا – Diana Ossana)، کە ٢٦ ساڵە هاوکاری منە لە نووسیندا.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
لاری مەکمۆرتری: هەڵدەستم، ڕیشم دەتاشم و خۆم دەشۆم، لەگەڵ (فای – Faye) لە ماڵی دایانا نانی بەیانی دەخۆم. ئەگەر خەریکی نووسین بم، دادەنیشم و ٥ بۆ ١٠ لاپەڕە دەنووسم، بەپێی ئەوەی بۆ ئەو پڕۆژەیە بڕیارم لەسەر داوە. نە کەمتر و نە زیاتر. کە تەواو بووم، باقی ڕۆژەکە خەریکی گەڕان بەدوای کتێبدا دەبم، یان پیاسەکردن لەگەڵ فای، یان ئاگاداربوونی حەوت سەگەکەی دایانا.
ـ باسی پڕۆسەی دانانی پلانی کتێبێک بکە پێش نووسین. حەز دەکەی پێشوەختە نەخشەی بۆ بکێشیت؟
لاری مەکمۆرتری: هەرگیز پێشوەختە نەخشەم بۆ کتێب نەکێشاوە. بۆ من گرنگە کەمێک بوار بۆ ڕێکەوتی خۆش بهێڵمەوە. زۆربەی کتێبەکانم لە کۆتاییەکەیەوە دەست پێ دەکەن. پاشان دەگەڕێمەوە بۆ دواوە و بەرەو کۆتاییەکە دەنووسم.
ـ ئامۆژگاری بۆ نووسەران: پێویستە چی لە لاپەڕەی یەکەمی کتێبێکدا ڕووبدات تا خوێنەر هان بدات بەردەوام بێت لە خوێندنەوەی؟
لاری مەکمۆرتری: ڕۆمان دەبێت دەستپێکی باشی هەبێت. من ئێستا زۆر چیرۆک ناخوێنمەوە، بەڵام پێشتر زۆرم دەخوێندەوە. بڕوام وایە هەموو نووسەرێک دەبێت کتێبە کلاسیکەکان بخوێنێتەوە. ئەگەر دەتەوێت چیرۆک بنووسیت، دەبێت تۆڵستۆی و ڕووسەکان، فلۆبێر و فەڕەنسییەکان، دیکینز و جۆرج ئەلیۆت بخوێنیتەوە.
ـ باسی شێوازی نووسینت بکە، ئایا هیچ ڕێوڕەسمێکی نائاساییت هەیە؟
لاری مەکمۆرتری: شتێک کە نایکەم ئەوەیە کاتێک خەریکی نووسینی چیرۆکم، چیرۆک ناخوێنمەوە، چونکە کار دەکاتە سەر خەیاڵم.
ـ جگە لە شتە ئاساییەکان، چیت لەسەر مێزەکەت هەیە؟
لاری مەکمۆرتری: پێموایە ئەو ڕاستییە بزانن کە ٤١ کتێبم بە ئامێری تایپی دەستی نووسیوە. لە سەردەمی کۆمپیوتەردا، ئەمە شتێکی جیاوازە.
ـ باسی بەرنامەی ئێوارانت بکە.
لاری مەکمۆرتری: من و فای لەگەڵ خێزانەکەمان (دایانا و نەوەکانی و ئەندامانی تری ماڵەکە) نانی ئێوارە دەخۆین. پاشان دادەنیشین و ئەڵقەیەک یان دووان لە زنجیرەی (Downton Abbey) تەماشا دەکەین و دواتر دەچین دەخەوین.
ـ چی دەخاتە پێکەنین؟
لاری مەکمۆرتری: لاوازی و هەڵەکانی مرۆڤ.
ـ چی دەتگریێنێت؟
لاری مەکمۆرتری: ژنەکان.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
لاری مەکمۆرتری: نەخێر.
ـ شتێک هەیە کە هەمیشە لەگەڵ خۆت هەڵیگریت؟
لاری مەکمۆرتری: کتێب.
ـ ئەگەر بتوانیت کەسێکی مردوو زیندوو بکەیتەوە، کێ دەبێت؟
لاری مەکمۆرتری: (پۆلی پلات – Polly Platt)، چونکە کەسێکی سەرنجڕاکێش و خۆشەویست بوو.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
لاری مەکمۆرتری: (دکتۆر پێپەر – Dr. Pepper) و شوکولاتەی (هێرشی – Hershey).
ـ کێشەی بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبت چی بوو؟
لاری مەکمۆرتری: دەستنووسی کتێبی (سوارچاک، پاس بای – Horseman، Pass By)ـم نارد بۆ گۆڤاری (وەرزنامەی تەکساس – Texas Quarterly)، پیاوێکی باش بە ناوی (فڕانک واردڵۆ – Frank Wardlaw) نەیویست خۆی بڵاوی بکاتەوە، بەڵام کەسێکی لە نیویۆرک دەناسی، سەرنوسەرێک بوو لە (هارپەرس – Harpers)، بۆیە ئەو سەرنووسەرە بۆ (جاک لێگات – Jack Leggatt)ی نارد و ئەویش بۆ چاپخانەی هارپەرس.
ـ ئایا ساتێکی دیاریکراو هەبوو کە هەست بکەی نووسەریت؟
لاری مەکمۆرتری: ساتێک هەبوو کە هەستم دەکرد وەک نووسەرێک دەتوانم بژێوی ژیانم دابین بکەم و ئەویش دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەم بوو، (نمایشی دوایین فیلم – The Last Picture Show).
ـ چیرۆکێکی کۆمیدیمان بۆ باس بکە کە پەیوەندی بە گەشتێکی کتێب یان بۆنەیەکی کتێبی جەنابتەوە هەیە؟
لاری مەکمۆرتری: من و دیانا بەشداریمان لە یادکردنەوەی (واڵاس ستیگنەر – Wallace Stegner) دەکرد لە زانکۆی (ستانفۆرد – Stanford). لەگەڵ هاوڕێ کۆنەکەم (وێندێل بێری – Wendell Berry) لە ژووری پشتەوە بووین و ئامادە بووین بچینە سەر ستەیج بۆ قسەکردن، کەچی وێندێل کە هەستا یەکسەر پانتۆڵەکەی لە دواوە تەقی و دڕا. تانیای هاوسەری و ئێمە هەموو قاقا بە پشتدا کەوتین.
ـ ئامۆژگاریت بۆ نووسەرێکی تازەلاو چییە؟
لاری مەکمۆرتری: بخوێنەوە، بخوێنەوە، بخوێنەوە و بخوێنەوە.
ـ شتێکمان دەربارەی خۆت پێ بڵێ کە خەڵک نایزانن؟
لاری مەکمۆرتری: پێموایە ئەو ڕاستییەی کە کوڕەکەم (جەیمس – James) بە تەنیا گەورە کردووە. ئۆه، هەروەها ئەوەی کە تازە لاپتۆپێکم کڕیوە چونکە من و دایانا دەستمان بە دامەزراندنی بلۆگێک کردووە بە ناوونیشانی (www.flashandfiligree.com).
ـ پڕۆژەی ئایندەتان چییە؟
لاری مەکمۆرتری: من و دیانا بەم دواییە وەرگێڕانی ڕۆمانی (پاولێت گایڵز – Paulette Giles)مان بە ناوی (ڕەنگی ڕەشەبا – The Color of Lightning) بۆ (ڕیدلی سکۆت – Ridley Scott) تەواو کرد؛ هەروەها سیناریۆیەکی فڕۆکەوانی هاوچەرخمان نووسیوە کە یەک کاتژمێرە، بە ناوی (تەکساسی ناسراو بە لۆن ستار نەیشن – Texas aka Lone Star Nation).

تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.