ئارام كۆشكی – سلێمانی
سەلمان ڕوشدی لە 12ی ئابی 2022 لە کاتێکدا خەریک بوو دەست بە وتارێک بکات لە دامەزراوەی چاوتاوکوا لە نیویۆرک، سەبارەت بەوەی کە ئەمریکا پەناگەیەکی سەلامەتە بۆ ئەو نووسەرانەی کە ڕووبەڕووی گۆشەگیری دەبنەوە، لەلایەن کەسێکەوە ھێرشی کرایە سەر کە بەپەلە ھاتە سەر شانۆکە و چەندینجار چەقۆی لە ملیدا. ئەمە تەنها ڕووداوێکی ئاسایی نییە، بەڵکو ئەم مەترسییە بە درێژایی 33 ساڵ وەک مۆتەکەیەک بەدوایەوە بوو، ساڵانێکی زۆر لەژێر ناوی جۆراوجۆردا خۆی شاردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی خومەینی ڕێبەری شۆڕشی ئێرانی لە ساڵی 1989دا بەهۆی یەکێک لە رۆمانەکانییەوە، کە ڕەخنەی لە ئاینی ئیسلام گرتووە فتوای کوشتنی دەرکرد.
ئەم نووسەرە کە نزیکەی سێ دەیە خۆی شاردەوە، ئیدی ڕۆژێک لە خۆشاردنەوە بێزار بوو و بڕیاریدا چیدی خۆی نەشارێتەوە، بەڵام ئەو بێئاگابوو لەوەی ئەو فتوایە تا نێوگۆڕ هەر بە دوایەوەیەتی و هەرگیز لە دەستی ڕزگار نابێت. دوای ئەو ڕوداوەی 12 ئاب و لێدانی چەندین چەقۆ ئەوسا بیری کەوتەوە، کە ئەو فتوایە هێشتا بەدوایەوەتی و پێویستە خۆی بپارێزێت، بەڵام دوای چی؟ دوای ئەوەی چاوێکی بە یەکجاری کوێربوو و هاوکات دەستێکیشی لە کار کەوت. بەڵام وەکو خۆی دەڵێت بەختەوەرم کە زیندووم.
دوای ڕزگاربوونی لەو هەوڵە تیرۆرکردنە، ڕوشدی ئەزموونی خۆی لە کتێبێکی 250 لاپەڕەیدا دەنووسێتەوە و دواتر چاپ و بڵاوی دەکاتەوە. کتێبەکە ئێستا بە زمانی کوردی و بە وەرگێڕانی ماردین ئیبراهیم لە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوکراوەتەوە. هەفتەی پێشوو کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە بیرم لەو چەقۆیە کردەوە، کە ڕوشدی پێکا و بەشێک لە بینایی لێ سەند و ژیانی ئاسایی بۆ هەمیشەیی لێ زەوت کرد، ئەو چەقۆیە تەنها چەقۆیەک نەبوو دژ بە ئەم نووسەرە، بەڵکو چەقۆیەک بوو هەموانی بڕی، هەموو ئەو نووسەرانەی بڕی کە ئازادانە و بوێرانە دەنووسن. ئەوچەقۆیە تەنها و تەنها ڕوشدی نەبڕی، بەڵکو چەقۆیەک بوو ئەدەبیاتی بڕی و بۆ هەمیشەیی کەلێنی خستە نێو دڵی نووسەرانەوە.
کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکهاتووە؛ بەشی یەکەم بەناونیشانی “فریشتەی مردن”ـە و بەشی دووەمیش بەناوی “فریشتەی ژیان”ـەوەیە. هەر بەشێکیش چەند چاپتەرێک پێکهاتووە. ڕوشدی دەیەوێت لەم کتێبەدا بیرەوەریی خۆی دوای ئەو هەوڵی تیرۆرکردنە بنووسێتەوە، هاوکات جۆرێک لە ئاڵەنگاریش لەگەڵ خۆی دەکات بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ نووسین، چونکە چەند مانگێکی زۆر نەیتوانی بنووسێت و نووسینی ئەم کتێبە چەشنە ئاڵەنگارییەکە سەرەتا لەگەڵ خودی خۆیدا وەک نووسەر و دواتریش لەگەڵ نووسین خۆیدا، کە ساڵانێکی زۆر تەمەنی پێ بەخشیوە.
خاڵێک کە لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا سەرنجڕاکێشە ئەو کەسەیە کە ڕوشدی بەناوی (ئەی) لە کتێبەکەدا ناوی دەبات ئەوەی هەوڵی تیرۆکردنەکەی داوە، دەنووسێت “ئەی؛ هێندە خۆی ماندوو نەکردووە تۆزێک زانیاری لەسەر ئەو کەسە بزانێت، کە بڕیاری دابوو بیکوژێت، بەدانپێدانانی خۆی، دوو لاپەڕە لە نووسینەکانی منی خوێندبووەوە لەگەڵ سەیرکردنی چەند ڤیدیۆیەک لە یوتوب، ئەوەش هەموو ئەوە بوو، کە پێویستی پێی بوو.” ئەوەی لێرەدا ڕوون دەبێتەوە ئەوەیە کە بکوژەکان کەسە شارەزاکان و وریاکان نین، بەڵکو کەسە ئاراستەکراوەکانن، کە زۆرجار دەتوانین بڵێین فریودراون، چەشنی ئەو کەسەی کە ویستی نزیکەی نیو سەدە لەمەوبەر “نەجیب مەحفوز” تیرۆر بکات، ئەویش بەهەمان شێوە بەرهەمەکانی مەحفوزی نەخوێندبووەوە و تەنها لەبارەیەوە بیستبووی و بەو بیستنانە فرویوی خواردبوو و خۆ ڕەنگە ئەگەر بیخوێندایەتەوە ئەوا فریوی نەدەخوارد. ڕوشدی لەم کتێبەدا ئەو نموونەیەی مەحفوزیش دەهێنێتەوە وەکو نووسەرێک، کە هاوشێوەی خۆی بە هەمان کەرەستە (چەقۆ) هەوڵی تیرۆرکردنی دراوە.
ڕوشدی جیاوازی لە نێوان هەوڵە تیرۆرکردنەکان دەکات، هەوڵی تیرۆرکردن بە تفەنگ جیاوازە لە تیرۆرکردن بە چەقۆ. ڕوشدی دەنووسێت “تفەنگ دەکرێت لە دوورەوە بەکاربهێنرێت، گوللە دەکرێت ڕێگەیەکی دوور ببڕێت تاکو پردێکی کوشندە لەنێوان بکوژ و کوژراودا دروست بکات.
تەقەکردن کردارێکە لە مەودایەکەوە دەکرێت، بەڵام هێرشکردن بە چەقۆ، جۆرێکە لە نزیکایەتی، چەقۆ چەکێکی نزیکە و ئەو تاوانەشی پێی دەکرێت ڕووداوێکە لە نزیکەوە ڕوو دەدات. چەقۆ بە گوێی قوربانییەکەدا دەچرپێنێت حەرامزادە ئەوتا من لێرەم، چاوەڕێی تۆ بووم، دەمبینیت؟ من ڕێک لەبەر لوتتدام.”
لەم جیاکارییەدا ڕوشدی دەیەوێت مەترسی چەقۆ زیاتر پیشان بدات و ئەو کەسەشی ئەو کردەیە دەکات جۆرێک لە تایبەتمەندی پێ بدات، کە دەیەوێت لە قوربانییەکەوە نزیک بێت و ئەو هەستی نزیکییە چێژی زیاتر بە هەستی تۆڵەسەندنەوەکەی دەدات. ئەمەش دەیسەلمێنێت ئەوانەی ئەو کردانەیان کردووە کەسانی نەخۆشن، چونکە چێژ لە کوشتنی قوربانی دەبینن. بێگومان ئەمە مانای ئەوە نییە ئەوەی بە فیشەک کەسێک دەکوژێت نەخۆش نییە، بەڵکو ئەمە پلەی نەخۆشێتییەکەی زیاترە.
خاڵێک کە لای ڕوشدی و لەم کتێبەدا جێگەی سەرنج بوو ئەوە بوو دوای ئەو هەوڵە تیرۆرکردنەش بەوپەڕی متمانەوە دەنووسێت “من شانازی بەو کارانەوە دەکەم کە کردوومن… ئەگەر کەسێک چاوەڕێیە پەشیمان ببمەوە با هەر لێرەدا لە خوێندنەوە بوەستێت.” ئەم پەشیمان نەبوونەوەیە سەلمێنەری ئەوەیە، کە هەرچی نووسیوە لە باوەڕەوە نووسیویەتی، ئەمەش خاڵی جیاکەرەوەی هەموو نووسەرێکی داهێنەرە لە نووسەرانی تر.
ڕەنگە من لەگەڵ بەشێک لە بیرۆکەکان و نووسینەکانیی ئەم نووسەرەدا نەبم، بەڵام بەرگریکردن لە ئازادی نووسین ئەرکی هەموو نووسەرێکە، بۆیە ئەو چەقۆیەی لە ڕوشدی درا، لەگەڵ ئەودا لە هەموو نووسەرێکی دیکەش درا، کە بڕوا بە ئازادی نووسین و بیرکردنەوە و دەربڕین هەیە. ئەوکاتەی بۆ یەکەمجار هەواڵێ تیرۆرکردنەکەیم بیست لە دڵەوە ئازارم چەشت، چونکە وەڵامی وشە چەقۆ نییە، بەڵکو تەنها وشەیە و ئەمەش پرەنسیپی مرۆڤبوونمان دیاری دەکات.
ئەم کتێبە ئەگەرچی گەشتێکی بەئازارە و خوێنەر بەو ئازار و ژانە ئاشنا دەکات، کە نووسەر چەشتوویەتی، بەڵام کۆمەڵێک وانەی گرنگیش بە خوێنەر دەدات، تا لەنێو دونیای نووسیندا هەمیشە چاوەڕێی گوڵباران نەبێت، چونکە دۆگماکان بەرلەوەی بخوێننەوە بڕیار دەدەن و حوکمی کوشتن دەردەکەن، نا ئەوەی بخوێنێتەوە و کەڵک لە خوێندنەوەکە وەربگرێت، هەرگیز نەک مرۆڤ ئاژەڵێکیش ئازار نادات.
سەلمان ڕوشدی لەدایکبووی ١٩ی حوزەیرانی ١٩٤٧ و لە مومبای لە ھیندستان لەدایکبووە و لەئێستادا لە ئینگلستان نیشتەجێیە، کەسایەتی ڕۆماننووس و نووسەری ھیندی-بەریتانی-ئەمریکییە کارەکانی ئەو یەکگرتنی ھەردوو چەشنی ڕیالیزمی سیحری و مێژووی خەیاڵییە. لەگەڵ ھەندێک چەمکی دیکە وەک کۆچکردن لە نێوان شارستانەکانی ڕۆژھەڵات و ڕۆژاوا، بەشێکی کارەکانیشی پەیوەندیدارە بە ژیانی نیمچەکیشوەری ھیندی. ئەم نووسەرە تا ئێستا ئەم سێ رۆمانەی کراون بە کوردی، کە ئەمانەن: “شەرم” وەرگێڕانی محەمەد کەریم. “منداڵانی نیوەشەو” وەرگێڕانی ئارام ڕەشید، “هاروون و چیرۆکی دەریا” وەرگێڕانی ئامانج عەزیز کەندی. هاوکات جگە لە کتێبی چەقۆ گفتوگۆیەکی درێژی لەلایەن هەمان وەرگێڕی کتێبی چەقۆوە کراوە بە کوردی و بەشێوەی نامیلکە لە دەزگای سەردەم بڵاوکراوەتەوە.

