رۆژنامەی ھەولێر

یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم زەیدی گرووپە میلیشیاکانە کە دۆخی عێراقیان بە تەواوی تێکداوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

کۆتایی بە گەشتەکەی عەلی فالح زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا هات کە هەفتەی ڕابردوو دەستی پێ کردبوو و لەگەڵ خۆیدا شاندێکی گەورە لە وەبەرهێنەران، بەرپرسانی باڵای حکومی و بازرگانان بەشدار بوون.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ ئەو پێشوازییە گەرمەی لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لێی کرا لە هەمان کاتدا لە چەندین ناوەندی گرنگی سیاسی و ئەکادیمی و ئابووری کۆنفرانس و کۆبوونەوەی بۆ ڕێک خرا و چەندین گرێبستی گرینگیشی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەمریکادا واژۆ کرد.
هێشتا زەیدی لە سەرەتای ئەو ڕێگەیەیە کە دەیهەوێت بیبڕێت و هەنگاوەکانی لە داهاتوودا دەیسەلمێنێت ئایا دەتوانێت بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەدا زاڵ بێت کە هیچ کام لە سەرۆک وەزیرانەکانی عێراق نەیانتوانی زاڵ ببن یان نا.
یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانی بەردەم زەیدی گرووپە میلیشیاکانە کە دۆخی عێراقیان بە تەواوی تێکداوە و زیانیان بە سامان و ئاسایشی گشتیی وڵات گەیاندووە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە دیدارەکەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ پێداگری لەوە کرد کە چەک دەبێت تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بمێنێتەوە و تا کۆتایی ئەیلوولی ئەمساڵ ئەو داواکارییەیان دەبێت جێبەجێ بکرێت کە هاوکاتە لەگەڵ کۆتاییهاتنی ڕۆڵی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق.
گرووپە میلیشیاکان بە تایبەتی ئەوانەی خۆیان بە بەرەی مقاوەمە دەناسێنن تا ئەم ساتە سوورن لەسەر درێژەدان بە چالاکییەکانیان و هیچ حسابێک بۆ حکوومەت و بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران ناکەن. ژمارەیەک لەو گرووپانە هەر بەر لە دەستپێکردنی گەشتەکەی زەیدی بۆ ئەمریکا پەیامی خۆیان بە ڕوونی ڕاگەیاند و گوتیان لسەر هەمان سیاسەت و ئامانجیان بەردەوام دەبن.
کۆتایی هەفتەی ڕابردوو لە سنووری نێوان عێراق و سووریا دەست بەسەر تانکەرێکی نەوتدا گیرا کە سەدان درۆن و بۆمب و پێداویستی سەربازی تێدا حەشار درابوو و ئامانجەکە ئەوە بووە هەموو ئەو چەکانە بۆ حزبوڵای لبنان بگوازرێنەوە.
ئەمە بە واتای ئەوە دێت گرووپەکان هەمان ڕۆڵی مێژوویی خۆیان دەگێڕن و بە هیچ شێوەیەک گوێ بە بەرژەوەندییە نیشتانییەکانی عێراق نادەن.
پرسەکە تەنیا گواستنەوەی چەک نییە بەڵکوو هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کە گەڕێکی نوێی جەنگ لە نێوان ئێران و ئەمریکادا دەستی پێ کردووە دیسان گرووپە میلیشیاکا بەخۆ کەوتوون و هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکەن.
ئەوان دەیان درۆنیان ئاراستەی شوێنە گشتییەکان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان کردووە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان چ لە شەڕەکانی ڕابردوو و چ لەم شەڕەدا لایەنێک نەبووە لەجەنگ و بەرپرسانی باڵای هەرێمی کورستان بەردەوام پێداگرییان لەوە کردووە لایەنەکانی جەنگ لە ڕێی دانوستاان و گفتوگۆوە کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن. گرووپە میلیشیاکان جارێکی دیکە بوونەتە هەڕەشە بۆ سەر ژێرخانی وزە و ئاوەدانکردنەوە و بەرپرسیارێتیی سەرەکیی ئەو دۆخەش لەسەر شانی حکوومەتی فیدراڵییە چونکە هەر ئەو گرووپانە مانگانە پێشی وەزارەتەکانی دیکە موچەیان وەردەگرن و لەسەر سامانی گشتیی وڵات دەژین.
ئاڵنگارییەکی دیکەی بەردەم عەلی زەیدی بریتییە لە پاراستنی سامانی گشتیی عێراق و کۆکردنەوەی داهاتەکان بە ئامانجی چارسەرکردنی قەیرانی خزمەتگوزاری بەتایبەتی کارەبا و ئاو. هەڵمەتەکانی دەستبەسەرداگرتنی گەندەڵکاران و ئاشکراکردنی بەشێک لە سەرچاوەکانی گەندەڵی کە لە حکوومەتی زەیدیدا جێبەجێ کراوە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنررێت کە سامانی عێراق ب ەتاڵان بردراوە و کەسایەتی و بانک و دامەزراوەکان ڕۆڵیان هەبووە لە سپیکردنەوەی پارە و تەخشان و پەخشانکردنی داهاتەکانی دەوڵەت و گەندەڵی و گواستنەەوەی پارە بۆ دەرەوەی وڵات یان شاردنەوەیان لە ژێر زەوی و شوێنی نائاسایی.
هەر هەفتەی ڕابردوو لە هەرێمی کوردستان دەست بەسەر سەدان کیلۆگران زێردا گیرا کە ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی کرا کە بەشێک بوو لە تۆڕی گەندەڵیی بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق.
زەیدی گەڕاوەتەوە و کاتی ئەوە هاتووە قۆڵی هیممەت هەڵماڵێت و بەسەر ئەو ئاڵنگارییانەدا زاڵ بێت و عێراق بخاتە قۆناغێکی نوێی گەشەسەندن و لە ئاگری جەنگ و هەژموونی سیاسیی وڵاتان دووری بخاتەوە. ئەگەر زەیدی لەم هەنگاوەیدا سەرکەوێت مێژوویەکی نوێ بۆ خۆی بۆ عێراقیش تۆمار دەکات و ئەگەریش شکست بێنێت ئەوا چیرۆکی حکوومەتی لاواز و دەوڵەتی قووڵ دووبارە دەبێتەوە.