رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد

سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری پێشوازی لە کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی وەک کۆنسوڵی وڵاتەکەی سەردانی ئەنجومەنی دادوەریی کردبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ـی دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ئەندرۆ بیزڵی، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان کرد، کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی وەک کۆنسوڵی وڵاتەکەی سەردانی ئەنجومەنی دادوەریی کردبوو.

لە دیدارەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا کرد بۆ ئەو هەماهەنگی و هاوکارییە باشەی لە ماوەی کارکردنیدا لەگەڵ ئەنجومەنی دادوەری هەبووە، بەتایبەتی لە بوارەکانی یاسایی و کاروباری دادگاکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن سوپاسی حکوومەتی شانشینی یەکگرتووی کرد بۆ گواستنەوەی ئەزموونی دەوڵەمەندی خۆیان لە بواری دادوەری و یاسایی بۆ هەرێمی کوردستان، ئەوەش لە ڕێگەی ڕێکخستنی خولی مەشق و ڕاهێنان، وۆرکشۆپ و کۆنفرانسی جیاواز لە ماوەکانی ڕابردوودا، و هیوای خواست ئەم جۆرە پەیوەندییانە لە داهاتووشدا بەردەوام بن.

لای خۆیەوە، ئەندرۆ بیزڵی، کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا، سوپاسی سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری کرد و ستایشی ڕۆڵی دادوەری و سەروەریی یاسای لە هەرێمی کوردستان کرد. هەروەها ئاستی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولای لە بوارە یاساییەکاندا بە بەرز نرخاند و هیوای خواست لە داهاتوودا ئەم پەیوەندییانە پەرەی زیاتریان پێ بدرێت.