خوسرهو جاف
ماوەیەک لەمەوبەر ناسراوێک ھات بۆ لام وتی: برا من تەواو ڕۆمانەکانتم خوێندووەتەوە جۆراوجۆرن، بەڵام لێرەولەوێ سەرجەم ئومێدی تیادا دیارە؛ لەوانە گوزەشتە، زۆر نووسهر دەناسم ئێستا کوردیزانە سەرەتا خوێنەری ڕۆمانەکانی تۆ بوونە، پێم سەیرە ئێستا لە بڕێك لە نووسینەکاندا ڕەشبینی و نائومێدیی تیادا دیارە. دەتوانم بپرسم ھۆکاری سەرەکیی ئەو ڕەشبینیەی لە چیدایە؟
تۆزێک تێڕامام، ویستم وەڵامی نەدهمەوە، سەرئەنجام وتم:
برادەر: من ڕەشبین نیم و باوەڕ بکە ئەو ڕەنگئامێزیەی لە وڵاتەکەمدا دەیبینم لە کەم تابلۆیدا بەرچاو دەکەون. شتێکە وا بڕوا خەریکم دەکەومە لێواری ھەڵدێرگای نائومێدی، دەبێ ئەوە بزانی نائومێدی لەگەڵ ڕەشبیندا جیاوازە؛ نائومێدی زادەی کاروکردەوەی چوارتەنیشتە، ڕەشبینی بەشێکە لە خولیای سایکۆلۆژی، بەلای چاوساقانی دنیای بواری سایکۆلۆژییەوە تیمار و چارەسەر دەکرێت، ئیدی ئەوە نەخۆشییە، بەڵام نائومێدی، کار و کردەوە و ڕەفتارە، کردارە، گوفتارە، کە ڕۆژانە دەبینێت و دەبیستێت. من و تۆش تەماشاکەرین و ھیچمان پێ ناکرێ، نامەوێ پەنجە لەسەر ھۆکارەکانی شێواندنی (ئومێد) دانەم، ھەر نەبێ ئێستا.
پێشم وانییە تەمەنێکی ئەوتۆم بۆ مابێتەوە و خۆم ھەڵگرم بۆ ئەو سەردەمە؛ ئیتر ژیانم پڕه لە ئاشوفتەگی و ئاڵۆزیی فکری، بۆیە ئەگەر کابرایەکی وەک تۆ ئەو پرسیارت نەکردبا ڕەنگە ئاماژەم بۆ نائومێدیەکەش نەکردبا؛ من ئەوەم لا ڕوونە کەسێکی وەک تۆ تا ڕادەیەکی زۆر پەیت بە ئاشوفتگەی دهروونم بردبێت، بەڵام لەم ڕووەوە ھەر ئەوەندە دەدوێنم.
– باشە مامۆستا ئەو بوارەی وا باست کرد بە تۆ چارەسەر دەکرێت؟
نەخێر بەندە خۆم بە (موسلح)ـی کۆمەڵایەتی نازانم، بەڵکوو خۆم بە خزمەتکاری میللەتەکەم دادەنێم، وەک دەڵێی زۆربەی ڕۆمانەکانت خوێندوەتەوە، بڕێك لەوانە ھی سەردەمی ململانێی شاراوەیە، بۆ خۆت ئەو جۆرە نووسینانە بەلاتەوە ئاشکەرایە . من تا ئەم تەمەنەم _ ھەشتا بەسەرەوەیە _ تەواوی خولیام خزمەت بە میللەتەکەم بووه، با ڕاستگۆ بم ھەموو بەشەریەت بووە، تا چ ڕادەیەک سەرکەوتوو بم وەڵامەکەی بەلای خەڵکەوەیە نەک من.
_ باشە نائومێدیەکەت بۆ پاشەڕۆژیشە؟
نەخێر بەندە ھێندە گەشبینم بە ئایندە ئەگەر بکرابایە و زانستی مرۆڤ لەو ئاستەیدا بایه، تا خۆم دەڕچاند بۆ پەنجا ساڵی داھاتوو .
_ یانی لات وایە ئێمە جارێک ماومانە تا ببینە خاوەن دەوڵەتێکی سەربەخۆ ھەرنەبێ پەنجا ساڵی ترمان ماوە؟
_ من لەوهی دڵنیام بەڵام لەم ھەلومەرج و سەردەمەیدا مەحاڵە، چونکە فەرمانڕەوایییان، بەرژەوەندییەکان لە پێشترە، تا سەربەخۆیی کوردستان بە لای زۆربەیانەوە (ھەموویان ناڵێم).
_ چی دەربارەی ڕووداوەکانی سووریا و ڕۆژئاواییەکان دەڵێی؟
_ دۆعای خێریان بۆ دەکەم و بە پیاوسالارانی کوردستانی ڕۆژئاوا ئومێدم زۆرە و دیارە سوورن لەسەر مافە ڕەواکانیان .
_ بیستوومە کەوا خەڵک پەیکەری گەورەترین قوفڵی جیهانی نەختێک تیشکمان بۆ ناخەینە سەر ئەو پەیکەرە تازەبووەی پەیکەری قوفڵ؟
_ جا باشە بۆ نا؟ بەندە؛ ناتەبایی ئێمەی کورد لە ناو خۆماندا ھی ئەمڕۆ و ھی دوێنێ نییە لە دووھەزار ساڵ کۆنترە ئێمەی کورد بەرانبەر یەک قوفڵمان کردووە ناتەباین، ناڕێکین، بۆیە دژمنە خوێریەکانمان لا بووە بە ئەسکەندەری مەکدۆنی. ھۆکارە سەرەکییەکەش دەگەڕێتەوە بۆ خۆمان. جا برادەر من ئەو پەیکەرە خەریکە تەواو دەکەم، ترسێکم لێ نیشتووه، نەھێڵن لە پایتەختی کوردستان یان سلێمانی یان دھۆک دایبنێم، ئەگەر نەیانهێڵا لەسەر شاخێکی بڵندی کوردستان دایدەنێم.
– باشە مامۆستا تۆ تەمەنت ھەڵکشاوەو کتاوخانەیەکی پۆشتە و دەوڵەمەندت ھەیە دوای خۆت چی بەسەر دێ؟
– من وجاخکوێر نیم، کچ و کوڕێکی خوێندەوارم ھەیە و، دەتوانن ئەو کتاوخانەیە بپارێزن، بێگومان وەک سەردەمی خۆم نابێت، بەڵام ماڵەکەم تەنھا کتاوخانە نییە؛ لە کاتی خۆیدا خوا لێی خۆش بێت (دلۆڤان بارزانی) ئەم مەوزووعەی لەگەڵمدا باس کردووە، لەو ڕووەوە گەیشتمە بڕیارێک ئیتر مەرگ مەودای نییە؛ ئێستاش ئەگەر (پارتی) یان ھەر دەسەڵاتدارێک بیەوێ لەم ڕووەوە لەگەڵما بدوێت ئامادەی گفتوگۆ ھەم.
_ مامۆستا دیارە خەریکی خۆکۆکردنەوەی، جارێک گوڕت پێوە دیارە، باس لە مەرگ مەکە.
_ کاکە من کابرایەکی (مەنهەجی)ـم، بێپلان ھەنگاو نانێم، گەنجیش بوومە ھەروا بوومە، من ئەگەر لە ئێستاوە بیر لە پاشەڕۆژ نەکەمەوە دوورە لە بیروڕام تا زیندووم دەمەوێ کتاوخانە و مۆزەخانەکەم بەدەست دەزگایەکی باوەڕپێکراو یان دەستێکی ئەمینەوە بێت و میللەتەکەم سوودی لێ وەرگرێت. ئەگەر کرا وای لێ دەکەم کە وتم ئەگەریش نەمتوانی و سەر نەکەوتم خۆ ھەر من دۆڕاو نیم؛ لە قووڵاییی مێژووەوە تا بە ئەمڕۆ ئێمەی کورد دۆڕاوین.
ئەم گفتوگۆیە برادەرێکی نووسهر لەگەڵما کردوویەتی؛ لای باش بوو لە دوای مەرگم بڵاوی بکاتەوە، بەڵام لەم دوادوایانەدا پەشیمان بوویەوە و پێمی وت: پێم خۆشە لە کتاوی (قوفڵ)دا بڵاو بێتەوە.

