فازڵ میرانی
پێم وایە بۆنی بارووت، شوێنەواری ساچمە، دەنگی فیشەک و تەقینەوەکان جەستەمان جێناهێڵن و لە ڕاستگۆیی و دڵنیایی دروستیی ئامانجەکەمان کەم ناکەنەوە، هەرگیز لە یادەوەریماندا دەرناچن.
ساڵانێک تێپەڕیون لەو کاتەوەی، کە ئێمە بە سەرکردایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی، لە دەڤەرێکی خاکی کوردستاندا دەوەستاین و دەجوڵاینەوە، کە ئەمڕۆ ئارامە، جگە لە هەندێک تۆپباران و بۆردومان کە پەیڕەوانی هزری ئەوانەی پێشتر بۆردومانیان دەکردین، دووبارەی دەکەنەوە. لەوێ ڕووبەڕووی هێرشی هێزەکانی سوپای پێشووی عێراق بووینەوە، کە جێبەجێکاری بیرکردنەوەی قێزەونی دەسەڵاتێک هەقی دەکردە باتڵ.
هەر کە هەردوو لایەنی شەڕی هەشت ساڵە ئامادەکارییان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕکرد، قورسایی سیاسی، سەربازی و ئەمنیی بەغدا بەرەو ناوچەکانی کوردستان ئاڕاستە کرا؛ وەک چۆن دەشمانناسین، ئەوان زیاتر و خێراتر مەیلیان بەرەو بەکارهێنانی هێز هەبوو، بەدوای هەر سەرکەوتنێکدا دەگەڕان کە زیانەکانی شەڕ و لێکەوتەکانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە بۆ قەرەبوو بکاتەوە.
دڕندەی دەمبەخوێنی وا بوون کە لەنێوان برینەکانیان و برسێتییەکەیاندا پەلەکوتێیان دەکرد. لە بەرامبەریاندا وەستاین وەک چۆن دەمانناسن، ئەوانیش بەرەو ڕوومان هاتن وەک چۆن دەمانناسین؛ بە بیر، ئیرادە، لەسەر خاکەکەمان و بە خەڵکەکەمانەوە بەرپەرچمان دانەوە. چونکە ئێمە خاوەنی خاکەکەین و خاوەنی فیکرێکین کە لە هی ئەوان ناچێت، لە کاتێکدا ئەوان لەسەر خاکی خۆیان نەبوون و دەیانویست شتێک بهێننە دی کە ڕەوا نییە، ئەگەر ببایەیش، نەدەما و بەردەوام نەدەبوو.
ئەوان نامۆ بوون بە ئێمە، دەستدرێژیکار بوون، یاسا و ڕێساکانیان بەپێی ئارەزووی خۆیان دادەتاشی؛ سەرباز و بەکرێگیراوەکانیان بە پارەی گەلانی ئێمە دابین دەکران بۆ ئەوەی وێرانی بەسەر خەڵکەکەمان و خاکەکەیاندا بهێنن.
وەک زۆر جاری تر، ئەو دەوڵەتە درۆینەیە لەبەردەم هێزەکانی گەلەکەمان، پارتەکەمان و هاوسەنگەرانی پارتەکەمان لە خەباتدا تێکشکا. نە فڕۆکەکانیان سەرکەوتن و نە مووشەکەکانیان توانییان شکۆ و شانازییەکی دێرین و پتەو بۆ خۆیان بنیاد بنێن.
ئەگەر ئەوان بەدوای بەیاننامەی سەربازیدا دەگەڕان بۆ ڕاگەیاندنی سەرکەوتنی پڕوپاگەندەیی خۆیان، ئەوا خەڵک درۆکانیانی دەزانی و ئەگەر بەدوای وێنەدا دەگەڕان بۆ پیشاندانی شکستی ئێمە، ئەوا چاوی مرۆڤە ڕاستگۆ و خاوەن فیکرە دروستەکان وێنەی تریان گرت کە ڕاستی شکستی ئەوانی نیشان دەدا.
خواکوڕک، داستانێک بوو کە ئیرادەی ئێمەی تاقیکردەوە؛ ئێمە تێیدا سەرکەوتووبووین، ئەوانیش بەهۆی دەستدرێژی و زوڵمی خۆیانەوە شکستیان خوارد. هەر پارچە نانێکی ماڵە گوندێک، هەر قومە ئاوێکی کانییەکی ئارام، هەر فیشەکێک کە پێی بەرپەرچمان دانەوە، هەموویان لە لایەن ماڵەکانی کوردستانەوە بە خۆشەویستی و خۆبەخشییەوە پێشکەش کران؛ لە کاتێکدا هەرچی ئەوان و هێزە دەستدرێژیکارەکانیان هەیانبوو، سەرچاوەکەی سووتاندنی سامانی عێراقییەکان بوو لە پێناو کاولکاری و وێرانکاریدا.
هەموو جۆرە چەکێکی قەدەغەکراویان دژی ئێمە بەکارهێنا، ئێمەش بە توندی و بڕیاردەرانە وەڵاممان دانەوە، بەڵام هاوکات بەزەیی و ڕەحم لە دڵماندا بوو.
بە خۆڕاگری و ئارامییەوە بەرپەرچمان دانەوە، ئەوانیش هێرشیان هێنا؛ هاوشێوەی هەمیشە کە تەنیا بەسەر ڕۆڵەکانی گەلانی عێراقەوە (پاڵەوان و ئازا) بوون، بەڵام لەبەردەم بێگانە و ئەوانی تردا ترسنۆکن.
خۆمان خستنە قەبارەی ڕاستەقینەی خۆیانەوە، بۆیە خۆیان و بەکرێگیراوەکانیان گەڕانەوە و وەک هەمیشە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی شەرەفمەندانەیان پێ نەبوو بۆ هۆکاری هێرشەکەیان و شکستەکەشیان.
خواکوڕک وانەیەکی قووڵی خەبات و تێکۆشانە، داستانی فیکر و تاقیکردنەوەیە بۆ هەر توێژەرێک کە بەدوای وانەکانی مێژوو و ڕابردوودا دەگەڕێت؛ ئەو مێژووەی کە ئەزموونی ڕزگاریخوازیی کوردستانی لێ کەوتەوە.
بەڵگەنامەکانی ئەو داستانە ڕەنگە زۆر شتی گەورە و زۆر ئاشکرا بکەن، بەڵام کاتەکانی شەڕی ڕاستەقینە، ڕووبەڕووبوونەوەی دەستەویەخە، شانبەشانی یەکتر و چاو بڕینە چاوی دوژمن، بەڵگەنامە شەرەفمەند و درەوشاوەکەیە بۆ هەر کەسێک کە ئەو ڕۆژە لەگەڵماندا بووبێت.
لە ناخی ڕۆحی ئەو ڕۆژانەوە، هەموو سڵاو و ڕێز و پێزانینێک ئاڕاستەی هەموو ئەو تێکۆشەرانە دەکەم کە لە سەنگەری بەرگریکردن لە نەتەوەکەماندا ئامادە بوون.

