سلێمان تاشان – ههولێر
بەپێی نوێترین ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی دەستپێڕاگەیشتنی وڵاتانی جیهان بە ئاوی پاکی خورادنەوە، عێراق لە دۆخێکی زۆر خراپدایە و لەسەدا شەستی دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەستیان بە ئاوی خورادنەوە ڕادەگات و لەسەدا چلی دانیشتووانی عێراق لێی بێبەشن.
بەپێی دواین ئامار دوو ملیار کەس لە دانیشتووانی جیهان دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ڕاناگات کە دەکاتە لەسەدا بیست و پێنجی دانیشتووانی جیهان. ئەگەر تێکرای ئامارەکە لەگەڵ ئامارەکەی عێراق بەراورد بکەین بۆمان دەردەکەوێت عێراق لەسەدا پازدە لەسەرووی تێکڕای ڕێژەی جیهانییە لە دەستپێڕانەگەیشتن بە ئاوی پاک.
ئەگەر سەیرێکی ئاماری وڵاتان بکەین بۆمان دەردەکەویت کە عێراق لە چ دۆخێکدا دەژیت، وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکای باکوور و ئوسترالیا ڕێژەی دەستپێڕاگەیشتنیان بە ئاوی پاک لەسەدا سەدە و بەپێی ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕێژەکە لە ژاپۆن لەسەدا نەوەد و نۆ، لە ئیتاڵیا لەسەدا نەوەد و هەشت، ئێرلەندا لەسەدا نەوەد و شەش و ئێران لەسەدا نەوەد و چوارە.
دۆخی عێراق تەنیا لە وڵاتانێکی وەک گانا و گواتیمالا باشترە باشترە کە ڕێژەی دەستپێڕاگەیشتنیان بە ئاوی پاک لەسەدا چل و سێ تا چل و نۆیە. ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەفریقی ڕێژەی دەستپێڕاگەیشتنیان بە ئاوی پاک لە خوارووی لەسەدا بیستە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە خزمەتگوزاریی ئاوی پاک تەنیا ئەوە نییە سەرچاوەیەکی ئاوی پاک هەبێت، بەڵکوو ئەوەیە سیستمی گواستنەوەی ئاو لە سەرچاوەکەوە بگرە تا دەگاتە ماڵەکان پێشکەوتوو بێت و بە پاکی بگاتە ماڵەکان و ڕێژەی پاکییەکەشی لە چوارچێوەی ستانداردی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بێت.
ئەم خزمەتگوزارییە پێویستی بە وەبەرهێنانی درێژخایەن لە دابینکردنی ئاو و گواستنەوەی ئاو و دامەزراندنی پڕۆژەی پاڵاوتنی ئاو و پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو هەیە. دابینکردنی ئاوی پاک هۆکاری گرنگە لە پاراستنی تەندروستیی گشتیی کۆمەڵگە، پەروەردە و گەشەپێدانی ئابووری .
رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕاپۆرتەکەی بۆ هەموو عێراقە و پێگەی بەهێزی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە کاریگەری هەبووە لەسەر ئەوەی کەمێک لە ڕێژەی عێراق لە ڕیزبەندییەکە بەرز ببێتەوە و ئەگەر بە تەنیا هەڵسەنگاندنی بۆ کرابا لەوانەیە هەر لە ڕیزی وڵاتانی گواتیمالا و گانادا شوێنی بۆ کرابایەوە.
هەرێمی کوردستان بە پێچەوانەی عێراق دۆخەکەی لە ڕووی دابینکردنی ئاوی پاکی خواردنەوە زۆر باشە و هەر چەندە ئامارێکی ورد یان ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بە تایبەتی لەسەر هەرێمی کوردستان نییە تا ڕێژەکەی دەرخات بەڵام بە دڵنیاییەوە ڕێژەکەی زۆر بەرزە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە دەیان پڕۆژەی ستراتیژی لە بواری ئاودا جێبەجێ کردووە کە گرنگترینیان ئەو پڕۆژەیە بوو کە ساڵی ڕابردوو لە هەولێری پایتەخت لە ژێر ناوی پڕۆژەی فریاگوزاری ئاوی هەولێر جێبەجێی کرد.
عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا نەیتوانیوە لە بوارری دابینکردنی ئاوی پاک بۆ دانیشتووانی عێراق هەنگاوێکی ئەوتۆ بنێت و دۆخی ئەو خزمەتگوزارییە گرنگەی ژیان لە جیاتی ئەوەی باشتر بێت و بەرەو پێشەوە بچێت بەرەو دواوە گەڕاوەتەوە.
عێراق خاوەنی سەدان ملیار دۆلار بودجە و داهات بووە و ئەگەر ساڵانە تەنانەت لەسەدا یەکی ئەو بودجەیەشی بۆ کەرتی ئاو خەرج کردبایە، پێگەی عێراق بەم شێوەیە نەدەبوو کە ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەم شێوەیە نەرێنییە باس بکرێت و لە ڕیزی وڵاتانی دواکەوتوودا ناوی بهێنرێت.

