ئالا تاهیر
میدیا لە ئێستادا یەکێکە لە کاریگەرترین هێزەکانی دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی؛ چونکە لە ڕێگەی گەیاندنی زانیاریی دروست و بابەتە هۆشیاریبەخشەکانەوە، ڕۆڵێکی بەرچاوی لە پێشخستنی کۆمەڵگە، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و پتەوکردنی هەستی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕێت. هەر بۆیە، ئەو میدیایانەی پەیامەکانیان لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی، بەرپرسیارێتی و خزمەتکردنی هاووڵاتییان بنیات دەنێن، کاریگەرییەکی گەورەیان لە دروستکردنی بیرکردنەوەی هۆشیارانە و کەلتووری گفتوگۆدا هەیە.
ڕۆژنامە و ڕادیۆی هێلینیش وەک یەکێک لەو میدیایانە، بە هەوڵی بەردەوامی خۆی خزمەتی بابەتە کۆمەڵایەتی و هۆشیاریبەخشەکان دەکات. بۆ ئەوەی زیاتر ڕۆڵ و کاریگەریی ئەم میدیایە لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا بخەینە ڕوو، لێدوانی دوو کەسایەتیی ڕۆشنبیرمان وەرگرتووە تا تێڕوانین و بۆچوونیان لەسەر ئەم بابەتە بخەنە ڕوو.
“ئومێد گەیلانی”، ڕاهێنەری نێودەوڵەتیی گەشەپێدانی مرۆیی، لەم بارەیەوە بۆ (هێلین میدیا) گوتی:
“لە سەردەمێکدا کە زانیاری بە خێرایی بڵاو دەبێتەوە، میدیای بەرپرسیار ڕۆڵێکی گرنگ لە دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیدا دەگێڕێت. ڕۆژنامە و ڕادیۆی هێلین، وەک یەکێک لە دەنگە ناسراوەکانی میدیای کوردی، هەوڵی داوە لە ڕێگەی بەرنامە، ڕاپۆرت، گفتوگۆ و بابەتی ڕۆشنبیرییەوە، خزمەت بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریی هاووڵاتییان بکات.
ئەم دامەزراوە میدیاییە گرنگی بە بڵاوکردنەوەی ڕاستییەکان، پاراستنی بەرژەوەندیی گشتی و هاندانی ڕۆحی هاوبەشی و یەکترقبووڵکردن دەدات. هەروەها بە پێشخستنی بابەتەکانی پەروەردە، تەندروستی، ژینگە، مافی مرۆڤ، گەنجان و ئافرەتان، بەشێکی گرنگ لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و بەرپرسیار دەبینێت.
ڕادیۆی هێلین بە نزیکبوونەوە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، دەنگی هاووڵاتییان دەگەیەنێت و هانی گفتوگۆی شارستانی و چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەدات. لە هەمان کاتدا، ڕۆژنامەی هێلین بێلایەنانە ڕووداوەکان شی دەکاتەوە و هەوڵ دەدات خوێنەر بگەیەنێتە تێگەیشتنێکی قووڵتر لە ڕووداو و گۆڕانکارییەکان. ئەگەر میدیا بتوانێت ڕاستگۆیی، بێلایەنی و بەرپرسیارێتیی پیشەیی بپارێزێت، دەبێتە هێزێکی کاریگەر بۆ گۆڕانکاریی ئەرێنی لە کۆمەڵگەدا.”
خاتوون “جوان خەلیل ئیسماعیل”، جێگری بەڕێوەبەری کار و ڕاهێنانی پیشەییی سۆران، بۆ (هێلین میدیا) دوا و وتی:
“لە سەردەمی ئێستادا، میدیا تەنها ئامرازێک بۆ گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو هێزێکی کاریگەرە بۆ دروستکردنی هۆشیاری، پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ئاراستەکردنی بیرکردنەوەی کۆمەڵگە. میدیای بەرپرسیار ئەوەیە کە دەنگی ئەوانە بێت کە پێویستیان بە پشتگیرییە و ببێتە بەشێک لە چارەسەری کێشەکان، بەتایبەت دۆسیەکانی ئافرەتان، نەک تەنها گواستنەوەی ڕووداوەکان.
ڕۆژنامە و ڕادیۆی هێلین لە ماوەی کارکردنیاندا هەوڵیان داوە، لەپاڵ بڵاوکردنەوەی هەواڵدا، هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، ڕۆشنبیری و بەهای مرۆیی بەرز بکەنەوە. یەکێک لە گرنگترین بابەتە کۆمەڵایەتییەکان کە پێویستی بە گرنگیدانی بەردەوام هەیە، پاراستنی مافی ئافرەت و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ئافرەتانە. توندوتیژی تەنها بریندارکردنی جەستە نییە؛ سووکایەتی، فشاری دەروونی، قەدەغەکردنی مافەکان و زۆرملێکردن، جۆرەکانی توندوتیژین کە کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر تاک، خێزان و کۆمەڵگە هەیە.
لێرەدا ڕۆڵی میدیا زۆر گرنگ دەبێت. کاتێک ڕۆژنامە و ڕادیۆی هێلین بابەتە تایبەتەکانی مافی ئافرەت، یاساکان، چیرۆکی سەرکەوتن و ڕێنماییە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش دەکات، هۆشیاریی گشتی بەرز دەکاتەوە و هانی قوربانیانی توندوتیژی دەدات بۆ ئەوەی بێدەنگ نەبن. هەروەها، پێشخستنی وێنەیەکی ئەرێنی لە تواناکانی ئافرەتان و بایەخدان بە بەشداریی ئەوان لە ژیانی سیاسی، ئابووری و پەروەردەییدا، یارمەتیدەرە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر.
هێلین دەتوانێت بە پێشکەشکردنی بەرنامەی تایبەت بۆ پەروەردەی خێزان و فێرکردنی کولتووری ڕێز و لێبوردەیی، ڕۆڵێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی توندوتیژیی خێزانی و پتەوکردنی بنەمای خێزاندا بگێڕێت. کۆمەڵگەیەکی بەهێز ئەوەیە کە ئافرەت تێیدا بە ئارامی و ئازادی بژی، هێلینیش دەتوانێت یەکێک بێت لەو دەنگانەی هیوای گۆڕانکاری و هۆشیاری دەگەیەنن.”

