كارزان گلی – ههولێر
شاندێكی باڵای دەم پارتی، سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپەیان كرد، باسیان لە چۆنیەتیی دەركردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بە چەكدارانی پەكەكە و پرسی چارەسەری كورد كرد، كە دەبوایە چەند مانگێك بەر لە ئێستا ئەو یاسایە دەربكرێت. دەم پارتی، هەموو هەوڵێك دەدات تا بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە ئەو یاسایە دەربكرێت، بەڵام ئاكەپە لەوەیاندا خۆی دەدزێتەوە و دەیەوێت بیخاتە دوای پشووی پەرلەمان.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دەم پارتی، دەبوایە ئەو پڕۆژەیاسایەی لەناو پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، چەند مانگێك بەر لە ئێستا بگەیشتایەتە دەستی عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بەڵام نەگەیشتووە، ئەمەش ئەوانی نیگەران كردووە، بۆیە روویان لە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە كردووە بۆ ئەوەی پەلە بكرێت لە دەركردنی یاسا.
شاندی دەم پارتی، هەر یەك لە (پەروین بوڵدان، مەدحەت سانجار و فایق ئێڕۆڵ) بوو، دوای ئەوەی قسەیان لەگەڵ باخچەلی كرد، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیاندا، كۆبوونەوەكە ئەرێنی بووە و ئەوان داكۆكی دەكەن كە بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە ناو پشووی هاوینە، ئەو پرۆژەیاسایە تێپەڕێنرێت و ببێتە بە یاسا.
دەم پارتی، وەكوو ئەوەی باسی دەكەن، داوایان لە باخچەلی و چەند بەرپرسێكی ئاكەپە كردووە، لە كۆتایی مانگی تەمووز، پڕۆژەیاسای تایبەت پرسی چارەسەری بهێنرێتە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر لەو مانگەش نەکرا دەقی یاساكە تەواو بكرێت، لە سەرەتای مانگی هەشت كاتێكی باشە، چونكە لە مانگی نۆدا، پەرلەمان دەچێتە پشوو، ئەمەش زیان بە پڕۆسەكە دەگەیەنێت.
چەند بەرپرسێكی ئاكەپە، قسەیان بۆ ئاژانسی (BBC)ی توركی كردووە و ئاشكرای دەكەن، مەتنی یاسای تایبەت بە پرسی چارەسەری و چەكدارانی پەكەكە ئامادەیە و تەواو بووە، بەڵام تاوەكوو ئێستا رێككەوتنی كۆتایی لەسەر نەكراوە، ئەگەر ئەو رێككەوتنە لە ماوەیەكی نزیكدا بكرێت، دەتوانن بەر لەوەی پەرلەمان بچێتە پشووی هاوینە، پڕۆژەیاسایەكە بهێننە پەرلەمان و دەنگی لەسەر بدەن.
بە گوێرەی زانیارییەكان، لەم هەفتەیەدا نوعمان كورتولمووش، سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، ئەو پڕۆژەیاسایە دەباتە لای پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان و دەیانەوێت مەتنەكە و یاسایەكە بۆچوونی هەموو لایەنەكانی لەسەر وەربگیرێت و هەروەها هەموو پارتە سیاسییەكان رەزامەندی نیشان بدەن، نەك تەنیا سێ پارتی ناو پەرلەمان.
ئەگەرچی جەهەپە، هەر لە سەرەتاوە تێبینی زۆری لەسەر پرسی چارەسەری هەبوو، بەڵام دەرگایان دانەخستووە بۆ ئەوەی ئەو یاسایەی ئامادە كراوە گفتوگۆی لەبارەوە بكەن.
دوای ئەوەی كورتولمووش بۆچوونی هەموو پارتەكانی وەرگرت و یاسایەكە بە كۆی دەنگ قبوڵ كرا، ئەوكات شاندێكی دەم پارتی دەچنە لای ئۆجەلان و ئەو یاسایەی ئامادە كراوە نیشانی دەدەن و بۆچوونی ئەویش لەوبارەیەوە وەردەگرن، ئەگەر هیچ تێبینی و سەرنجێكی لەسەر نەبوو، ئەوكات لەناو پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێت، بەڵام دەم پارتی لەگەڵ ئەوەدایە، بۆچوونی تەواوی پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان وەربگیرێت، بەتایبەت جەهەپە، چونكە پرسێكی گرنگی وەكوو پرسی چارەسەری كورد، ناكرێت ئۆپۆزسیۆن رۆڵی تێدا نەبێت.
ئەوەی بووەتە خاڵی ناكۆكی لە نێوان دەم پارتی ئاكەپە ئەوەیە، ئاكەپە داوا دەكات ئەو چەكدارانەی پەكەكە كە دەستیان لە تاوان هەیە لێبوردنی گشتی نەیانگرێتەوە، ئەوانەشی تاوانیان نەكردووە دەتوانن بگەڕێنەوە ناو ژیانی ئاسایی، بەو مەرجەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ نەتوانن سیاسەت بكەن و لەژێر چاودێری ئاساییشدا بن.
هەروەها ئاكەپە و مەهەپە دەڵێن، تاوەكوو ئێستا پەكەكە بە كردار چەكی دانەناوە، دەبێت هەموو چەكەكان دابنێت و میتی توركیا بزانێت ئەوان چەكیان فڕیداوە، ئەوكات یاسایەكە بچێتە بواری جێبەجێ كردن، بەڵام دەم پارتی پێی وایە، دەبێت یاسایەكە دەربچێت، ئەوكات پەكەكە بە كردار چەك دابنێت.

