رۆژنامەی ھەولێر

نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش؛ ڕزگارکەر لە قەڵەوی یان دوایین بژاردەی پزیشکی؟

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش کە بە “نەشتەرگەریی بڕینی گەدە”ش ناسراوە ڕێگەیەکە بۆ کەمکردنەوەی کێشی لەش لە ماوەیەکی کورتدا. بەڵام ئایا ئەم ڕێکارە بۆ هەموو کەسێک گونجاوە؟

د. کارزان سیروان، پسپۆڕی وردی نەشتەرگەریی هەرس، جگەر، پەنکریاس و قەڵەوی، دەربارەی ئەم بابەتە ڕوونکردنەوە دەدات و ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم نەشتەرگەرییە بە سەرکەوتووترین ڕێگە دادەنرێت بۆ دابەزاندنی کێش لە ماوەیەکی کەمدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، نەشتەرگەریەکە هەڵبژاردەی یەکەم نییە؛ بەڵکو پێویستە نەخۆشەکە سەرەتا ڕێگەکانی دیکەی دابەزاندنی کێش لە ژێر چاودێری و ڕێنمایی پزیشکدا تاقی کردبێتەوە.
ئەگەر نەخۆشەکە بە ڕێگەکانی دیکە سوودمەند نەبوو، ئەوا پزیشکی پسپۆڕ بەپێی نیشاندەری بارستەی لەش ((BMI) – Body Mass Index) و بوونی ئەو کێشە تەندروستییانەی بەهۆی قەڵەوییەوە دروست بوون، بڕیاری ئەنجامدانی نەشتەرگەرییەکە دەدات.
مەرجە سەرەکییەکانی کردنی نەشتەرگەری:
• کاتی (BMI) لە ۳۰ زیاتر بێت: کاتێک ئەم نیشاندەرە لە ۳۰ بەرزتر بێت و لەگەڵیدا نەخۆشەکە بەدەست ئاڵۆزییەکانی قەڵەوییەوە بپۆکێت؛ وەک ڕاوەستانی هەناسە لە کاتی خەودا (Sleep Apnea).
• کاتی (BMI) لە ۳٥ زیاتر بێت: کاتێک نیشاندەرەکە لە ۳٥ بەرزتر بێت و نەخۆشەکە تووشی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ، بەرزەفشاری خوێن، یان شەکرە بووبێت.
• کاتی (BMI) لە ٤۰ زیاتر بێت: ئەگەر نیشاندەری بارستەی لەش گەیشتە ٤۰ یان زیاتر، بە مەرجێک نەخۆشەکە پێشتر بە ڕێگەکانی دیکە کێشی دانەبەزیبێت، تەنانەت ئەگەر نەخۆشیی دیکەشی نەبێت.
لە کۆتاییدا، بەپێی وتەی پسپۆڕان، ئەو کەسانەی جگە لە قەڵەوی بەدەست کێشەی تەندروستیی دیکەوە دەی ناڵێنن، نەشتەرگەریی دابەزاندنی کێش بۆیان دەبێتە باشترین و کارامەترین بژاردە.