ڕائیب جادر – هەولێر
چاوەڕوان دەکرێت بەمنزیکانە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێکی نیشتمانیی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆببنەوە. پارتی ئامادەیە بۆ چارەکردنی کێشەکان. ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەو حزبە، دەڵێت: کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان دوای نزیکەی دوو ساڵ لە ھەڵبژاردن ھیچ پاساوێکی سیاسی و یاسایی ھەڵناگرێت.
ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ کرا، بەپێی ئەنجامی کۆتایی پرۆسەکە کە لە لایەن کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراقەوە ڕاگەیاندرا، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک براوەی یەکەم ٣٩ کورسی بەدەستھێنا. دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن پارتی چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ ھەموو لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی ھەڵبژاردن کردووە، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ژمارەی کورسی لایەنە براوەکان بکات، بەڵام زۆرترین کۆبوونەوە و نزیکبوونەوەی لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بووە.
لە ماوەی ڕابردوودا، ھاووڵاتییانی کوردستان بەردەوام داوای ئەوەیان کردووە کە دامەزراوە دەستوورییەکان بەشێوەیەکی ئاسایی و چالاک کار بکەن، چونکە ھەر دواکەوتنێک لە کاری پەرلەمان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵک و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەبێت. لەبەر ئەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان دەرفەتێکی نوێی بۆ ھەموو لایەنە سیاسییەکان ڕەخساندووە تا بتوانن لە ڕێگەی گفتوگۆ و ھاوکارییەوە چارەسەری بابەتە گرنگەکانی ھەرێم بدۆزنەوە.
لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردن ڕۆژی ٢-١٢-٢٠٢٤ خولی شەشەم یەک کۆبوونەوەی بۆ سوێند خواردنی پەرلەمانتاران کردووە، بەشێک لە لایەنەکانیش لەو کاتەوە ئامادەنین پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
سەرۆک بارزانی، لە پەیامێکی مێژووییدا بە بۆنەی جەژنی پیرۆزی قوربانەوە، پەیامێکی ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، پەیامم بۆ لایەن و ھێزە سیاسییەکانی کوردستان ئەوەیە کە ھەموو لایەک بیر لە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان بکەنەوە و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان لەسەرووی ئامانج و بەرژەوەندیی بەرتەسک دابنێن، بۆیە داوا دەکەم لەدوای جەژنی پیرۆزی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بە دڵسۆزی و ھەستی نیشتمانپەروەرانەوە بەیەکەوە کۆببنەوە، ئەو چەقبەستووییە سیاسییە چارەسەر بکەن و کۆتایی بەم دۆخە نالەبارە بھێنن. ئەم پەیامە کاردانەوەی خێرای لایەنەکانی لێکەوتەوە و وەک “دەرچەیەک” بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەم دەبینرێت.
لە کاتی کردنەوەی پڕۆژەی ستراتیشی ئاوی بارزان- باڵندا، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان، گوتی: جارێکی دیکە داخوازیی خۆمان ئاراستەی ھەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەینەوە، ئەگەر ڕاستگۆن و خەمخۆرن بۆ خەڵکی کوردستان، با کەرەم بکەن و بێن پەرلەمانی کوردستان کە موڵکی خەڵکی کوردستانە، کارا بکەنەوە و پەرلەمان نەبێتە بارمتە لە دەست ھیچ کەسێک بۆ دەستکەوتی شەخسی یانیش بۆ ڕێگریکردن لە خزمەتکردنی خەڵکی کوردستان و دروستکردنی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەکاربێت.
سەرۆکوەزیرانی کوردستان، گوتیشی: پارتی جارێکی دیکە پابەندە کە ڕێز لە دەنگی خەڵکی کوردستان بگرێت، ئێمە ئامادەین و دەستی دۆستایەتی بۆ ھەموو لایەنە سیاسیەکان درێژ دەکەین و داوایان لێ دەکەین بە تایبەت لەم بارودۆخە ھەستیار و ناسکەدا، بێن و لەگەڵ ئێمە ھاوبەش بن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و لە خزمەتی خەڵکی خۆیاندا بن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، کە ڕابەرایەتی پێکھێنانی کابینەی نوێ دەکات، چەندین جار ڕایگەیاندووە مەرجی پارتی بۆ ئەو لایەنانەی دەیانەوێت بەشدار بن لە کابینەی نوێ، بەرپرسیارێتی ڕاستەقینە، واتە ھەر لایەنێک لە نێو حکوومەت بێت نابێت لە ژێرەوە خەریکی دژایەتی کردنی حکوومەت بێت و ھەوڵی لاوازکردنی بدات، بە بڕوای شرۆڤەکاران و چاودێرانی سیاسی، ئەم مەرجەی پارتی لە ئەزموونی کابینەکانی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتێک حکوومەتی ھەرێم ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و بەربەستی تر دەھاتەوە لایەنە بەشداربووەکان بێ گوێدانە ئەوەی کە لە حکوومەت بەشدارن وەکو ئۆپۆزسیۆن مامەڵیان لەگەڵ پرسەکاندا دەکرد.
چاودێرانی سیاسی، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، مادام لایەنە سیاسییەکان ناتوانن بە دانوستان لەسەر پێکھێنانی حکوومەت ڕێکبکەون، ڕێگە بدەن ئەندامانی پەرلەمان وەک نوێنەرانی خەڵکی کوردستان، لەڕێگەی فراکسیۆنەکانەوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکەن، چونکە ئەندامی پەرلەمان بەر لەوەی نوێنەری حزبەکەی بێت، نوێنەری گەلە و سوێندی خواردووە پشتیوانی لە بەرژەوەندییەکانی خەڵک بکات، بۆیە دەکرێت لە ڕێگەی پەرلەمانەوە کۆتایی بەو چەقبەستووییە سیاسییە بھێنرێت. جەخت لەوەش دەکەنەوە، دەبێت کورد ناوماڵی خۆی ڕێکبخاتەوە، بۆ ئەوەی ئەو دەستکەوتانەی کە ھەن لەدەست نەچن، بۆیە پێویستە ھەمیشە ھەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی لایەنە سیاسییەکان لەپێناو گەل و نیشتمان لەگەڵ یەکدیدا تەبا بن.
ھێمن ھەورامی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی پارتی لە میانەی کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ماکسیم ڕوبن کۆنسوڵی گشتیی ڕووسیای فیدراڵ لە ھەرێمی کوردستان، دووپاتی کردەوە کە ئەو ھێز و لایەنانەی کورسیی پەرلەمانیان ھەیە و ڕێگرن یان ئامادە نین پەرلەمان کارا بێتەوە، بەرپرسیارێتیی یاسایی، سیاسی و مێژوویی لە ئەستۆ دەگرن، وەک پارتی دیموکراتی کوردستان کە براوەی یەکەمی ھەڵبژاردنەکانە، ئەوەی لە ئەستۆمان بووبێت لە گفتوگۆی نزیکەی ٢٠ مانگی ڕابردوو، نەرمیی نواندن، ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی سیاسی، ئاڵوگۆڕی پەیام، سەردان و دیالۆگ ئەنجاممان داوە، لە ڕابردوودا و ئێستاش ئامادەین بۆ بەشداری لە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا.
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” نێردراوە دوای ماوەیەکی درێژ لە چاوەڕوانی و دواخستنی بڕیارە گرنگە سیاسییەکان، گەلی کوردستان لەمە زیاتر پاساو بۆ کارانەکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ھەڵناگرێت.
ھاوکات جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، دەڵێت: ھاووڵاتییان چاوەڕوانی ئەوەن کە دامەزراوە دەستوورییەکان ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانیان بەجێ بھێنن و وەڵامی پێویستییەکانی قۆناخی ئێستا بدەنەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان دووپاتی کردەوە، کاراکردنەوەی پەرلەمان و خێراکردنی پرۆسەی پێکھێنانی کابینەی نوێ، تەنیا داواکارییەکی سیاسی نییە، بەڵکو پێویستییەکی نیشتمانییە بۆ پاراستنی جێگیری سیاسی، گەشەپێدانی ئابووری و چارەکردنی کێشە و گرفتەکانی ھاووڵاتییان، ھەر دواکەوتنێکی دیکە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر متمانەی خەڵک بە دامەزراوەکان و پرۆسەی دیموکراسی جێدەھێڵێت.
قەھوەچی، باسی لەوە کرد، ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە ھەموو لایەنە سیاسییەکان لە چوارچێوەی بەرپرسیاریی نیشتمانی و بەرژەوەندیی گشتیی خەڵکی کوردستاندا، ھەنگاوی خێرا و جدی بنێن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و پێکنەھێنانی حکوومەتێکی نوێ کە بتوانێت وەڵامدەرەوەی ئاوات و داواکارییە ڕەواکانی ھاووڵاتییان بێت.
مونا قەھوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئاشکرای کرد، گەلی کوردستان، کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا زۆر قوربانی و تەنگانەی بەرگە گرتووە، شایستەی ئەوەیە دامەزراوە دەستوورییەکان بە خێرایی و بەرپرسیارییەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن و سەرنجیان بۆ چارەکردنی گرفت و پێویستییەکانی خەڵک بێت.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان، ئەوەشی خستەروو، بەرژەوەندیی گشتی دەخوازێت کە قۆناخی چاوەڕوانی کۆتایی پێبێت و ھەموو ھێزە سیاسییەکان بەرپرسیارانە ھەڵسوکەوت بکەن.

