كارزان گلی – ههولێر
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، واتە لە دوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١/٣/٢٠٢٤ زیاتر لە ٤٠ سەرۆك شارەوانیی شار و قەزاكان دەستگیر كراون و قەیوم لەسەر شارەوانییەکەیان دانراوە، كە بەشێكی زۆریان جەهەپەن.
بە گوێرەی ئەو بەدواداچوونەی ئاژانسی (BBC) توركی كردوویەتی، لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٤٠ سەرۆك شارەوانیی شارەكانی وەكوو (ئیستانبۆڵ، مێرسین، ئەدەنا، ئەنتاڵیا…هتد) دەستگیر كراون و بەشێكیشی شارەوانییەكانیان قەیوم كراوە.
لەو رێژەیە ٣٤ سەرۆك شارەوانیی سەر بە جەهەپەن، كە زۆربەیان تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ، گەندەڵییان لە شارەوانییەكانیاندا كردووە، هەروەها ١٠ سەرۆك شارەوانیش سەر بە دەم پارتین و یەك دانەش سەر بە ئاكەپەیە.
ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵ سەرۆك شارەوانییەكانی دەم پارتی، پەیوەندیكردنیانە بە پەكەكە و وەكوو تیرۆرست ناویان دەهێنن، واتە ئەوانەی دەم پارتی سیاسین، بەڵام هەموو ئەو شارەوانیانەی سەر بە جەهەپە كە قەیوم كراوە و سەرۆك شارەوانییەكەش دەستگیر كراوە، بە تۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی رەشوە بووە.
ئەوەی زۆر قسەی لەسەر دەكرێت، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانیی ئیستانبۆڵە، كە بەتۆمەتی گەندەڵی و وەرگرتنی رەشوە دەستگیر كراوە.دەستگیركردنی ئیمامئۆغڵو، بەلای زۆرێك لە سیاسی و شرۆڤەكارانی ناوەخۆیی توركیا و بیانی، ئیمامئۆغڵو دۆسییەكەی سیاسییە نەك یاسایی، چونكە ئەو ركابەرێكی سەرسەختی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بوو، بۆیە بەبەهانەی گەندەڵی، دەستگیریان كرد، تا لە هەڵبژاردنی داهاتوو نەتوانێت ببێتە بەربژێری جەهەپە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی.
هەروەها ئەحمەد تورك، كە سێ هەڵبژاردن لەسەر یەك، توانی دەنگی پێویست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆكی شارەوانیی مێردین، بەڵام هەرسێ جارەكە قەیومیان لەسەر شارەوانییەكەی دانا و بۆ خۆشیان دەستگیر كرد، بەڵام بەهۆی خراپی تەندروستیی، لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، بەكەفالەت ئازاد كرا.
محەمەد ئاكش، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، لەسەر لیستی دەم پارتی بووە سەرۆكی شارەوانیی هەكاری، بەڵام بەهۆی دۆسییەكی لە ٢٠١٤، كە تۆمەتبار كرابوو بەوەی ژێر بەژێر پەیوەندیی لەگەڵ پەكەكەدا هەیە و پارەیان بۆ دەنێرێت، بۆیە دەستگیریان كرد و شارەوانییەكەشیان قەیوم كرد و لە شوێنی ئەو پارێزگاری هەكاریان كردە سەرۆكی شارەوانی.
دەم پارتی، داوا دەكات هەموو ئەو شارەوانییانەی دەم پارتی قەیومی لەسەر دانراوە بگێردرێتەوە بۆ دەم پارتی، چونكە پرۆسەی ئاشتی لەگۆڕێیە و ناكرێت لە لایەك باسی ئاشتی بكرێت و لەگەڵ پەكەكە لە پەیوەندیدا بیت، لەلایەكی تر، بە تۆمەتی ئەوەی سەر بە پەكەكە بیت دەستگیرت بكەن و شارەوانییەكەیشت قەیوم بكەن.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، چەند مانگێك بەر لە ئێستا گوتی، پێویستە ئەحمەدەكان ببنەوە سەرۆكی شارەوانیی و دەمیرتاشەكانیش بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆیان.
بەڵام تاوەكو ئێستا نە ئەحمەد تورك بووەتەوە بە سەرۆكی شارەوانیی مێردین و نە سەلاحەدین دەمیرتاشیش ئازاد كراوە.

