لاکۆ محەمەد
ڕۆمان وەک فەزایەكی ئەپێستمۆلۆژی:
کاتێک باس لە ئەزموونی نووسینی “سەلاح جەلال” دەکەین، بە تایبەت لە ڕۆمانی (تابووتی پەیمانی خودا)دا، ئێمە لەبەردەم دەقێکی سادەدا نین، تەنها گێڕانەوەیەکی لینیاری (ھێڵی) بێت بۆ ڕووداوەکان. بەڵکو ئێمە لەبەردەم تێكستێکی کراوەداین مێژوو، لاهووت، ئەفسانە و فەلسەفە لەناو یەکتریدا دەتوێنەوە. ئەم ڕۆمانە هەوڵێکی جیدیە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو چەمکە جێگیرانەی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی لەناو بازنەیەکی داخراودا زیندانی کردووە.
سەلاح جەلال لەم بەرهەمەدا، فۆرمی ڕۆمان لە کەرەستەیەکی کات بەسەربردنەوە دەگۆڕێت بۆ کەرەستەیەکی مۆدێرنی مەعریفی. ئەو لێرەدا وەک شوێنەوارناسێکی فکری دەردەکەوێت، بە دوای ئەو ڕەگ و ڕیشاڵانەدا دەگەڕێت شوناسی ئێمەیان پێکهێناوە.
ناونیشان و پارادۆکسی سیمیۆلۆژی:
ناونیشانی ڕۆمانەکە (تابووتی پەیمانی خودا) خۆی لە خۆیدا هەڵگری بارێکی سێمانتیکی (واتایی) قورسە. تابووت لە فەرهەنگی ئاینیدا هێمایە بۆ پاراستنی پیرۆزییەکان، بۆ ئەو پەیمانەی لە نێوان دروست كەر و دروستكراودا هەیە. بەڵام کاتێک سەلاح جەلال ئەم چەمکە دەباتە ناو کایەی ڕۆمانەوە، دەیکاتە دواکەوتنی شوێن پێی ونبووەکان. ئەم تابووتە تەنها شتێکی مادی نیە لە مێژوودا ون بووبێت، بەڵکو هێمایە بۆ ئەو ئارامی و دڵنیاییە مەعریفیەی مرۆڤی هاوچەرخ لە دەستی داوە. نووسەر لێرەدا پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت:ئایا مرۆڤی ئێستا لەناو تابووتی مێژوودا نێژراوە، یان مێژوو خۆی تابووتێکی گەورەیە و ئێمەی تێدا زیندانی کراوین؟
زمان لە پەیوەندیەوە بۆ داڕشتنەوەی بوون:
سەلاح جەلال نایەوێت زمان تەنها وەک ئامرازێک بۆ گواستنەوەی زانیاری بەکار بهێنێت. زمان لای ئەو ماڵی (بوون)ە (بەو مانایەی هایدیگەر دەیکات). زمان لەم ڕۆمانەدا زمانێکی چڕە و پڕ لە میتافۆر و وێنەی شیعرییە، بەڵام بێ ئەوەی لە جیدیەت و فۆرمی ڕۆمانەکە کەم بکاتەوە. نووسەر لە ڕێگەی زمانەوە، جۆرێک لە ئیستاتیکای ترس و گوماندروست دەکات. ئەو نایەوێت خوێنەر ئارام بێت، بەڵکو دەیەوێت خوێنەر لەگەڵ هەر ڕستەیەکیدا تووشی شۆکێکی فکری ببێت. ئەم شێوازە لە نووسیندا، بە تەواوی لە شێوازە تەقلیدیەکانی گێڕانەوەی کوردی دوور دەکەوێتەوە و تێیدا بیرکردنەوە پێش ڕووداو دەکەوێت.
مێژوو وەک تاقیگەی فەلسەفی:
لەم ڕۆمانەدا مێژوو وەک زنجیرەیەک لە ڕووداوی ڕابردوو نابیندرێت. بەڵکو مێژوو وەک ئێستایەکی بەردەوام ئامادەیی هەیە. نووسەر کار لەسەر هەڵکۆڵینی مێژوویی دەکات. ئەو دەچێتە ناو قووڵایی دەقە پیرۆزەکان و مێژووە دێرینەکان، نەک بۆ ئەوەی بیانگێڕێتەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕەخنەیان لێ بگرێت و پرسیاریان دەربارە بکات. ئەم ڕۆمانە هەوڵێکە بۆ تێپەڕاندنی ئەو کۆت و بەندەمێژوویانەی ڕێگرن لەبەردەم گەشەی ئەقڵی مرۆڤی ئێمە. سەلاح جەلال پێمان دەڵێت تابووتەکە تەنها لە جێگایەکی پیرۆزدا یان لە ناو دەقە کۆنەکاندا نیە، بەڵکو لە ناو کایە دەروونیەکانی ئێمەدا حەشار دراوە.
کارەکتەرەکان لە قەیرانی بایۆلۆژیەوە بۆ فۆرمی سیبۆرگ:
کارەکتەرەکانی ڕۆمانی (تابووتی پەیمانی خودا) تەنها بکەری مرۆیی لە (گۆشت و خوێن) نین، بەڵکو تێکەڵەیەکن لە بوونی بایۆلۆژی وعەقڵی تەکنەلۆژی. سەلاح جەلال لێرەدا کارەکتەری”سیبۆرگ ئاسا” و بوونەوەرە دەستکردەکان وەک میتافۆرێک بۆ قەیرانی شوناس بەکاردەهێنێت. ئەم کارەکتەرانە لەبەردەم پرسیارێکی بوونگەرایی قووڵدان:ئایا “مانا” لەناو خانە زیندووەکاندا حەشار دراوە، یان لەناو کۆد و داتاکاندا؟
ئەم تێکەڵکردنە گوزارشتە لە تێپەڕینی مرۆڤ بۆ سەردەمی “پۆست-هیومان” لێرەوە، هەر کارەکتەرێک نوێنەرایەتی لایەنێکی مرۆڤ دەکات لەبەردەم گەردوون و خودادا، بە جۆرێک جەستە دەبێتە تاقیگەیەک بۆ ململانێی نێوان سروشت و دەستکرد.
گەڕانی بەردەوامی ئەم کارەکتەرانە هیچ کەمتر نییە لە تراجیدیای سیزیف. لەم ڕوانگەیەوە، “شوێن” دەبێتە ڕەهەندێکی گرنگ تەنها لە جوگرافیادا کورت نابێتەوە، ئەم فرە چەشنییەی کارەکتەرەکان وای کردووە قەیرانی بوون تەنها پەیوەست نەبێت بە ڕوحی مرۆڤەوە، بەڵکو تەواوی ئەو بوونەوەرە نوێیانەش بگرێتەوە لە دەرەنجامی تەکنەلۆژیا و گۆڕانکارییە بایۆلۆژییەکانەوە هاتوونەتە کایەوە.
میتۆلۆژیا وەک ژێرخانی گێڕانەوە:
سەلاح جەلال تەنها بەکارهێنەری ئەفسانە نییە، بەڵکو ئەفسانەسازە. ئەو مێژووی ئاینی وەک کەرەستەیەکی خاو وەردەگرێت و لە کورەی فکری خۆیدا دایدەڕێژێتەوە. لێرەدا، تابووتلە مانا لاهوتیەکەی دادەماڵرێت و دەبێتە تێمایەکی فەلسەفی بۆ گەڕان بە دوای حەقیقەتە ونبووەکاندا. ئەم بەکارهێنانە مۆدێرنەی میتۆلۆژیا، ڕۆمانەکە لە گێڕانەوەیەکی مێژووی وشکەوە دەگۆڕێت بۆ میتا-گێڕانەوە و خوێنەر لەبەردەم دەقێکدایە، باس لە پرۆسەی دروستبوونی مانا دەکات.
بونیادی پۆلیفۆنی و میتا- فرەدەنگی؛ تێپەڕاندنی دەسەڵاتی یەکڕەهەندی:
یەکێک لە بنەما جەوهەرییەکانی بونیادنانی دەقە لەسەر بنەمای فرە دەنگی، بەڵام سەلاح جەلال لێرەدا تەنها لە سنووری چەمکە باختینیەکەدا ناوەستێت، بەڵکو هەوڵی تێپەڕاندنی فرەدەنگی دەدات بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر. لەم ڕۆمانەدا، ئێمە تەنها گوێبیستی دەنگی ئافرێنەر یان تاکە گوتارێکی زاڵ نابین، بەڵکو دەقەکە دەبێتە مەیدانی ململانێی چەندین ئاستی جیاوازی بوون. کاتێک کارەکتەرە تەکنەلۆژی و بایۆلۆژییەکان وەک بوونێکی سەربەخۆ دێنە ناو کایەکەوە، دەنگی ئەوان دەبێتە بەشێک لەوهارمۆنیە ئاڵۆزەی گوزارشت لە پەرتەوازەی مرۆڤی هاوچەرخ دەکات. ئەمە جۆرێکە لە تێپەڕاندنی فرە دەنگی، چونکە چیتر دەنگەکان تەنها گوزارشت لە کەسایەتی ناکەن، بەڵکو گوزارشت لە ئەپێستمێتی و شێوازە جیاوازەکانی تێگەیشتن لە گەردووندا دەکەن. ئەم تەکنیکە وا دەکات ڕاستی لەناو دەقەکەدا وەک کەرەستەیەکی پارچە پارچە بوو دەربکەوێت، هەر دەنگێک گۆشەیەکی ئەو تابووتە ونبووە دەبینێت و گێڕانەوەی تایبەت بە خۆی بۆ پەیمانەکە هەیە.
تێپەڕاندنی فرە دەنگی لێرەدا بەو مانایە دێت دەقەکە دەبێتە فەزایەکی کراوە تێیدا هیچ دەنگێک ناتوانێت کۆتایی بە گەڕانەکە بهێنێت، ئەم پەرشوبڵاویە ڕێکخراوەی دەنگەکان، خوێنەر دەخاتە ناو جەرگەی قەیرانی بوونەوە، هەتا تێبگات، مانا تەنها لە ڕێگەی پێکەوە ژیانی ئەم دەنگە دژبەیەک و جیاوازانەوە دروست دەبێت.
سیمیۆلۆژیای شوێنشکاندنی تێرمەکان:
شوێن لای سەلاح جەلال تەنها پاش بنەمایەک نیە بۆ ڕووداوەکان، بەڵکو خۆی کارەکتەرە. جوگرافیای ڕۆمانەکە، لە دەوری ناوچە دوورەکان و مێژوویەکی پڕ لە خوێن و ململانێ دەسوڕێتەوە، دەبێتە هێمایەک بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی ونبوون. نووسەر بە وردیەکی سیمیۆلۆژیانە کار لەسەرهێماکانی شوێن دەکات. کاتێک باس لە شار، بیابان، یان تاقیگە دەکرێت، هەر یەکێکیان ئاماژەیەکی فکرین بۆ قۆناغێکی مەعریفی. گواستنەوە لە نێوان شوێنە مێژوویەکان و شوێنە خەیاڵیەکاندا، جۆرێک لە سیحری واقیع دروست دەکات، تێیدا سنووری نێوان ئەوەی هەیە و ئەوەی دەبوو هەبێت، تەڵخ دەبێت.
شکاندنی تێرم و چەمکە باوەکان:
نووسەر لەم دەقەدا وەک ڕەخنەگرێکی سۆسیۆ- کولتووری دەردەکەوێت. ڕۆمانەکە هەوڵێکی بوێرانەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو چەقبەستوویە فکریەی کۆمەڵگە ڕوژهەڵاتیەکانی گرتۆتەوە. تابووتی پەیمان لێرەدا دەبێتە میتافۆرێک بۆ هەموو ئەو شتە قەدەغەکراوانەی مرۆڤ ناوێرێت دەستیان بۆ ببات. نووسەر هانمان دەدات تابووتەکە بکەینەوە، نەک بۆ ئەوەی گەنجینە بدۆزینەوە، بەڵکو بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی ئەو پوچیە ببینەوە لەناویدایە.
پەرژینی دەروونشیکاری و کارەکتەر:
ئەگەر لە ڕوانگەی فرۆید یان لاکانەوە سەیری کارەکتەرەکانی ئەم ڕۆمانە بکەین، دەبینین ئەوان لەناو قەیرانی ئارەزوودا دەژین. گەڕان بەدوای تابووتەکەدا، لە ڕاستیدا گەڕانە بەدوای باوکی ونبوویان سیمبۆلی دەسەڵات. کارەکتەرەکان لەناو کێڵگەیەکی مینڕێژکراوی دەروونیدا دەجووڵێنەوە، سەلاح جەلال بە شارەزایەکی زۆرەوە دەچێتە ناو “ناوشیار”ی کارەکتەرەکانی. ئەو نیشانمان دەدات چۆن برینە مێژوویەکان دەبنە گرێی دەروونی و چۆن ئەم گرێیانە ڕەفتار و بڕیارە چارەنووسسازەکانی مرۆڤ ئاراستە دەکەن.
دیالێکتیکی پیرۆز و پڕۆفان:
یەکێک لە ئاڵۆزترین ڕەهەندەکانی ڕۆمانی (تابووتی پەیمانی خودا)، ئەو ململانێیە بێدەنگەیە لە نێوان چەمکی پیرۆز و ناپیرۆز یان دنیایدا دروستی دەکات. سەلاح جەلال لەم دەقەدا، پیرۆزییەکان لە ئاسمانەوە دەهێنێتە سەر زەوی و دەیانخاتە ناو تاقیگەی پرسیارەوە. ئەو نیشانمان دەدات چۆن پەیمانەکان لەناو بەرژەوەندیە سیاسی و مێژووییەکاندا دەبنە ئامرازی سەرکوتکردن.
نووسەر لێرەدا پەیڕەوی لە هێرمۆنتیکای گومان دەکات، واتە هیچ مانایەک لەسەر ڕووکەش وەک خۆی وەرناگرێت، بەڵکو لە پشتی هەموو هێمایەکەوە، بەدوای دەسەڵات و بەرژەوەندیە شاردراوەکاندا دەگەڕێت.
تەکنیکی تێکست لە ناو تێکستدا:
– نووسەر شێوازێکی تەکنیکی بەکارهێناوە دەتوانین ناوی بنێین ئەندازەی بێسەروبەریی ڕێکخراو. ئەو چەندین ژانری جیاواز تێکەڵ دەکات، ئەمە وا دەکات ڕۆمانەکە ببێتە کتێبخانەیەکی بچووک کراوە.
ئەم تەکنیکە تەنها بۆ جوانی نیە، بەڵکو ئامانجێکی فکری هەیە. نووسەر دەیەوێت بڵێت ژیانی ئێمە لە دەق پێک هاتووە، ئێمە بەرهەمی ئەو دەقانەین پێش ئێمە نووسراون. بۆ ئەوەی خۆمان بدۆزینەوە، دەبێت سەرەتا ئەو دەقانە بخوێنینەوە و پاشان هەڵیانبووەشێنینەوە. ئەمە ئەو شوێنەیە ڕۆمانەکە تێیدا دەبێتە پرۆسەیەکی ڕۆشنبیری نەک تەنها چێژوەرگرتن.
پارادۆکسی دۆزینەوە و ونبوون:
لە زۆربەی ڕۆمانە تەقلیدیەکاندا، گەشتەکە بە دۆزینەوەیەک کۆتایی دێت. بەڵام لای سەلاح جەلال، کۆتایەکە جۆرێکی ترە. دۆزینەوەی تابووتەکە، یان گەیشتن بە لوتکەی گەڕانەکە، خۆی لە خۆیدا سەرەتایەکی نوێیە بۆ ونبوونێکی گەورەتر. ئەمە گوزارشتە لە نەبوونی حەقیقەتێکی ڕەها.
ڕۆمانەکە لە کۆتایدا خوێنەر جێدەهێڵێت لەبەردەم ئاوێنەیەکدا. تابووتی پەیمان لە جیاتی ئەوەی پڕ بێت لە گەوهەر و یاسا، پڕە لە بێدەنگی. ئەم بێدەنگیەش بانگهێشتنامەیەکە بۆ خوێنەر هەتا خۆی مانای بۆ دروست بکات. لێرەدا، سەرکەوتنی خوێنەردەست پێ دەکات و دەسەڵاتی نووسەرکۆتایی دێت.

