رۆژنامەی ھەولێر

بڕوانامەی خولی “بەرپرسیاریەتی یاسایی” سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی بەخشرایە قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکانی پارێزگای هەولێر

دوێنێ، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوامی نێوان پارێزگای هەولێر و سەنتەری تەکنەلۆجیا و ڕاهێنانی ئەوروپی (ETTC)، ڕێورەسمی بەخشینی بڕوانامەی خولی بەرپرسیاریەتی یاسایی بە بەڕێوەبەری ناحیەکان بەڕێوەچوو.

ئەم خولە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی توانای کارگێڕی و یاسایی بەڕێوەبەری ناحیەکان، فراوانکردنی زانیارییان سەبارەت بە ئەرک و بەرپرسیارییە فەرمییەکانیان، و پەرەپێدانی توانایان لە جێبەجێکردنی یاسا و ڕێنماییە حکومییەکان، لەلایەن سەنتەری ETTC بە هەماهەنگی بە ڕێوەبەرایەتی دڵنیایی جۆری لە دیوانی پارێزگا ڕێکخرابوو.
لە وتەیەکدا، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، پیرۆزبایی لە بەشداربووانی خولەکە کرد و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەران و ڕاهێنەرانی سەنتەری ETTC کرد بۆ ئەو هاوکاری و هەماهەنگییە بەردەوامەی لەگەڵ پارێزگای هەولێر هەیانە. هەروەها جەختی لەسەر گرنگی ئەو جۆرە خول و بەرنامە ڕاهێنانانە کردەوە، کە ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینن لە پەرەپێدانی توانای کادیرە حکومییەکان و باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاری.
پارێزگاری هەولێر، دڵنیاییدا، کە لە داهاتووشدا هەر بەردەوام دەبن لە پشتگیری و هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە فێرکاری و ڕاهێنانییەکان، چونکە ئه‌وه‌ بنەمایەکی سەرەکیی گەشەپێدانی کارگێڕی و خزمەتگوزاریی حکوومەتە.
لە کۆتایی ڕێورەسمەکەدا، پارێزگاری هەولێر بڕوانامەکانی بەشداری بەسەر قائیمقام و بەڕێوەبەری ناحیەکاندا دابەش کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و سوودمەندییان لە زانیاری و ئەزموونەکانی ئەم خولە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان خواست.