رۆژنامەی ھەولێر

هونەرمەندێکی کورد لە هۆڵەندا بەشداری کۆنسێرتێکی جیهانی کرد

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

کاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، بەچەند گۆرانییەکی کوردی بۆ کولتوورە جیاوازەکان، لەگەڵ گروپی موزیکی ئارتین، بەشداری کۆنسێرتێکی جیهانی لەشاری هارلەمی وڵاتی هۆڵەندا کرد.

کاروان حەمید حەڵاق، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بۆ (هەولێر) گوتی: بۆ من زۆر مایەی شانازی بوو کە لە شاری هارلەمی هۆڵەندا، لە کۆنسێرتێکی نێودەوڵەتی بۆ کولتوورە جیاوازەکان، لەگەڵ گروپی موزیکی ئارتین لەسەر یەک شانۆ وەستام. ئەم کۆنسێرتە تەنیا بەرنامەیەکی مۆسیقی نەبوو، بەڵکو کۆبوونەوەی هونەرمەندانی چەندین کولتوور و زمان بوو، کە هەریەکەیان بە هونەرەکەی خۆی پەیامی ئاشتی، هاوژیانی و یەکتر ناسینی دەگەیاند.
گوتیشی: ناوەڕۆکی کۆنسێرتەکە لەسەر تێکەڵکردنی مۆسیقای رۆژهەڵات و مۆسیقای ئەورووپی دامەزرابوو. هەر پارچەیەک چیرۆکێکی تایبەتی خۆی هەبوو و بینەران لەگەڵ ئاواز و سازە جیاوازەکان گەشتێکی هونەریان ئەنجامدا. ئەو هاوکارییەی لە نێوان گۆرانیبێژ و موزیسیانەکان هەبوو، وای کرد کە کۆنسێرتەکە ببێتە شوێنێک بۆ گفتوگۆی کولتوورەکان، نەک تەنیا شوێنێک بۆ پێشکەشکردنی گۆرانی.
ئەو هونەرمەندە باس لە گرنگیی بەشداریکردنی لەو کۆنسێرتە جیهانییە دەکات و دەڵێت: وەک هونەرمەندێکی کورد، هەستم بە بەرپرسیارییەکی گەورە کرد کاتێک لەسەر ئەو شانۆیە وەستام، چونکە لەگەڵ دەنگی خۆم هەوڵم دا بەشێک لە ناسنامە، مێژوو و کولتووری گەلی کورد بگەیەنم. بەشداریی من وەک کوردێک لەو کۆنسێرتەدا نیشانەی ئەوەیە کە هونەری کوردی توانای ئەوەی هەیە لەگەڵ هەموو جۆرە مۆسیقا و کولتوورەکان گفتوگۆ بکات و شوێنی خۆی لە شانۆ نێودەوڵەتییەکاندا هەبێت.
دەربارەی ئەو پێشوازییە گەرمەی لەو کۆنسێرتە لێی کرا، کاروان حەمید حەلاق دەڵێت: لە ماوەی کۆنسێرتەکەدا پێشوازییەکی زۆر گەرم لەلایەن ئامادەبووانەوە بینرا، ئەوە بۆ من دڵخۆشکەر بوو کە ببینم بینەران، بەبێ جیاوازیی زمان و رەگەز، لەگەڵ مۆسیقا پەیوەندی دروست دەکەن. ئەوە جارێکی تر سەلماندی کە هونەر زمانێکی جیهانییە و دەتوانێت دڵەکان لێک نزیک بکاتەوە.