وەرگێڕان: شۆڕش غەفووری – هەولێر
(بنیامین پێرسی ـ Benjamin Percy)، نووسەری ڕۆمانەکانی (پیاوە گورگ – werewolf) و (مانگی سوور – RED MOON)، لەم گفتوگۆیەیدا باس لە دەنگە زۆر نزمەکەی و چاوپێکەوتنە لەناکاوەکەی لەگەڵ (وارن بافێت – Warren Buffett) و (ڕوپێرت مورداک – Rupert Murdoch) و (لیبڕۆن جەیمس – LeBron James) دەکات.
ـ لە کوێ گەورە بوویت؟
بنیامین پێرسی: لە ڕۆژئاوای (ئۆریگن – Oregon) گەورە بووم، ڕێک لە دەرەوەی (یووگین – Eugene)، لەسەر ٢٧ دۆنم زەویی دارستانی کە وەک یاریگا وابوو بۆم. دایک و باوکم، ماوەیەک گەڕابوونەوە بۆ سەردەنی ژیانی سادە. باخچەیەکی سەوزەی گەورە، داروباری میوە و کولانە مریشکمان هەبوو، باوکیشم هەرەزۆری گۆشتی ماڵەوەی بە ڕاوکردن دابین دەکرد: وەک گۆشتی ئاسک، (ئێڵک elk (جۆرە ئاسکێکی گەورەیە) و ورچ. بۆ ماوەیەک چووینە (هاوایی – Hawaii) و دواتر گەڕاینەوە بۆ ئۆریگن، بەڵام ئەمجارەیان بۆ ئەوبەری چیاکان، بۆ دەشتاییە وشکەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆریگن.
ـ ئێستا لە کوێ دەژیت و بۆچی؟
بنیامین پێرسی: ئێستا لە (مینیسۆتا – Minnesota) دەژیم، لەسەر چوار دۆنم دارستان لە نزیک شارۆچکەی (نۆرسفیڵد – Northfield) لە دەرەوەی (توین ستیز – Twin Cities). ماڵە خەزوورام لەوێ نێزیکن و لەبەر ئەوەی منداڵیشمان هەیە، بۆیە بە پێویستمان زانی لە یەکێک لە باپیر و نەنکەکانی نێزیک بین. مینیسۆتا جوانە: دارستانی چڕ و پڕ و دەریاچەیەکی جوان. ئێمە لە دەریاچەی (سوپێریۆر – Superior) نێزیکین و زۆر دوور نین لە ناوچەی (باوندری واتەرز – Boundary Waters) کە یەکێکە لە باشترین شوێن بۆ بەلەمسواری لە وڵات. توین ستیز، دەوڵەمەندترین ناوەندی ئەدەبییە لە دەرەوەی نیویۆرک. دەزگای چاپ و پەخشی وەک (Graywolf) و (Milkweed و Coffee House Press) و گۆڤاری (Rain Taxi)ی لێیە. هەروەها ناوەندی ئەدەبی (Loft) و چەندین کتێبخانەی سەربەخۆی نایابی لێن. ناوەندێکی بێوێنەی شانۆشی لێیە، بۆیە دەتوانم هاوسەنگی ڕابگرم لە نێوان گۆشەگیری لە ناو دارستان و نزیکبوون لە کولتوور و هونەر.
ـ باسی بەرنامەی بەیانیانت بکە.
بنیامین پێرسی: من زۆر گەشت دەکەم، بۆیە بەرنامەکەم هەمیشە تێکدەچێت، بەڵام لە ڕۆژێکی ئاساییدا، سەعات ٦ هەڵدەستم، خواردنی نیوەڕۆ ئامادە دەکەم، منداڵەکان بە پەلە دەنێرم بۆ قوتابخانە، دواتر قاوەیەک لێدەنێم و دەچمە خوارەوە بۆ “زیندانەکە”، وەک خۆم ناوم ناوە، کە نووسینگە جاڵجاڵۆکەیەکەمە لە ژێرزەمینەکەدا. گڵۆپەکان دەکوژێنمەوە، تەنها یەک گڵۆپی بچووکی زەرد لەسەر مێزەکەم دادەگیرسێنم. مۆسیقا لێ نادەم، تەنها لە کاتی پشوو نەبێت. هەندێک جار وەرزشی شناو یان خۆهەڵواسین دەکەم، ئەویتری لەسەر مێزەکەم دادەنیشم و خەریکی کیبۆرد و یاریکردن لەگەڵ هاوڕێ خەیاڵییەکانم دەبم بۆ شەش تا هەشت سەعات. حەزم لەو کاتە درێژ و کپانەیە تاوەکو بە تەواوی لە جیهانێکی تردا ون ببم.
ـ چ خویەکی جیاواز یان تایبەتمەندییەکت هەیە؟
بنیامین پێرسی: دەنگم کەمێک سەیرە. بە شێوەیەکی نائاسایی گڕ و نزمە. خەڵک زۆرجار سەرەتا وادەزانن بە ئەنقەست وا قسە دەکەم. وەک (دارس ڤەیدەر – Darth Vader)ێکی سەرخۆش یان (باری وایت – Barry White) کاتێک گۆرانی (کاونتری – country) دەڵێت. ئەم دەنگە بۆ بابەتە تاریکەکانی من زۆر گونجاوە. کاتێک کتێبەکانم دەخوێنمەوە، زیاتر گڕی دەکەم و ڕۆدەچمە قووڵایی زەوی. دەتوانم بەو دەنگەمەوە دەفتەری تەلەفۆنیش ترسناک نیشان بدەم.
ـ چۆن بوویتە سەرنووسەری Esquire؟
بنیامین پێرسی: لە ساڵی ٢٠٠٦، کاتێک مامۆستای میوان بووم لە زانکۆی (مارکوەیت – Marquette)، لە ناو سندووقی پۆستەکەمدا زەرفێکم دۆزییەوە کە لۆگۆی Esquireی لەسەر بوو. پێم وابوو داوای بەشداریکردنە، بۆیە دوو هەفتە لەسەر مێزەکەم جێم هێشت. دواتر ڕۆژێکیان نامەکەم کردەوە و بینیم نامەی سەرنووسەری چیرۆکی نوێیە. ئەو داوای لەو نووسەرانە دەکرد کە سەرسام بوو پێیان بۆ ئەوەی چیرۆکێک بنووسن. لە ناو زەرفەکەدا دەسماڵێک هەبوو. داواکە ئەوە بوو چیرۆکێک لەسەر ئەو دەسماڵە بنووسم کە شایەنی ئەوە بێت لەسەر دەسماڵ بنووسرێت. چیرۆکەکەی من یەکێک بوو لەو ١٠ چیرۆکەی بڵاوکرایەوە. دوای ئەوە بوومە بەشداربوویەکی بەردەوام بۆ پێداچوونەوەی کتێب و نووسینی چیرۆکە ناخەیاڵییەکان و کورتە چیرۆک. دوای شەش ساڵ نووسینی بەردەوام بۆ گۆڤارەکە، منیان کردە سەرنووسەری بەشداربوو، ئەمەش زیاتر لە هەموو شتێک ڕێزلێنان و سەرسوڕهێنەریشە. ئەزموونێکی خەیاڵی بوو. (تایلەر کابۆت – Tyler Cabot)، سەرنووسەر، بووەتە هاوڕێ و ڕاهێنەرێکی گەورە بۆ من. دەبێت ئەوەش بڵێم، ئەو کوڕانە باشترین ئاهەنگەکانی جیهان ئەنجام دەدەن. باشترین شت لەوەتەی چوومەتە ئەوێ، ئاهەنگی ٧٥ ساڵەی دامەزراندنی گۆڤارەکە بوو لە هۆڵی (گۆتام – Gotham). باڕێکی بۆربۆن و جین، ڤۆدکا و سکۆتلەندی بوو. بینیم لە نێوان (ڕوپێرت موردۆک – Rupert Murdoch) و (وارن بافێت – Warren Buffet) وەستاوم، ساندویچێکی ملیاردێر. کە هەڵگەڕامەوە، نزیک بوو بەر چەناگەی (لێبرۆن جەیمس – LeBron James) بکەوم، هەشت ژن بە دەوریەوە بوون. (بیل کلینتۆن – Bill Clinton) قسەی کرد. شەوێکی زۆر سوریاڵ بوو بۆ کەسێکی وەک من.
ـ تکایە سێ کتێبی ترسناکی ئەدەبی بە خوێنەران بناسێنە؟
بنیامین پێرسی: دەتوانم ئەمانەتان بۆ پێشنیار بکەم:
١. کتێبی (خاکی سێبەرەکان – Shadowland) لە نووسینی (پیتەر ستراوب – Peter Straub): ڕۆمانێکە دەربارەی جادوو و چیرۆکی پەرییەکان و هاوڕێیەتی. چیرۆک لەناو چیرۆک، وەک نامەیەکی ئەشقانە بۆ (برایانی گریم – Brothers Grimm).
٢. کتێبی (من ئەفسانەم – I Am Legend) لە نووسینی (ڕیچارد ماتیسۆن – Richard Matheson): ڕستەکانی وەک ددانەکانی خوێنمژێک لەم ڕۆمانەدا تیژن. نائومێدیی دەروونیی کارەکتەرەکە (ڕۆبێرت نێڤێڵ – Robert Neville) کە تەنها ڕزگاربووی پەتایەکی جیهانییە، هەمیشە لە مێشکمدا دەمێنێتەوە.
٣. کتێبی (وشکە جادوو وشک – A Dry Spell) لە نووسینی (سوزی مۆلۆنی – Susie Moloney): کەمێک لە شێوازی (جەین سمایلی – Jane Smiley) و کەمێکیش لە (ستیفن کینگ – Stephen King.) دەچێت. وشکەساڵییەکی چوار ساڵە باڵی کێشاوە بەسەر شارۆچکەیەکدا و خەڵکەکە دەکەونە دژی یەکتر.
ـ خەڵک لەوانەیە لە کتێبی ترسناک بێزار بن، چونکە ڕاهاتوون بە فیلمە ترسناکەکان. لای تۆ چیرۆکی ترسناک چییە؟
بنیامین پێرسی: ئێستا لە فیلمە ترسناکەکاندا تەنها شتێکی کتوپڕت نیشان دەدەن و دەنگەکە زۆر بەرز دەکەنەوە تا گوێچکەی بینەر خوێنی لێ بێت. ڕاچڵەکاندن کارایە، بەڵام زۆر سواوە. ڕاچڵەکاندن بە مانای ترساندن نییە. من حەزم لەوەیە وردە وردە فشارەکە بەرز بکەمەوە تاوەکو ترسەکە دەچێتە ناو مۆخی ئێسکی بینەرەوە. بۆ ئەمەش دەبێت: باوەڕ بەو جیهانە بکەیت کە نووسراوە و خەمی کارەکتەرەکانت بێت و هاوسۆزیان بیت. (ئەگەر نا، چ گرنگییەکی هەیە ئەگەر گوێزانێک بە زماندا بهێنرێت؟) خستنە مەترسی منداڵێکیش هەمیشە یارمەتیدەرە.
ـ چۆن ڕۆمانی (بیابان – The Wilding)ت گۆڕی بۆ سیناریۆ؟ ئایا نامۆ نییە نووسەرێک خۆی سیناریۆی کتێبەکەی بنووسێت؟
بنیامین پێرسی: (گیێرمۆ ئاریاگا – Guillermo Arriaga) ستایلێکی یەک هێڵی بەکاردەهێنێت، داوای لە منیش کرد هەمان شت بکەم. بەڵام دەبوو ڕێگەیەک بدۆزمەوە کە ئەم ستایلە لەگەڵ ناوەڕۆکەکە بگونجێت. لە فیلمی (21 Grams) ئەمە دەگونجێت چونکە ژیانی کارەکتەرەکان پارچەپارچە بووە. لە (The Wilding)دا، ڕێگەیەکم دۆزییەوە کە ئەم ستایلە هەستی ونبوون لە ناو دارستانەکە لە خوێنەر دروست بکات. من هەر کە کارێکم بڵاودەبێتەوە لێی ڕازی نیم، بۆیە نووسینی سیناریۆکە هەلێکی تر بوو بۆ چاککردنی هەندێک کێشە.
ـ پێش دەستپێکردن بە نووسین، چۆن پلانی کتێبەکەت دادەڕێژیت؟ ئایا پێشوەختە نەخشەی بۆ دەکێشیت؟
بنیامین پێرسی: من عادەتەن ساڵێک بیر لە کتێبێک دەکەمەوە پێش ئەوەی دەست بە نووسین بکەم. کاغەزێکی درێژی ١٠ پێیی لە تەختەی وێنەکێشانی منداڵەکانم لێ دەکەمەوە و بە دیواری ژوورەکەمدا هەڵیدەواسم. پاشان نەخشەی کارەکتەرەکان دەکێشم، وێنەیان دەکێشم. مێژوو و ئارەزووەکانیان دیاری دەکەم. دواتر بیر لەو ڕێگرییانە دەکەمەوە کە دێنە بەردەم ئارەزووەکانیان. من زۆر بە وردی و وەک پارچە مۆسیقایەک نەخشە بۆ هەموو لوتکە و دۆڵەکانی ناو چیرۆکەکە دادەنێم. بە کورتی من زۆر بێزارکەر و میتۆدی و ڕێکخراوم.
ـ دەبێت چی لە لاپەڕەی یەکەم و بەشی یەکەمدا ڕوو بدات بۆ ئەوەی کتێبەکە سەرکەوتوو بێت و خوێنەر ڕابکێشێت؟
بنیامین پێرسی: لانیکەم دەبێت هەلیکۆپتەرێک بتەقێتەوە! ئەگەر بتوانیت کەرکەدەنی مرۆڤخۆر، خوێنمژی سێکسی، یان ڕۆبۆتێک کە لەیزەر لە چاوانی دەردەچێت تێکەڵ بکەیت، زۆر باشترە. دەبێت قوڕگی خوێنەر بگریت و ڕایکێشیتە ناو قووڵایی چیرۆکەکە، بۆیە دەستپێکردن بە کێشەیەک بووەتە ستاندارد، بەڵام لە تەک ئەوەشدا، پێویستە کارەکتەرێکی بەهێز و شانۆیەکی ڕاستەقینە دروست بکەیت تاوەکو ڕووداوەکان گرنگ بن لای خوێنەر.
ـ ئایا هیچ شتێکی نامۆ لە شوێنی کارەکەتدا هەیە؟
بنیامین پێرسی: چەندین شتی بچووکی سەیر دەورەیان داوم: کوپی قاوەی (پاوێڵز – Powell’s)، سندووقێکی پێنووسی زیو، بودایەکی سووری بچووک کە هەموو بەیانییەک بۆ بەخت دەست بە سکیدا دەهێنم، کۆستەرێکی چەرمی و چەند بازنەیەکی (Milwaukee Brewers)، و ئەو گڵۆپە زەردەی کە لەسەر مێزی باپیریم بووە. بە لاپتۆپێکی کۆنی HP کار دەکەم کە پێویستە بیگۆڕم. بەزۆری چەند شتێک لە تەنیشتمەوە بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە و دەبەی بەتاڵی بیرەی زەنجەفێلی بلوو سکای (کە من لە ڕۆخ دەریاکە دەیکڕم). ئەژدیهایەکی سەوزیش لەسەر ڕەفەیەکی سەروو مێزەکەمە کە باوکم لە چین هێناویەتی؛ هەر لە سەرەتاوە چاودێریم دەکات، بۆیە دەبێت هێزی سەرووسروشتی هەبێت، وانییە؟ ڕووم لە دیوارێکە، بەڵام لە لای ڕاستمەوە پەنجەرەیەک هەیە کە دەڕوانێتە سەر دارستانەکە و لە کاتی پشوودا لەوێ دەوەستم و کوپی قاوەکەم بە گەرمی دەگرم بە دەستەوە و سەیری کاردیناڵەکان دەکەم کە بە پەلە دەسوڕێنەوە، ئاسکەکان دەسووڕێنەوە. ناوبەناو کۆترێک لە لقێکەوە دەداتە شەقەی باڵ.
ـ باسی بەرنامەی ئێوارانت بکە.
بنیامین پێرسی: دوای ئەوەی منداڵەکان دەخەوێنین، خواردنەوەیەک (ویسکی یان بۆربن) ئامادە دەکەم. من کەسێکی زۆر چالاک و پڕ لە کافائینم، بۆیە شەوان پێویستم بەوەیە کەمێک هێمن ببمەوە. لەگەڵ هاوسەرەکەم دادەنیشم، کتێب دەخوێنمەوە، نێتفلێکس دەبینم یان وەڵامی ئیمەیلەکان دەدەمەوە.
ـ چی دەتگریێنێت؟
بنیامین پێرسی: من زۆر ناگریم. کاتێک غەمگین دەبم، کەمێک تۆز دەکەوێتە نێو چاوم! و ئەگەر پشیلەیەک یان سەگێک بۆنی ئەو تۆزە بکات، دەمرێت! بەڵام بە ڕاستی، کتێبی (Book of My Lives)ی (ئەلێکساندەر هێمۆن – Aleksandar Hemon) زۆر کاری تێکردم. لە بەشی کۆتاییدا باس لە مردنی کچەکەی دەکات بەهۆی وەرەمی مێشکەوە. ئەو زۆر بێبەزەییانە و بێهەست باسی دەکات، هەر ئەوەش وای لێ دەکات کاریگەر بێت. من حەزم لەو فیلم و چیرۆکانە نییە کە مۆسیقای کەمانچە و گڵۆپی تار بەکاردەهێنن تاوەکو هەستت بجوڵێنن. هێمۆن منی تێکشکاند: لە ناو فڕۆکەدا بە کوڵ دەگریام.
ـ ئایا هیچ باوەڕێکی خورافیت هەیە؟
بنیامین پێرسی: هەوڵ دەدەم هەرگیز زۆر شانازی بە خۆمەوە نەکەم یان وا هەست نەکەم شایستەی سەرکەوتنەکانمم، چونکە زۆر دەترسم بەو هۆیەوە سزا بدرێم. هەرکات سەرکەوتوو دەبم هەست بە تاوان دەکەم. ڕەنگە ئەمە بەهۆی پەروەردەمەوە بێت، یان بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر لە ناو ڕەتکردنەوە و پشتگوێخستن نووسیومە. بۆیە هەرگیز ڕێگە بە خۆم نادەم شتەکان بە ڕەهایی وەربگرم.
ـ سووکەژەمی دڵخوازت چییە؟
بنیامین پێرسی: هەموو هەفتەیەک دەبەیەکی گەورەی چەرەزاتی تێکەڵ دەخۆم. لە ناو بەفرگر هەڵیدەگرم – ئەم خووەم چەندین ساڵە هەیە – چەرەزاتێک کە پلەی گەرمی وەک هی ژوورەکە بێت، بێزارم دەکات، دەبێت ساردسارد بێت.
ـ چ دەستەواژەیەک زۆر بەکاردەهێنیت؟
بنیامین پێرسی: “بێدەنگ بن! باوکتان سەرنجێکی هەیە!”
ـ چیرۆکی بڵاوبوونەوەی یەکەم کتێبت چی بوو؟
بنیامین پێرسی: کتێبی (زمانی گاسک – The Language of Elk)م برد بۆ هەموو ئاژانسەکان، هەموویان ڕەتیان کردەوە و دەیانوت “کاتێک ڕۆمانێکت نووسی وەرە بۆلامان”. نزیکەی ١٠٠ جار ڕەت کرامەوە. دواجار کە تەمەنم ٢٤ ساڵ بوو، (دان ویکێت – Dan Wickett) کە ئێستا بەرپرسی کتێبی (دزانک – Dzanc)ە، قسەیەکی باشی لەگەڵ چاپخانەی زانکۆی (کارنێگی مێلۆن – Carnegie Mellon) کرد و ئەوان دوای دوو ساڵ بڵاویان کردەوە. ئەوکاتە فێڵێکی زیرەکانەی بازرگانیم کرد؛ چوومە ناو ماڵپەڕی (Publishers Marketplace) و خۆم هەواڵی فرۆشتنی کتێبەکەمم بڵاو کردەوە و بە باشترین شێوە وەسفم کرد. دوای چەندین کاتژمێر ٧٠ ئیمەیلم لە لایەن (براکانی وارنەر – Warner Brothers) و (پاریس ڕیڤیوو – Paris Review) و تا (ئەلبین میشێل – Albin Michel) کە ئێستا بڵاوکەرەوەی فەڕەنسیمە، بۆ هات و چەندین بریکاریش کە پێشتر ڕەتیان کردبوومەوە، پەیوەندییان پێوە کردم. لەوێوە دەستم کرد بە کارکردن لەگەڵ (کاسرین فۆسێت – Katherine Fausset) کە بووە نزیکترین هاوڕێ و ڕاوێژکاریشم.
ـ کەی هەستت کرد کە نووسەریت؟
بنیامین پێرسی: هەرگیز.. ڕۆژانە بیر لە پلانی جێگرەوە دەکەمەوە. هەرکاتێک بارهەڵگرێکی کۆمپانیای UPS دەبینم، دەڵێم: ئەوە کارێکی باشە: ڕۆژانە بە شۆرتێکی قاوەییەوە دەگەڕێیت و کەس بێزارت ناکات. گاڵتە ناکەم. بە واتایەکی تر، هێشتا لەو بیرکردنەوەیەی سەردەمی خوێندندام کە ڕەنگە ئەم کاری نووسینە سەرنەگرێت. ئێستا زیاتر لە هەمیشە ئەو هەستەم هەیە، چونکە سەرکێشییەکی گەورەم کرد و وازم لە کارێکی جێگیر وەک مامۆستایی زانکۆ هێنا تاوەکو ببمە نووسەر. منداڵم هەیە و فشارێکی زۆرم لەسەرە بۆ سەرکەوتن تا بتوانم بژێوییان دابین بکەم.
ـ پێویستە چەند بنووسیت تا هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە؟
بنیامین پێرسی: من وەک هەندێک کەس وشە ناژمێرم. گرنگی بە لاپەڕەکانیش نادەم چونکە ڕەنگە هێندەی ئەوەی دەینووسم، هەر لەو ڕۆژەدا بیسڕمەوە و فڕێی بدەم. لە جیاتی ئەوە هەمیشە بیر لە کۆتایی دیمەنێک یان کۆتایی بەشێک دەکەمەوە، وەک ڕاکەرێکی ماراسۆن کە تەنها سەیری نیشانەی دواتری دەکات. ناتوانم مێزەکەم جێبهێڵم تا نەگەمە کۆتایی شتێک (بۆ نموونە دەبێت شەڕێک ڕوو بدات، شەمەندەفەرێک وێستگەکە جێبهێڵێت، یان تەرمێک بدۆزرێتەوە). دەمەوێت بەو هەستەوە بچمە ناو پشووەکەم کە شتێکم تەواو کردووە.
ـ چ ئامۆژگارییەکت بۆ نووسەرانی تازەلاو هەیە؟
بنیامین پێرسی: تا دەتوانیت بخوێنەرەوە؛ تا دەتوانیت بنووسە.
حەز دەکەیت چی لەسەر کێلی قەبرەکەت بنووسرێت؟
بنیامین پێرسی: “چاوەڕێی قیامەتی زۆمبییەکانە.”
ـ پڕۆژەی ئایندەت چییە؟
بنیامین پێرسی: خەریکی کۆتاییهێنانی ڕۆمانی (زەوییە مردووەکان – The Dead Lands)م کە وێناکردنێکی پۆست ئەپۆکالیپتیکی گەشتەکەی (لویس و کلارک – Lewis and Clark)ە و لە هاوین بڵاو دەبێتەوە. هەروەها خەریکی کتێبێکی فێرکاریی نووسینم بە ناوی (ورووژێنەرم – Thrill Me) دەربارەی میکانیزمەکانی دروستکردنی جۆش و خرۆش لە نووسین.
تێبینی:
ئەم چاوپێکەوتنە کورت و دەستکاری کراوە.

