رۆژنامەی ھەولێر

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک: عێراق لە قۆناخێکی وەرچەرخانی گرنگدایە لە رووی چاودێریی گشتی و ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

دوێنێ، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا گەڕانەوەی خۆیان بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنەکە راگەیاند.

شۆخان حەسیب، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند، عێراق لە قۆناخێکی وەرچەرخانی گرنگدایە لە رووی چاودێریی گشتی و ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی. بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم واقیعە نوێیە و هەنگاوەکانی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاریان داوە بگەڕێنەوە نێو دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.
فراکسیۆنەکە دوو هۆکاری سەرەکی بۆ ئەم بڕیارە دەخاتەروو. یەکەمیان پەیوەندیی بە وەڵامدانەوەی داواکاریی بەردەوامی خەڵک و دڵسۆزانی پارتەکەوە هەیە بۆ هەبوونی نوێنەرایەتییان لە نێو ئەنجوومەنەکەدا. هۆکاری دووەمیش بریتییە لە هاودەنگی و بەرپرسیارێتیی سیاسی، بەتایبەتی دوای ئەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەن بە فەرمی داوایان لە سەرکردایەتیی پارتی کرد پێکەوە لەم قۆناخە هەستیارەدا کار بکەن.
شۆخان حەسیب، ئاماژەی بەوەش کرد، دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و هەمەلایەنە، سەرکردایەتیی پارتی بڕیاری کۆتایی دا بە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکان. جەختیشی کردەوە، بەردەوام دەبن لە گێڕانی رۆڵێکی چاودێریی توندوتۆڵ بۆ پاراستنی مافەکان، رێگریکردن لە گەندەڵی و خزمەتکردنی تەواوی پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی.