ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
ئەرجەنتین و ئینگلتەرا، لە مۆندیالدا مێژووییەکی پڕ لەکێشەیان هەیە، دوو سەرسەخترین هەڵبژاردەن لە دژی یەکتر، پێشتر لە قۆناغی هەشتی مۆندیالی 1986 کە دییگۆ مارادۆنا گۆڵێکی بە دەست کرد و تا ئێستا ئینگیزەکان بە ئازاری ئەو گۆڵە دەناڵێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 15 تەمووزی 2026، لە یاریی پێشکۆتایی مۆندیالی 2026، لە یاریگەی (مێرسیدێز بێنز) لە ئاتڵانتا هەڵبژاردەکانی ئەرجەنتین و ئینگلتەرا لە کاتژمێر 10:00ـی شەو بەیەکدەگەن.
ئەرجەنتین لە دوایین یاری بە بردنەوەی 3-1 لە کاتی زیادکراودا لە دژی سویسرا گەیشتە پێشکۆتایی مۆندیال، گۆڵەکانیش خولیان ئالڤارێز، ئالێکسیس ماک ئالیستەر و لاوتارۆ مارتینێز تۆمارکردن و سەلماندیان لەڕووی هێرشبەرییەوە تۆقێنەرن.
لە لایەکی دیکەیشەوە، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا 2-1 شکستی بە نەرویج هێنا و گەیشتە ئەم قۆناغە، جود بێلینگهام هەردوو گۆڵی ئینگلیزەکانی تۆمارکرد و تا ئەم کاتە یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی مۆندیال.
ئەرجەنتین، هێشتا پشت بە توانای تاکەکەسی یاریزانەکانی دەبەستێت لە سەرووی هەموویانەوە لیۆنێل مێسی، خولیان ئالڤارێز و لاوتارۆ مارتینێز.
هەڵبژاردەی ئینگلتەراش، ناوەڕاستێکی بەهێزی بە سەرۆکایەتی جود بێلینگهام و دێکلان ڕایس هەیە، هەروەها خێرایی لە باڵەکاندا یەکێکە لە چەکە تۆقێنەرەکانی ئینگلیزەکان، بەڵام بەپێی راپۆرتە شیکارییەکان لای ڕاستی بەرگریی ئەرجەنتین کێشەی تێدایە و ئەمەش دەرفەتێکە بۆ ئینگلیزەکان بە خێرایی هێرش ببەن و گورزی خۆیان بوەشینن.
هەرچەندە بەشێک لە شرۆڤەکارن پێیانوایە، یارییەکەی ئینگلتەرا و ئەرجەنتین تارادەیەک هاوسەنگ دەبێت. ئەرجەنتین لە ڕووی ئەزموون و چارەسەر و ساتە چارەنووسسازەکان بەهێزە، بەڵام ئینگلتەرا بەهۆی خێرایی و هێزی جەستەیی و دەرکەوتنی بەهێزی جود بێلینگهام هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ بەرگریی ئەرجەنتین.
خاڵە بەهێزەکانی ئەرجەنتین
ـ ئەزموونی گەورە لە یارییە گەورەکان و ڕووحی پاڵەوانی.
ـ لیۆنێل مێسی هێشتا دەتوانێت بە یەک پاس یان یەک بڕیار ئاراستەی یاری بگۆڕێت.
ـ لاوتارۆ مارتینێز و خولیان ئالڤارێز لەکاتی هێرشبردندا دووانەیەکی زۆر ترسناک پێکدەهێنن.
ـ ناوەڕاستکاری ئەرجەنتین ئالێکسیس ماک ئالیستەر توانای دەست بەسەرداگرتنی یاریگە و دروستکردنی هەلی گۆڵی هەیە.
ـ سکاڵۆنی وایکردووە لەوکاتانەی تیمەکە فشاری لەسەرە، ئارامتر دەربکەون و مامەڵەیەکی ژیرانە لەگەڵ دۆخە قورسەکان بکەن.
خاڵە لاوازەکانی ئەرجەنتین
ـ لای ڕاستی بەرگری هەندێک جار بۆشایی تێدا دروست دەبێت و دەتوانرێت بکرێتە ئامانج.
ـ ناوەراستکارەکانی ئەرجەننتین زۆرجار خێرایی لەدەست دەدەن و توانای جەستەییان دادەبەزێت.
ـ ئەرجەنتین زۆرترینجار پشت بە توانای تاکەکەسی مێسی دەبەستێت بۆ ئەوەی رزگاریان بکات.
ـ ئەوکاتانەی مێسی تۆپی لا نییە بەرگری ناکات، ئەمەش بەسوود بۆ ئینگلیزەکان دەشکێتەوە.
خاڵە بەهێزەکانی ئینگلتەرا
ـ جود بێلینگهام لە باشترین سەردەمی خۆیدایە و کاریگەری گەورەی لە ناوەڕاست دروست کردووە.
ـ دێکلان ڕایس لە پاراستنی هێڵی ناوەڕاست و پچراندنی هێرشەکانی بەرامبەر زۆر کارامەیە.
ـ بەهێزی لە باڵەکان بەتایبەتی لە گواستنەوەی تۆپەکان بەخێرایی و گۆڕینیان بە ئاراستەی پێشەوە.
ـ بەهێزی لە لێدانی تۆپە جێگیر و وەستاوەکان و تۆپە ئاسمانییەکان.
خاڵە لاوازەکانی ئینگلتەرا
ـ هەندێک جار لە کۆتایی یارییەکاندا ئاستی یاریزانەکان دادەبەزێت و توانای داهێنان و هێرشبردنیان کەم دەبێتەوە.
ـ هێشتا توانای هێڵی پێشەوەی ئینگلتەرا نیشانەی پرسیاری لەسەرە، بە تایبەتی لای ڕاست.
ـ ئەگەر بێلینگهام و ڕایس لە ناوەڕاستدا بکەونە ژێر فشار، دەبێتە مەترسی لەسەر هێڵی بەرگری ئینگلتەرا.
ـ ئینگلتەرا لەگەڵ ریتمی یاریکردنی خاو مەترسی دەکەوێتە سەر، لە بەرامبەردا ئەرجەنتین لە دۆخی ئارامی دا مەترسی زیاترە.
ئاماری رووبەڕووبوونەوەکانیان لە مێژوودا
بە شێوەیەکی گشتی، هەڵبژاردەی ئینگلتەرا ئاماری باشترە، بەڵام ئەرجەنتین لە مۆندیال و یارییە گرنگەکاندا بە خراپی ئازاری ئینگلیزەکانی داوە، بە تایبەتی بردنەوەی لە مۆندیالی 1986 و بردنەوەی بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان لە مۆندیالی 1998.
بە گشتی، ئینگلتەرا و ئەرجەنتین 14 جار رووبەرووی یەکتربوونەوە، ئینگلتەرا شەش یاری بردووەتەوە، لە بەرامبەردا دوو یاری دۆڕاندووە و 5 یاریش بە یەکسانبوون کۆتایی هاتووە.
ئامارەکانیان لە مۆندیالی 2026
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە مۆندیالی 2026 شەش یاری کردووە، هەر شەش یارییەکەی بردووەتەوە، 17 گۆڵی تۆمار کردووە م 8 گۆڵی لێکراوە.
بردەنەوەکانی ئەرجەنتین بەرامبەر کاپ ڤێردی، جەزائیر، ئوردن، نەمسا، میسر و سویسرای بردەوە.
لیۆنێل مێسی کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بە تۆمارکردنی 8 گۆڵ هاوشانی کیلیان ئێمباپێ لوتکەی گۆڵکارانی مۆندیالیان گرتووە.
لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئینگلاند لە مۆندیالی 2026 شەش یاری کردووە، 5 سەرکەوتن م یەکسانبوونێکی هەیە، هاری کەین و بێلێنگهام هەریەکەیان شەش گۆڵیان لەم مۆندیالە کردووە.

