فەرهاد قادر ئۆمەر
جوگرافیای سەرکێش و هەوراز و لێژباوی خاکی کوردستان، ئەوەی بەوە ناسراوە کە لانکەیەکی بەئەمەك و باوەشێکی گەرمە بۆ پێگەیاندن و بەرهەمهێنانی شۆڕەسواری ئازا و دلێری ئەوتۆ کە مێژوو بە خوێنی خۆیان دەنووسنەوە؛ لە هەمان کاتدا لە ناخی ئەو دۆڵە قووڵانە و لە داوێنی چیا هەرە سەرکەش و لوتکە تەماوییەکانیدا، هەمیشە کارێزما، بیرمەند و ڕووناکبیرگەلێکی دەگمەن و دانسقەش چاویان بە تیشکی دنیا هەڵێناوە. ئەوانەی کە بە قەڵەم و بە فکر، بە حیکمەت و بە ڕوانینی قووڵ، مێژوویەکی تژی لە سەروەری کارگێڕی، داهێنانی سیاسی و ڕەسەنایەتیی نەتەوەییان بۆ ئەم گەلە نەخشاندووە و بوونەتە قەڵای پاراستنی ناسنامەی نیشتمان. له ناو پێچاوپێچەکانی مێژوودا و لە نێو ئەو هەموو ئەستێرە گەلاوێژە کەم وێنانەدا، یەکێک لە تیشکە هەرە درەوشاوە و پڕشنگدارەکانی بناری چیای سەفینی سەرکێش، کە ناوی وەک سروودێکی لەسەر لێواری لاپەڕەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێمەدا بە زیندوویی دەمێنێتەوە. هەرچەندە چەرخەکان دێن و دەڕۆن و ئەسپی کات بەسەر جەستەی مێژوودا غار دەدات، کاروان سست دەبێ، بەڵام ناوەستێ. ناوەکان کاڵ دەبنەوە، بەڵام لە یادگەی نەتەوەییدا هەر بە نەمری دەمێنێتەوە.
کەسایەتیی مەزن ونیشتمانپەروەری ڕاستەقینە نافیز بەگ، ئەو پیاوەی بوو بە پردی نێوان ڕەسەنایەتیی چیا و شکۆی ڕۆشنبیریی سەردەم. کاتێ بە دیدو تێڕامانەوە سەیری ناسنامەی مێژوویی و ڕەوتی ژیانی ئەم پیاوە ڕۆناکبیر و تێکۆشەرە دەکەین ولاپەڕەکانی مێژوو هەڵدەدەینەوە، مێژوو دەمانباتەوە سەر کانییەکی سازگار و زوڵاڵ، کە ڕەگ و ڕیشەی لە دڵی عەشیرەتی خۆشناوەوە سەرچاوەی گرتووە و دەگاتە سەر لوتکەی سەرکەشی تیرەی ناوداری میر یوسفی. ئەو، هەر لە سەرەتای تەمەنییەوە لە باوەشی گەرم و میهرەبانی نیشتمانی باوباپیرانیدا گۆش کرا. لە داوێنی جوانییە ئەفسووناوییەکانی بناری چیای سەفین، لەو شوێنەی سروشت و شکۆ تێکەڵ دەبن، لە گوندی دێرینی “خۆران” چاوی بە دنیا هەڵێنا و یەکەمین هەناسەی ژیانی لە هەوای پڕ لە کەرامەتی ئەو دەڤەرە هەڵکێشا. ئەو جوگرافیایەی کە بووە لانکەی لەدایکبوون و گەورەبوونی، نەخشەیەکی پڕ لە مێژوو بوو کە لە گوندەکانی خۆران، ئاڵاوە، ونکە و عەلیاوە پێك دێت، وەك دوایین سنووری قەڵەمڕەوی هۆزی خۆشناوەتی.
کاتێ بە دوای ڕەگوڕیشە و ڕەچەڵەکی ئەم کەسایەتییە ناودارەدا دەچین، دەبینین شۆرەتی نافز بەگ شاکارێکە کە لە ڕەسەنایەتیی تەمەنی باو و باپیرانییەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەو، جگەرگۆشەی میرانی حاجی ئیسماعیل بەگ بوو. باوکی، واتە (میرانی بەگ)، لە سەردەمی دەسەڵاتداری دەوڵەتی عوسمانیدا، ئەستێرەیەکی درەوشاوەی کایەی سیاسی و کارگێڕی بوو و خاوەن پێگەیەکی هێندە باڵا و متمانەپێکراو بوو، کە لە شاری دێرینی حەلەبدا پۆستی هەستیاری “قۆمیتان” (کە لە ئێستادا هاوتای لێهاتوویی پۆستی قایمقامە) بەڕێوە دەبرد و سایەی دادپەروەری و بەڕێوەبردنی خۆی بەسەر ئەو ناوچەیەدا کێشابوو. ئەم تێکەڵاوییە بەرفراوانە ئیداری، سیاسی و کۆمەڵایەتییەی میرانی بەگ لەگەڵ ناوەندە گەورەکانی بڕیاردان لە دەوڵەتدا، دەرگای بۆ ئاشنایەتیی نوێ و فراوانکردنی سنووری خێزانییەکەی کردەوە. هەر ئەمەش وای کرد کە دوو هاوسەر لە دەرەوەی خاک و ناوچەکەی خۆی بهێنێت؛ یەکێکیان لە ڕەچەڵەکی ڕەسەنی عەرەب بوو و، ئەوی تریشیان، شۆخەخاتوونێکی نجیب، لێهاتوو و ڕۆشنبیری تورک بوو کە لە خێزانێکی پایەبەرز و لە ئەشراف و ناودارانی شاری ئەنقەرە گۆش کرابوو. ئەم خانمە بەڕێز و خاوەنشکۆیە، بوو بە قیبلەنوما و دایکی میهرەبانی نافز بەگ و، بەم شێوەیە، لە نێوان ڕەسەنایەتیی چیاکانی خۆشناوەتی و شکۆی خانەوادە ناودارەکانی ئەنقەرەدا، کەسایەتییەکی دانسقەی وەک نافز بەگ لەدایك بوو. ئەم ئاوێتەبوونە خێزانییە و ئەو تێکەڵاوییە کەلتورییە دەگمەنە، ڕێگای بۆ خولقاندنی پاشۆڕۆژێکی گەش و خۆش کرد، بەڵام هەر تەنها ئەو ڕەسەنایەتی خوێن وبنەماڵەیە نەبوون، کە مێژووی ئەوی نەخشاند، بەڵکو نەبەردی و ئازایەتیی ئەکرەم بەگی برا گەورەشی لە شەڕی بەرانگاربوونەی ئینگللیزەکانیش هۆکارێکی گرنگ و ڕێگاخۆشکەر بوو بۆ زێتر گەشەکردن و دەرکەوتنی نافز بەگ وەك کەسایەتیەکی خاوەن شکۆ. لەو کاتەی تەمومژی داگیرکاری ئینگلیز باری بەسەر ئاسمانی ناوچەکەدا کێشا، ئەکرەم بەگی برا گەورەی نافز بەگ و کەسوکارەکەی ـ کە شۆڕەسواری مەیدان و سەرلەشکری قاڵبووی جەنگ بوو ـ بەرگرییەکی بێوێنەی لە نیشتمانەکەی کرد. بۆ ماوەی سێ مانگی ڕەبەق، گوندی خۆڕان بووە مەیدانی نەبەردی؛ سێ مانگ لە بارانی گوللە، ناڵەی بریندار و چۆکدانەدانی پیاوانی چیا. شەرەف و خاک بوونە قەڵغان لە بەردەم سوپایەکی تژی لە ئاسن و ئاگر. دواجار، دوای سێ مانگ لە بەرگرییەکی ئەفسانەیی و کڕنۆشنەبردن بۆ داگیرکەر، ئەکرەم بەگ لە خاکی خوێناوی گوندی خۆڕاندا سەری نایەوە و تاجی پڕ لە شکۆی شەهادەتی لەسەر نرا، تا ناوی لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا بە نەمرانە بمێنێتەوە. ئەم شەهیدکەوتن و قوربانیدانە مەزنەی براکەی، بووە قوتابخانەیەکی تری سەرکردایەتی و ئیلهامبەخش، کە ڕێگای لەبەردەم نافز بەگدا زیاتر ڕوون کردەوە تا وەک میراتگرێکی ڕاستەقینەی ئەو شکۆ و ئازایەتییە لە مێژوودا بدرەوشێتەوە. هەموو ئەمانە بوون بە دەرفەتێکی زێڕین تا نافز بەگ لە سەردەمی لاوێتی و گەنجێتیدا، جانتای سەفەر بەرەو شاری ئەنقەرە بپێچێتەوە. لەوێ، لە ناوەندە زانستییە بەناوبانگەکاندا، پێی نایە ناو هۆڵەکانی کۆلێژی یاسا و تا دوا قۆناغەکانی خوێندنی باڵا بەردەوام بوو و، مێشکی بە یاسا و زانستە مرۆییەکان دەوڵەمەند کرد. ئەو، لە سایەی پەروەردەی دایکی و ئەو ژینگە فێربوونە دەوڵەمەندەی تێیدا دەژیا، توانی زمانی تورکی بەو پەڕی ڕەوانی و لێهاتووییەوە، ڕێک وەک زمانی دایکی، لە نووسین و ئاخاوتندا کۆنتڕۆڵ بکات. لێهاتوویی ئەو لە سنووری زمانێکدا نەوەستا، بەڵکو بەهۆی زێدی باوباپیرانی و گەشتەکانی، بوو بە سوارچاکی زمانەکانی عەرەبی و فارسی و بە تەواوی زاڵ بوو بەسەریاندا، لە پاڵ ئەمانەشدا پێویستییەکانی سەردەمەکەی درک پێکردبوو، وئاشنایەتییەکی باشی لەگەڵ زمانی ئینگلیزیشدا پەیدا کردبوو، بە چەشنێک ببووە پردێکی ڕۆشنبیریی زیندوو لە نێوان چەندین کەلتوری جیاوازدا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەم دیمەنە سەرنجڕاکێشانەی تاراوگە و ئەو کورسییە پڕ لە ئیمتیازانەی لەبەردەمیدا بوون، دڵی هەر لە لێدان نەدەکەوت بۆ غەریبی، چونکە خاکی پیرۆزی نیشتمان و ئەشقی نێو دەمارەکانی عەشیرەتەکەی، هەمیشە بەرەو چیاو دۆڵەکانی خۆشناوەتی دەیانکێشایەوە..، ڕێگایان پێ نەدا لە تاراوگەی نامۆییدا، لە دووریی دیمەنە ئاشناکانی وڵات، غەریبی و بێدەنگی ببنە چارەنووسی. ئەو نەیدەتوانی لە ژێر ئاسمانی غەریبیدا هەناسە بدات کە دەیزانی چیاکانی کوردستان چاوەڕوانی گەڕانەوەی دەکەن. ئەوە بوو میر و گەورەکانی خۆشناوەتی، وەك وەفایەك بۆ شکۆ و لێهاتوویی ئەم پیاوە مەزنە، دووری ڕێگایان بڕی و بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوتن. ئەوان چوون تا تیشکی ئەو چرایە نەهێڵن لە غەریبیدا بمێنێتەوە، بەوپەڕی ڕێز و حورمەتەوە باوەشیان بە غەریبیەکەیدا کرد و گەڕاندیانەوە بۆ باوەشی گەرمی زێدی باوباپیرانی. گەڕانەوەی نافیز بەگ، گەڕانەوەی ڕۆح بوو بۆ ناو جەستەی دەڤەرەکە. ئەوان هێنایانەوە تا لە ژێر سێبەری شکۆمەندی و لە بناری چیا سەرکەشەکەی سەفیندا، ببێتە قەڵایەکی قایم و داوەرێکی دادپەروەر و، وەک پارێزەرێکی بەئەمەک و پۆڵاین، بەرگری لە مافە ڕەواکان و کەرامەتی گەل و عەشیرەتەکەی بکات و، مێژوویەکی نوێ لە سەروەری لە دامێنی ئەو چیایەدا تۆمار بکات. دوای ئەوەی لە سەفەری دووری ئەنقەرە گەڕایەوە و تۆزی ڕێگای نیشتمانی لە خۆی تەکاند، دڵی بە ئەشقی “حەلیم خان” لێیدا؛ ئەو کچە شۆخ و شەنگەی لە باوەشی خانەوادەیەکی شەرەفمەند و سەر بە شێخانی تەریقەتی هیران گۆش کرابوو، کچی ڕۆحی و جەستەیی “شێخ سەعیدی کاکی هیرانی” بوو. ئەم هاوسەرگیرییە پیرۆزە بوو بە هەوێنی ژیانێکی نوێ و باخچەی تەمەنیانی بە چرۆی پێکەنین ڕازاندەوە. خودا لەو ساباتی ژینە، بەخششی خۆی بەسەردا باراندن وباخی تەمەنیانی بە پێشکەشکردنی دوو کوڕی شایستە و چوار کچی وەک مانگی درەوشاوە، هەمیشە سەوز و پڕبەرەکەت کرد. کوڕەکانیان، فەخری بەگی عەلیاوەیی و مام محێدین، بوونە ناسنامەی شکۆ و پاڵپشتی خێزانەکە. کچەکانیشیان، کە وەک چوار چڵە نێرگزی باخی ژیانیان دەدرەوشانەوە، ناوەکانیان (قەمەر خان، زەکیەخان، کافیەخان و سەعادخان) بوو، کە هەر یەکەیان بە جۆرێک ماڵەکەیان بە میهرەبانی و ڕووناکی خۆیان ڕازاندبۆوە.
نافز بەگ، جگە لەوەی ناوێکی شکۆدار بوو لە لاپەڕەکانی مێژوودا، بەهەمان شێوە کارێزمایەکی پرشنگدار و کەسایەتییەکی دەگمەنی سەردەمەکەی بوو، کە لە ناخیدا دەریایەک لە تێڕامان و دیدگای قووڵ و مەودافراوان حەشاردرا بوو. ژیانی کارگێڕیی ئەم پیاوە مەزنە، کاروانێکی پڕ لە سەروەری و وێستگەی باڵا بوو، لە ڕۆژگارانی دەسەڵاتداری عوسمانیەکاندا، وەك بەڕێوەبەری هومایۆنیی ملوکانی، سایەی دەسەڵات و شکۆی بەڕێوەبردنی خۆی بەسەر تەواوی دەشت و چیا سەرکەشەکانی دەڤەری خۆشناوەتیدا کێشابوو. حیكمەت، زانایی و لێهاتووییەکەی هێندە بێهاوتا بوو، کە ناوبانگی سنوورەکانی بڕی و بووە چەقی سەرنجی گەورەکان، تا ئەو ڕادەیەی ببێتە شایستەترین کەس و بەربژێری یەکەم بۆ چوونە سەر کورسیی دەسەڵاتی ویلایەتی نەینەوا و وەرگرتنی پۆستی والی لەو شارە دێرینە (مووسڵی ئەمڕۆ). بەڵام ئەوەی لە سەرووی تەختی دەسەڵات و شکۆی هەموو پلە و پۆستێکەوە، ناوی ئەم پیاوە مەزنە لە لاپەڕە زێڕینەکانی مێژوودا بە نەمر دەهێڵێتەوە، ئەو هەستە بەرز و پیرۆزەی کوردایەتی و ئەو ئەشقە بێپایانە بوو کە لە ناخیدا بۆ خاک و نەتەوەکەی بوو. خۆشەویستیی ئەو بۆ خاک، لە سنووری دروشمی سەر زار تێپەڕیبوو، ئەو ئەشقەی کردبووە هەوێنی تێکۆشانێکی زیندوو لە مەیدانی بەگژداچوونەوە ستەم وزۆرداری. لەو ڕۆژگارە سەختانەدا، لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕابەری ئەوساکەی کورد، شێخ مەحمودی حەفید، نافز بەگ باوەش بە ئەرکێکی قورسی نیشتمانیدا دەکات و ڕوو دەکاتە خاکی تورکیا تا ببێتە باڵی لێهاتووی چالاکیەکانی سیاسی کوردی. بەڵام لەوێ، لە ناو تەمومژی غەریبیدا، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەستبەسەر دەکرێت.
لێرەوە ئیتر داستانە ڕاستەقینەکەی ئیرادە دەست پێدەکات، ئەو لە پێناو ئەوەی تیشکێک لە نهێنییەکانی شۆڕش نەدرکێت و کڕنووش بۆ دوژمن نەبات، بۆ پاراستنی شکۆ و کەرامەتی کوردایەتی، بە سنگێکی فراوانەوە پێشوازی لە دڕندانەترین و سامناکترین شێوازی ئەشکەنجەدان دەکات. تەنانەت کار دەگاتە ئەوەی لە ژێر ئازارە جەرگبڕەکانی ئەو ئەشکەنجە دڕندانەیەدا ددانەکانی یەک بە یەک دەردەهێنن، بەڵام ناتوانن قوفڵی دەمی بکەنەوە. ددانەکانی شکان، بەڵام ئیرادە و بیروباوەڕە پۆڵاینەکەی وەک چیاکانی کوردستان هەر بە سەرکەشی و نەبەردی ماییەوە. مێژووی سەربەرزی دەڤەری خۆشناوەتی و تەواوی خاکی کوردستان، دواجار پێشوازی لە ناوێک دەکات کە وەک تیشکی خۆر بەسەر لوتکە سەرکەشەکاندا دەدرەوشێتەوە، مێژوویەک کە تا هەتایە شانازی بە عەیار و ڕەسەنایەتیی پیاوانی وەک نافز بەگەوە دەکات. ئەو تەنها ڕێبوارێکی ئاسایی ناو کۆڵانەکانی زەمان نەبوو، بەڵکو سوارچاکێکی خاوەن هەڵوێست بوو، پیاوێک کە لە نێوان ڕاخەری ئاوریشمینی کۆشکە شاهانەکانی کارگێڕیی عوسمانی و کورسییە لێژ و پڕ لە ئیمتیازەکانی یاسای ئەنقەرەدا، ڕێگای سێهەم و سەختترینی هەڵبژارد. لەو وێستگە پێچاوپێچە مێژووییەدا کە زۆر کەس تێیدا دەکەوتنە داوی پلە و پۆست، نافز بەگ بوو بە سیمبولی زیندووی خۆڕاگری، نەبەزین و قوربانیدان لە پێناو دۆزی ڕەوا و پیرۆزی گەلەکەیدا. ناوی ئەو، وەک سروودێکی نیشتمانی لە ناو دڵی نەوەکانی داهاتوودا دەمێنێتەوە، چونکە نیشانی دا کە دەکرێت مرۆڤ هەموو شتێک لەدەست بدات، بەڵام کاتێک شکۆ و بیروباوەڕی دەپارێزێت، دەبێتە مروارییەکی دەگمەن لە دەریای نەمریدا.

