ڕائیب جادر – هەولێر
حکوومەتی عێراق لەبەردەم قەیرانێکی قووڵی داراییدایە، ئاماژەکانیش بۆ داھاتووی مووچەخۆران زۆر دڵخۆشکەر نین، پاش ئەوەی داھاتی نەوت و ناوخۆ نەیتوانی فاتوورەی زەبەلاحی مووچە پڕ بکاتەوە کە مانگانە نزیکەی ٨ ترلیۆن دینارە، بەغدا پەنای بۆ قەرزی دەرەکی بردووە، بەڵام داواکارییەکەی لەلایەن وڵاتان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕەت کرایەوە، ئەوەش مەترسی ڕاستەوخۆی لەسەر جووڵەی بازاڕ و قووتی ھاووڵاتییان دروست کردووە.
ئابووریی عێراق بەھۆی پشت بەستنی تەواوەتی بە داھاتی نەوت و دابەزینی نرخەکانی لە بازاڕەکانی جیھاندا و گرتنی گەرووی ھورمز و ھەروەھا سنووردارکردنی پشکەکانی لەلایەن ڕێکخراوی ئۆپیکەوە، ڕووبەڕووی مەترسیی کەمبوونەوەی داھات و کورتھێنانی گەورە بووەتەوە، ئەمەش حکوومەتی لەبەردەم قەیرانێکی قووڵی داراییدا داناوە کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر خەرجییە گشتییەکان و مووچە دەبێت.
زیاتر لە ٩٠%ی داھاتی گشتیی عێراق لە فرۆشتنی نەوتەوە دێت، ھەر گۆڕانکارییەک لە نرخ و زیاتر پەرەسەندنی شەڕی ئەمریکا و ئێران ڕاستەوخۆ بودجەی گشتی ئیفلیج دەکات، رێژەی بەرزی خەرجییەکانی کارکردن و زۆری مووچەی فەرمانبەران، داھاتی نەوت وای لێھاتووە بەشی مووچەی فەرمانبەران ناکات.
لە عێراق زەنگی ئاگادارکردنەوە لێ دراوە. د. دانەر عەبدوڵغەفار، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، نھێنییەکی پشت دەرگا داخراوەکان ئاشکرا دەکات و دەڵێت: خەزێنەی عێراق کورت دەھێنێت و وڵاتانیش دەرگای قەرزیان بەڕووی ئەو وڵاتەدا داخستووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، دەشڵێ: ئەمڕۆ یەکێک لەو کێشە گەورانەی لەبەردەم عێراق ئەوەیە ناتوانێت قەرز بکات، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ئەو وڵاتانە دەڵێن ئێوە شەڕمان لەگەڵ دەکەن درۆن و مووشەکان تێدەگرن، چۆن دەتوانین قەرزتان پێ بدەین، بۆیە دەبێت ئەو کێشەیە چارە بکرێت، حکوومەت دەستی پێ کردووە، ڕاستە ئاسان نییە، بەڵام دەبێت پێداگری بکات و بەردەوامیش بێت لەسەری.
عێراق متمانەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێدانی قەرز لە دەست دەدات، ئابووریناسان، پێیانوایە، ڕەتکردنەوەی قەرزەکان سەرەتای قەیرانێکی قووڵترە لە سیستەمی دارایی وڵات.
ئابووریناسان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، قەیرانێک ھەیە لە عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ چارەنەکراوە، ئایا دەکرێت ئەم وڵاتە تەنیا پشت بە نەوت ببەستێت، ئەمە زۆر ترسناکە، ئێستا دەبینین نەوت ھەناردە ناکرێت و گەرووی ھورمز داخراوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت ئابووریی عێراق ھەمیشە ترسی لەسەرە.
لە لایەکی دیکەوە، بەپێی داتاکانی بانکی ناوەندی، بڕی نەختینەکە لە 1.907 تریلیۆن دینارەوە لە کۆتایی کانوونی یەکەمی 2025، بۆ 566 ملیار دینار لە کۆتایی نیسانی 2026 دابەزیوە.
بانکی ناوەندی، ئاماژەی بەوەشداوە، رەوتی دابەزینی نەختینەکە بەو شێوەیە بووە کە لە کۆتایی کانوونی دووەمی 2026دا بۆ 1.524 تریلیۆن دینار کەمبووەتەوە، پاشان لە کۆتایی شوباتدا گەیشتووەتە 1.005 تریلیۆن دینار و لە کۆتایی ئاداریشدا زیاتر دابەزیوە بۆ 849 ملیار دینار، تا دواجار لە کۆتایی نیساندا گەیشتووەتە نزمترین ئاستی کە 566 ملیار دینارە.
ئەم ئامارانە دەریدەخەن کە نەختینەی ناو گەنجینەی بانکی ناوەندی لە ماوەی ئەو چوار مانگەدا نزیکەی 1.341 تریلیۆن دیناری لەدەستداوە، ئەمەش بە واتای دابەزینی رێژەی 70.3% دێت لە بەراورد لەگەڵ ئاستی کۆتایی ساڵی 2025دا.
سەرەڕای ئەوەی ئەم ئاستەی ئێستا هێشتا بەرزترە لەو ئاستەی لە کۆتایی ساڵی 2023دا تۆمارکرابوو کە 323 ملیار دینار بوو، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ کۆتایی ساڵی 2024دا کە تێیدا بڕی نەختینەکە 2.092 تریلیۆن دینار بوو، دابەزینێکی بەرچاو بە رێژەی 72.9% بەدی دەکرێت.
هەرچەندە، لەم کاتەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانێکی سەرکەوتووی بۆ ئەمریکا هەبوو، پێدەچێت بەرهەمی سەردانەکە لە داهاتوودا دەربکەوێت و ئەمریکا هاوکاریی دارایی عێراق بکات، وەک ئەوەی لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی هەولێردا خرایەڕوو، لە ئاکامی سەردانەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا، بە گشتی چل و هەشت گرێبەست لەگەڵ حکوومەتی عێراق و کۆمپانیاکان لە بوارە جیاوازەکاندا واژۆ کراوە کە ژمارەیەک لەو گرێبەستانە ستراتیژین و عێراق لە بواری بەرهەمهێنان و گەشەپێدانی ئابووری و فراوانکردنی خزمەتگوزاری دەخەنە قۆناغێکی نوێوە.
یەکێک لەو کۆمپانیا گرنگانەی گرێبەستی لەگەڵدا کراوە ستارلینکە و لە داهاتوودا ئەو کۆمپانیایە سەتەلایتەکانی بە ئاسمانی عێراقدا بڵاو دەکاتەوە و خەڵک دەتوانن راستەوخۆ سوود لە خزمەتگوزارییەکانی وەربگرن و بە خێراییەکی بەرز سوود لە ئێنتەرنێت وەربگرن.
هاتنی ستارلینک بۆ ناو بازاڕەکانی عێراق مەیدانی رەکابەریی کۆمپانیاکان زیاتر دەکات و چاوەڕوان دەکرێت خەڵک بە نرخێکی کەمتر سوود لە ئێنتەرنێتی خێراتر وەربگرن. هەبوونی ئەو سیستمە لە عێراق هەنگاوێکی گرنگە لە گەشەپێدانی تەکنەلۆجیای زانیاری و بەهێزکردنی ژێرخانی ئەلیکترۆنی.

