ئارام كۆشكی – سلێمانی
زۆرجار دەبیستین کە ڕووخساری مرۆڤ ڕەنگدانەوەی ناخیەتی، زۆرجاری تریش ئەمە پێچەوانە دەبێتەوە. بێگومان هەردوو بۆچوونەکە بەشێک لە ڕاستیان تێدایە، بەڵام هیچیان خاوەنی ڕاستی ڕەها نین. ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەبێت بەشێک لە مرۆڤەکان نمایشکاری سەرکەوتوون تەواوی ژیانیان بە نمایش بەسەر دەبەن، یان دەمامک دەخەنە سەریان. پەندێکی جوانی کوردی هەیە کە دەڵێت “سەفەر و مامەڵە سەنگی مەحەکن بۆ هەڵسەنگاندنی مرۆڤەکان.” ئەم پەندە پێماندەڵێت بەڕووکەش بڕیار لەسەر ئەوانی تر نەدەین، چونکە مرۆڤ توانای پەنهانکردنی زۆر شتی هەیە لەنێو ئەو ئەشکەوتە تاریکەی ناخیدا، کە لە ڕووخساریدا دەرناکەوێت.
لێرەوە دەمەوێت چەند سەرنجێکی کورت، یان ڕانان و ناساندنێک سەبارەت بە کتێبی “ڕووخسارەکان” بکەم، کە گفتوگۆیەتی عابدین دینۆ و یەشار کەمال-ـە و سەڵاحەدین بایەزیدی کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بەچاپی گەیاندووە.
یەشار کەمال بۆ خوێنەران ئاشنایە و لەوە ئاشناترە لێرەدا بیناسێنین، بەڵام عابدین دینۆ؛ شێوەکار، نووسەر، کاریکارتێریست و بەرهەمهێنەری ناوداری تورکـە لە 1913 لە ئیستامبوڵ لە دایکبووە و لە 1993 کۆچی دوایی کردووە. لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ یەشار کەمال؛ نووسەری کوردی تورکینووس سەبارەت بە ڕووخسار دەدوێن و هەر یەکەیان لە ڕوانگەی خۆیەوە باسی ڕووخساری مرۆڤەکان دەکات. گفتوگۆکە ئەگەرچی کورتە، بەڵام گەلێک چڕ و چێژبەخشە و بابەتەکانی لێی دەدوێن گەلێک گرنگ و سەرنجڕاکێشن.
عابدین سەرەتا باس لەوە دەکات بۆچی ڕووخساری هەندێک کەس هەرگیز ناسڕێتەوە و هەندێکی تر هەر زوو لە یادەوەرییدا دەسڕێتەوە. بەڵام یەشار کەمال باس لەوە دەکات زۆرجار ئەو ڕووخسارەی، گۆرانییەی، جوڵەیەی، قسەیەی پێمانوایە ببڕایببڕ بەبیرمان نایەتەوە لەپڕ لە بەردەمماندا خۆی دەنوێنێ. دواتریش دەڵێت “مرۆڤ بوونەوەرێکی سەیرە. مرۆڤ کۆمایەکە. مرۆڤ حەشاردەرێکی سامناکە. دەرکی یادەوەری مرۆڤ لە جیهان سەرکێشییەکی تۆقێنەرە. کەڵەکەکردن گرنگە نەخوازە کەڵەکەکردنی ڕووخساری مرۆڤەکان.”
لە دواتردا یەشار باس لە گرنگی لە ڕامان لە ڕووخساری مرۆڤەکان دەکات بۆ ڕۆماننووس و دەڵێت “ڕامان لە ڕووخساری مرۆڤەکان لایەنێکی گرنگی ڕۆماننووسیم بووە.” لە دواتردا عابدین باس لەوە دەکات کە نیگارکێشە گەورەکان تەنها ڕووخساری جوان ناکێشن، بەڵکو پیشاندەری هەم جوانی و هەم دزێوین. لێرەدا ئاماژە بە قسەیەکی مەولانا جەلالەدینی ڕۆمی دەکات و دەڵێت “نیگارکێشی ڕاستەقینە دەبێ هەم جوانی و هەم ناحەزی بخاتەڕوو.” یەشاریش ئاماژە بە چیرۆکنووسی گەورەی ڕووس نیکۆلای گۆگۆڵ دەکات، کە بە وردەکارییەکی سەیرەوە ڕووخساری مرۆڤەکانی بە وشە پیشانداوە. ناڕاستەوخۆ ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لەژێر کاریگەریی ئەودا ئەویش ئەمەی کردووە و لە جێگەیەکدا یەشار دەڵێت “دەتوانین بڵێین مرۆڤ بریتییە لە دەموچاو و بەس…ڕووخسارەکان دەدوێن، دەخەنن، ڕووخسارەکان دەگرین، دونیا دونیای ڕووخسارەکانە. لەو هەموو دەوڵەمەندییە، لەو هەموو فرەڕەنگییە، لەو هەموو جەماوەرە.. نیگارکێشەکان زۆر بە بەختن دەتوانن ڕووخسارەکان بکێشن و بیانڕەنگێنن.” هاوکات عابدین-یش پێی دەڵێت ڕووخساری حەمەدۆک (کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانی بەناوبانگی حەمەدۆک)م هەرگیز بیر ناچێتەوە.
ئەم کتێبە کۆمەڵێکی زۆر نیگار و سکێچی ڕووخساری مرۆڤەکانی تێدایە، کە وەک تەواوکەری گفتوگۆکەی نێوان ئەم دوو مرۆڤە مەزنە وەهایە. بەجۆرێک نیگارەکان هێندە سەرنجبەرن، کە خوێنەر بەدیاریانەوە دەبێت بیانخوێنێتەوە و لێیان ڕابمێنێت.
یەکێک لەو ڕوخسارە سەیر و تایبەتانەی نووسەران کە هەرگیز بیرم ناچێتەوە ڕووخساری سامۆئێل بیکێت-ـە. ئەم نووسەر و شانۆنامەنووسەی کە نوێنەری بێهودەییە و ئەمەش لە ڕووخسارییدا ڕەنگی داوەتەوە. وەک ئەوەی ڕووخساری نوێنەری ناخە غەمگین و ڕەشبینەکەی بێت. ئەو ناخەی بەر لە هەموان هەستی بە تاریکی سەدەی بیستەم کرد. ڕووخساری بیکێت، دۆخێکی ئاسایی نییە، هەر لۆچێکی وەکو ئەوەیە گوزارشت لە کارەساتێک، یان ڕووداوێکی گەورەی سەدەکەی خۆی بکات. ڕووخساری بیکێت غەمگینترین ڕووخساری مرۆڤە لە سەدەی بیستەمدا لای من، هیچ مرۆڤێکی ترم نەبینیوە ڕووخساری هێندە غەمگین بێت.
عابدین دینۆ لە کۆتاییدا ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو “گەشبینترین ڕەشبینی جیهانە.” لاموایە ئەم قسەیە بۆ هەموو داهێنەرێکی ڕاستەقینە ڕاستە. ئەگەر نووسەر/هونەرمەندەکان گەشبینێکی ڕووکەشگەرا بن، ناتوانن هیچی نوێ بەرهەمبهێنن، ئەوە هەستکردنە بە پووچی ڕاستەقینە و لەنێو ئەو پووچییەدا کارکردن لە کایەی هونەر و ئەدەبدا دەبێتە گەشبینی. هونەرمەند/نووسەر بۆ ئەوە کار ناکات کە ڕەشبینی بڵاوبکاتەوە بۆ ئەوەیە لەنێو ئەو تاریکی و ڕەشبینییەدا ڕووناکی بخولقێنێت، چونکە ئەوە ئەوانن توانیویانە هاوسەنگی ئەم جیهانە ڕابگرن و وا لە مرۆڤ بکەن بەرگەی ئەم عەزابە بگرێت کەناوی ژیانە.
ئەم کتێبە دەشێ زۆر زیاتری لەسەر بوترێت، زۆر باس و بابەتی دیکە هەیە کە تێیدا ئاماژەی بۆ کراوە. من تەنها ویستم بیری خوێنەری بخەمەوە، کە ئەم کتێبە قەبارە بچووکە زۆر گەورەیە و زۆر شتمان دەداتێ لە کتێبی تر و جێگەی تر دەستمان ناکەوێت دەشێ هەموان خوێنەری بین.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و دەزگای سەردەم بۆ چاپکردنی ئەم بەرهەمەی شوێنی لە کتێبخانەی کوردیدا، شوێنێکی سەنگینە.

