ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
لە 24 کاتژمێری رابردوو بازاری گواستنەوەی یاریزانان گەرم بوو، قسەکانی ئێنزۆ مارێسکا سەرنجی میدیایەکانی راکێشا، لە لایەکی دیکەشەوە گۆڵپارێزە ناودارەکای مۆندیال لە کۆتایی دا یانەیەکی دۆزییەوە. جگە لەوەش کۆبوونەوەیەکی سیاسی ئامادەکارییەکانی ئێڤەرتۆنی لە فەرەنسا هەڵوەشاندەوە.
مارێسکا نایەوێت لە مان سیتی ستایلی گواردیۆلا دووبارە بکاتەوە
ئێنزۆ مارێسکا راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی ئاشکرای دەکات لەوەتەی گواردیۆلا وازی لە پۆستی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە هێناوە، سێجار لەگەڵی دانیشتووە و بەردەوامیش پێکەوە قسە دەکەن، دەشڵێت ئەو هاتووە بۆ ئەوەی فەلسەفەی خۆی پەیڕەو بکات و نایەوێت چاو لە کەس بکاتەوە. راهێنەرەکەی ستیزن لە بەشێکی دیکە قسەکانیدا ئاماژە بەو دەنگۆیانە دەکات کە باس لەوە دەکەن یانەکەی ساڵانە یاسای دارایی خاوێن رەچاو ناکات.
دەقی قسەکانی مارێسکا، راهێنەری نوێی مان سیتی:
لەو کاتەوەی پێپ گواردیۆلا بڕیاریدا ریزەکانی یانەی مانچێستەر سیتی جێبهێڵێت، زۆر قسەم لەگەڵ کردووە و هەفتەیەک پێش ئێستاش لەگەڵی بووم. چەند کاتژمێرێکمان پێکەوە بەسەربرد، بەڵام پەیوەندیم لەگەڵ پێپ لەو کاتەوەی لە تیپی ژێر 23 ساڵی مانچستەر سیتی بووم هەمیشە زۆر نزیک بووە.
لە هەمووی گرنگتر بۆ من ئەوەیە ڕوونی بکەمەوە کە لێرەم تا ئەو کارەی دەمەوێت بیکەم ئەنجامی بدەم، بەو شێوازەی خۆم دەمەوێت ئەنجامی بدم. لێرە نیم بۆ ئەوەی هەوڵ بدم چاو لە کەسی دیکە بکەمەوە. من لێرەم تا هەوڵ بدەم کارەکەی خۆم بکەم، دەمەوێت بەو شێوازەی کە تۆپی پێی دەناسم پیشانی بدەم. دواتر ئەگەر ئاسانتر بێت یان سەختتر، نازانم پێموایە ئەمە ئاڵنگارییەکی باشە و شانازییەکی گەورەیە بۆ من. زۆر دڵخۆشم بە بوونم لێرە.
زۆر ئەو قسەیە دووبارە دەکرێتەوە کە یانەکەیان یاسای دارایی خاوێن رەچاو ناکات، تەنیا شتێک کە بتوانم بڵێم ئەوەیە سێ ساڵ پێش ئێستا، لەو وەرزەی سیانەمان بەدەستهێنا، من لێرە بووم و هەمان ئەم قسانە دەکرا. لە سێ ساڵی ڕابردوودا بارودۆخەکە هێشتا هەر وەک خۆیەتی و هیچ ڕووی نەداوە. من هیچم نییە لەسەر ئەو بباتە بڵێم، چونکە ئەمە واقعێکە و هەیە. بەڵام دیسانەوە تەنیا شتێک کە بتوانم بڵێم ئەوەیە شێوازی کارکردنی ئەم یانەیە دەریدەخات کە تا چەند جدین و تا چەند بەباشی سەرکەوتوون لە بەدەستهێنانی نازناو و شتەکانی تردا.
کۆبوونەوەیەکی سیاسی ئامادەکارییەکانی ئێڤەرتۆنی هەڵوەشاندەوە
کۆبونەوەی سەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی جی7 لە فەڕەنسا، بووە هۆی دواخستن و هەڵوەشاندنەوەی ئامادەکارییەکانی یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی لە فەڕەنسا.
رۆژنامەی ئاتلێتیک بڵاویکردەوە یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی بڕیار بوو رۆژی 23ـی ئەم مانگە تاوەکو سەرەتای مانگی داهاتوو، لە شاری ئێڤیان لاس باینسی فەڕەنسا کە دەکەوێتە سەر سنوری سویسڕا، کامپێکی مەشق راهێنان وەکو ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی بکاتەوە، بەڵام کۆبونەوەی سەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی جی7 لەو شارە، بووە هۆی ئەوەی کە ئامادەکارییەکانی ئەو یانەیە دوابکەوێت.
ئەو یاریگایەی کە بڕیاروابوو یانە ئینگلیزیەکە ئامادەکارییەکانی تێدا بکات، لەو ماوەیەی کە کۆبونەوەی سەرانی وڵاتانی کۆمەڵەی جی7 بەڕێوەچوو بووە شوێنی نیشتنەوەی هێلیکۆپتەری سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە و نیشتنەوەی هێلیکۆپتەرەکانیش بووەتە هۆی تێکچوونی چیمەنی ئەو یاریگایە.
رۆژنامەی ئاتلێتیک بڵاویشی کردەوە بەهۆی تێکچوونی چیمەنی ئەو یاریگایەی کە بڕیاربوو یانەی ئێڤەرتوون ئامادەکاری تێدا بکات، ئەو یانەیە بڕیاریداوە کە ئامادەکارییەکانی بۆ وڵاتی نەمسا بگوازێتەوە.
ڤۆزینیا یانەیەکی دۆزییەوە
ڤۆزینیا گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی کەپ ڤێردی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی کولو کولوی چیللی دەکات، تەنیا راگەیاندنی فەرمی ماوە.
یانەی کولو کولوی چیللی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بڵاویکردەوە، لەگەڵ ڤۆزینها گۆڵپارێزی هەڵبژاردەی کەپ ڤێردی گەیشتونەتە رێککەوتن و ئەو گۆڵپارێزە 40 ساڵیە پەیوەندی بە یانەکەیانەوە دەکات و خودی گۆڵپارێزەکەش رازی بووە پەیوەندی بەو یانەیەوە بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێبەستەکە بە فەرمی رانەگەیێندراوە ئەویش بەهۆی وردەکاری رێکەوتنی نێوان هەردوولا.
ڤۆزینها پێش دەستپێکردنی مۆندیالی 2026 گۆڵپارێزی یانەی چاگێسی پلەدووی پۆرتوگاڵی بوو و هاوینی ئەمساڵیش گرێبەستەکەی لەگەڵ ئەو یانەیە کۆتایی هات، بەڵام دوای پێشکەش کردنی ئاستێکی باش لەگەڵ هەڵبژاردەکەی لە مۆندیالی رابردوو، چەندان یانە هاتنە سەر هێڵ بۆ گواستنەوەی.
كاسیمێرۆ: ئامادەم بۆ یارمەتیدانی مێسی
ئینتەر مەیامی ئەمریكی لە بەیاننامەیەكی فەرمی رایگەیاند لەگەڵ كاسیمێرۆ گەیشتنە رێككەوتن و بۆتە یاریزانی نوێی یانەکەیان. لەلایەکی دیکەوە یاریزانە بەرازیلییەکە رایگەیاند یارمەتی مێسی دەدەم بۆ ئەوەی ناسناو لەگەڵ یانەکەمان بباتەوە.
ئینتەر مەیامی رایگەیاندووە كاسیمێرۆ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەكەیان تاوەكو هاوینی 2027 دەبێت و لە نێو گرێبەستەکەی خاڵێك هەیە دەتوانرێت گرێبەستەکەی تاوەكو هاوینی 2029 نوێی بكاتەوە و لەگەڵ یانە پەمەیەییەكەش درێسی ژمارە 5 دەپۆشێت.
كاسیمێرۆی 34 ساڵ لەم هاوینە گرێبەستەكەی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد كۆتایی هات وەرزی داهاتوو هاوشانی ركابەرەكانی پێشووی مێسی و سوارێز لە کلاسیکۆ، یاریی دەكات.
دەقی قسەکانی کاسیمیرۆ دوای پەیوەندیکردنی بە ئینتەر مەیامی:
بێگومان بەهۆی پرۆژەی یانەکە و ئەو ئامانجەی هەمە هاتووم بۆ مەیامی، دەمەوێت سوپاسی یانەکە و هەموو ئەو خەڵکە بکەم کە هەوڵیاندا پەیوەندی بەم یانەیە بکەم، بۆیە رێگەیەکی باشبوو، من ئەم شارە باش دەناسم، شارێکە زۆرم خۆشدەوێت، بەگشتی ئەم وڵاتەم خۆشدەوێت، بۆیە نەک تەنیا دڵخۆشم بەڵکو سوپاسگوزارم بۆ ئەو هەوڵانەی بۆمنیاندا، لەکۆتاییدا من لێرەم و لای ئەوانم، هەموو کات یاریزان ئامانجی هەیەو هەوڵ بۆ بردنەوەو خەونێک دەدات، بەرای من ئەگەر ئەم ئامانجە نەما پییوستە یاریزانەکە واز لە تۆپی پێ بێنێت، بۆیە من برسیم بۆ بردنەوەی ناسناو لەگەڵ یانەکە، لێرەم بۆ ئەوەی یارمەتی هاوڕێکانم لە تیپەکە بدەم یارمەتی ئەستێرەی گەورەی یانەکەو یەکێک لە باشترین یاریزانەکانی مێژوو بدەم،بۆیە بەپەرۆشم تاوەکوو دەست بە یاری دەکەین،پەیامی من تایبەت بە هاندەران ئەوەیە دەبێت بیزانن پشتگیری ئەوان بۆ ئێمە زۆر گرنگە باوەڕیان پێمان هەبێت تاوەکوو یارییەکان تەواو دەبێت، سوپاسی ئەو پێشوازییە گەرمە دەکەم لە یاریگای یانەکە لێیان کردم، هەر لەسەرەتاوە دەتوانم بڵێم هەست بە ئاسودەیی دەکەم لە مەیامی.

