رۆژنامەی ھەولێر

نەوت و كانزاكانی هەولێر: ئەو بەنزینەی بە 850 دەفرۆشرێت دەبێت كوالێتی زۆر باش بێت

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر سەبارەت بە بڕیاری دابەزاندنی نرخی بەنزینی بازرگانی بۆ 850 دینار، جەختی كردەوە كە نەك هەر نرخەكەی، بەڵكو دەبێت كوالێتییەكەشی بە هەمان كوالێتی ستانداری سامانە سروشتییەكان بێت، بەپێچەوانەوە هەر بەنزینخانەیەك بەنزینی خراپیش بفرۆشێت سزای توند دەدرێت و بەنزینخانەكەی دادەخرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەمڕۆ دووشەممە لە ئاگادارییەكدا بۆ بەنزینخانەكان رایگەیاند: ئاماژە بە فەرمانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، لە ئەمڕۆوە بڕیاردرا بە دیاریكردنی نرخی بەنزینی بازرگانی بە كوالێتی نۆرماڵ بۆ گشت بەنزینخانەكان، كە نابێت لە 850 دینار زیاتر بێت بۆ هەر لیترێك.

راشیگەیاند: هەر بەنزینخانەیەك سەرپێچی بكات و زیاتر لەم نرخە بەنزین بفرۆشێت، سزا دەدرێت و بەنزینخانەكەی دادەخرێت.

بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر هەروەها دەڵێت: ئەو بەنزینەی لە بەنزینخانەكان دەفرۆشرێت، دەبێت بەهەمان كوالێتی ستانداردی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بێت.

جەختیشی كردەوە كە، بەپێچەوانەوە هەر بەرزینخانەیەك بەنزینی خراپ یان كوالێتی نزم بفرۆشێت، سزای توند دەدرێت و بەنزینخانەكەی دادەخرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە رێگەی فەرمانێكی وەزارییەوە نرخی نوێی فرۆشتنی بەنزینی لە هەرێمی كوردستان دیاری کرد.

بەپێی فەرمانە وەزارییەکە بەنزین لە شارەكانی هەرێمی كوردستان بەمشێوە دەفرۆشرێت:-

1- ئەو بەنزینەی لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە دابین دەکرێت (کوالێتی نۆرماڵ)، بە نرخی 750 دینار بۆ هەر لیترێک دەدرێتە هاووڵاتییان. وەزارەت جەختی کردووەتەوە کە پڕۆسەی دابینکردنی بەنزین بەردەوام دەبێت و هەوڵ دەدرێت زۆرترین بڕی بەنزین بخرێتە بازاڕەکانەوە.

2- نرخی فرۆشتنی بەنزینی کوالێتی (نۆرماڵ) لە بەنزینخانە بازرگانییەکاندا (تیجاری)، نابێت لە 850 دینار بۆ هەر لیترێک زیاتر بێت. هەر بەنزینخانەیەک پابەند نەبێت و بە نرخێکی گرانتر بیفرۆشێت، ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی یاسایی توند دەبێتەوە.

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم بڕیارانە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی سووتەمەنی و کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان.

وەزارەت جەختیشی كردەوە كە ئەم فەرمانە لە ڕێکەوتی دەرچوونییەوە (ئەمڕۆ دووشەممە) کاری پێ دەکرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە.